ته‌ندروستیی جیهانی: گه‌رماى به‌رز له‌ كۆرۆنا رزگارمان ناكات

هەشت ناوچەی عێراق لە ڕیزبەندی دە گەرمترین ناوچەكانی جیهان دان

رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانی له‌ راپۆرتێكدا باس له‌وه‌ ده‌كات، به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و خۆدانه‌ به‌ر تیشكى خۆر یارمه‌تیده‌ر نییه‌ بۆ له‌ ناوبردن و تووشنه‌بوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆیه‌ ئه‌مانه‌ چاره‌سه‌ر نین و پێویسته‌ مرۆڤه‌كان خۆپارێزی له‌هه‌مبه‌ر كۆرۆنا ئه‌نجام بده‌ن و رێنمایه‌كانى ته‌ندروستى جێبه‌جێ بكه‌ن.

رێكخراوی ته‌ندروستیی جیهانیی ده‌لێت" خۆدانه‌ به‌ر خۆر و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما بۆ زیاتر له‌ 25 پله‌ی سیلیزی و هه‌تا بۆ ماوه‌یه‌كى ده‌م درێژیش بێت، ئه‌وا مرۆڤ له‌ تووشنه‌بوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا ناپارێزێت، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتر ده‌یانگوت ئه‌گه‌ر وه‌رزى هاوین هات و پله‌كانى گه‌رما به‌رز بوونه‌وه‌ یاخۆد خه‌لك خۆى دایه‌ به‌ر تیشكى به‌تینى خۆر ئه‌وا له‌ كۆرۆنا به‌ دوور ده‌بێت، كه‌چى ئه‌م بیرۆكه‌یه‌ چه‌ند جاره‌ ره‌ِت ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ تاكه‌ رێگا بۆ خۆپاراستن له‌ كۆرۆنا ته‌نها جێبه‌جێ كردنى رێنماییه‌ گشتییه‌كانى كۆرۆنایه‌، كه‌ پێشتر له‌ هه‌موو وولاتانى جیهان بلاوكراونه‌ته‌وه‌.

ktv

رێكخراوه‌كه‌ راشیگه‌یاند"، ئه‌گه‌ر پله‌ی گه‌رما به‌رزیشبێته‌وه‌ و به‌رده‌وام خۆرهه‌تاو بێت، مرۆڤ هه‌ر مه‌ترسیی تووشبوونی به‌و په‌تایه‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ بۆ خۆپارێزی، پێویسته‌ به‌رده‌وام ده‌سته‌كان بشۆردرێت، هه‌روه‌ها ده‌ست له‌ لوت و چاو نه‌درێت و له‌ قه‌ره‌باڵغی دوور بكه‌ونه‌وه‌.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ئەمڕۆ چوارشەممە له‌ راپۆرتێكدا گرنگترین ناوچه‌ گه‌رمه‌كانى جیهان دیارى كران، كه‌ له‌و ناوچانه‌ هەشت ناوچەی عێراق لە ڕیزبەندی دە گەرمترین ناوچەكانی جیهان هاتوون.


ماڵپەڕى "ئیلدرویزه‌رى" تایبه‌ت به‌ كه‌شوهه‌واى جیهانى ئاشكرای كردووە، كە ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ گەرمترین ناوچەی جیهان ، ناوچه‌ى "هیرات" بووە لە ئەفغانستان، كه‌ پلەی گەرمییەكەی گەیشتووەتە 57.2 پله‌ى سه‌دی و له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى ئه‌فریقیاش گه‌رمتر بووه‌ .

هه‌روه‌ها دواتر ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق هاتوون، كه‌ پلەی دووەمى گەرمترین ناوچەی جیهانیان به‌ركه‌تووه‌، بە تایبەتی پارێزگای میسان كە پلەی گەرمییەكەی گەیشتووەتە 52 پلەی سەدی و هه‌روه‌ها بەغدا بە پلەی سێیەم هاتووە و گەرمییەكەی 51.8 بووە و شارى ناسریەى سه‌ربه‌ پارێزگای زیقاریش بە پلەی چوارەم هاتووه‌، كه‌ پله‌ى گه‌رمى 51 پلەی سەدی بووه‌، دواتر پارێزگای واست بە پلەی پێنجەم هاتووه‌، كه‌ پله‌كه‌ى 50,3 بووه‌.

ktv
شارۆچكه‌ى عەین تەمەریش لە كەربەلا بە پلەی شەشەم گەرمترین ناوچەی جیهان هاتووە و گەرمییەكەی گەیشتووەتە 50.6، هەروەها شاری دیوانیەی عێراق پلەی حەفتەم و شاری قەسیمی سعوودیە پلەی هەشتەم و فڕۆكەخانەی بەسرەش بە پلەی نۆیەم و بیابانی نەخیبی عێراق بە پلەی دەیەم هاتووە.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ سه‌رچاوه‌كانى هه‌والى كه‌شوهه‌واى رووسیا ، كه‌ ناوچه‌یه‌كى هه‌ره‌ ساردى جیهانه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ، كه‌ له‌ ناوچه‌ی سیبریاى باكوری رووسیا پله‌كانی گه‌رما گه‌یشتونه‌ته‌ ئاستێكی زۆر به‌رزتر له‌وه‌ی چاوه‌ڕوان ده‌كرا، به‌جۆرێك له‌ شارۆچكه‌ی ڤێركهۆیانكس كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ى رابردوو‌ پله‌ی گه‌رما گه‌یشته‌ 38 پله‌ی سیلیزی، ئه‌وه‌ش به‌رزترین پله‌یه‌ تا ئێستا له‌وێ تۆماركرابێت.

له‌ كاتێكدا به‌پێی راپۆرتێكی كه‌ناڵی "سی بی ئێسى"ی ئه‌مریكی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ له‌ مانگی تشرینی دووه‌می ساڵی رابردوودا یه‌كێك بووه‌ له‌ ساردترین ناوچه‌كانی جیهان و پله‌ی گه‌رمای بۆ 51 پله‌ی ژێر سفر دابه‌زیوه.

به‌گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانى هه‌والى كه‌شوهه‌وا له‌ رووسیا، له ‌نێوانى مانگه‌كانی كانونی دووه‌م و ئاداری ئه‌مساڵدا پله‌كانی گه‌رما له‌ رووسیا به‌جۆرێك به‌رزبوونه‌ته‌وه‌، كه‌ مه‌ترسی ئه‌وه‌ى‌ هه‌یه‌ ئه‌و ئاسته‌ی پله‌ی گه‌رمایه‌ی چاوه‌ڕوانده‌كرا له‌ ساڵی 2100دا تۆماربكرێت، 80 ساڵ پێش هاتنی ئه‌و واده‌یه‌ ده‌ربكه‌وێت، به‌لام له‌مسالدا روویدا، كه‌ ڤایرۆسى كۆرۆنا بالى به‌سه‌ر هه‌موو جیهاندا كێشاوه‌.

ktv

سه‌رچاوه‌كانى هه‌وال ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ پێشبینی ده‌كرێت به‌هۆی كاره‌ساته‌ سروشتییه‌كان و پیسبوونی ژینگه‌وه،‌ پله‌كانی گه‌رما به‌ به‌رزی بمێننه‌وه‌ و له‌ هه‌فته‌ی داهاتووشدا پله‌كانی گه‌رما له‌ خۆرهه‌ڵاتی سیبریا نزیكه‌ی 32 پله‌ی سیلیزی ده‌بێت.

زانایانى  فه‌له‌كناسی و كه‌شناسى ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ به‌هۆی به‌كارهێنانی رێژه‌یه‌كی زۆری سووته‌مه‌نی و ئه‌و كاره‌ساته‌ سروشتییانه‌ی كه‌ له‌ ساڵی رابردوودا روویانداوه‌، پله‌كانى گه‌رمی زه‌وی دوو هێنده‌ی خۆی به‌رزبوه‌ته‌وه‌ و قه‌باره‌ی سه‌هۆڵی به‌سته‌ڵه‌كه‌كانیش به‌ڕێژه‌ی سه‌دا 50 كه‌میان كردووه‌، كه‌ ئه‌م رووداوه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ل ده‌ركه‌وتنى ڤایرۆسى كۆرۆنا له‌ سالى 2020دا، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ رووى ڕواله‌ته‌وه‌ به‌روارێكى قه‌شه‌نگ و جوانه‌، به‌لام له‌ ڕووى ناوه‌رۆكه‌وه‌ مێژوویه‌كى شۆمه‌ بۆ دوا رۆژى مرۆڤایه‌تى.