نوێژی جه‌ژن له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام نادرێت

ھه‌رسه‌رپێچیه‌ك له‌و بڕیارانه‌ به‌رپرسیارێتی تێدایه‌

به‌ مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا و له‌ژێر رۆشنایی به‌یانی ژماره‌ ٤٤ی لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بڕیاردرا كه‌ نوێژی ھه‌ینی ئه‌نجام نه‌درێت.

شێخ ئیبراھیم به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئیرشادی ئایینی له‌ وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی ھه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا گوتی: 'ئه‌م جه‌ژنه‌ به‌ھۆی په‌تای كۆروناوه‌، ھه‌موو ده‌زانین كه‌ جه‌ژنێكی تایبه‌ته‌ له‌ زۆر رووه‌وه‌ بۆ نموونه‌ نه‌توانرا حه‌ج بۆ موسڵمانانی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی عه‌ره‌بستانی سعودیه‌ ئه‌نجام بدرێت و ده‌رگای زۆربه‌ی مزگه‌وته‌ به‌ناوبانگه‌كانی جیھانی ئیسلامییش تا ئێستا به‌داخراوی ماوه‌ته‌وه‌ له‌وانه‌ مزگه‌وتی حه‌رام كه‌ نوێژی ھه‌ینی و جه‌ژنیان تێدا ئه‌نجام نادرێت.

گوتیشی: له‌عێراقیشدا كه‌ تا ئێستا ئێمه‌یش به‌شێكین له‌و وڵاته‌، مزگه‌وته‌كان له‌ مانگی ئاداره‌وه‌ داخراون تا دوای جه‌ژنی قوربانیش به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه‌، بۆ ماوه‌ی ١٠ رۆژیش قه‌ده‌غه‌ی ھاتوچۆ راگه‌یه‌نراوه‌ بێ گومان به‌ رۆژانی جه‌ژنیشه‌وه‌، ھه‌روه‌ھا له‌ شارێكی وه‌ك مووسڵ كه‌ له‌ رووی دانیشتووانه‌وه‌ نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌سن مزگه‌وته‌كان ھه‌ر به‌داخراوی ماونه‌ته‌وه‌، له‌ كوردستانیشدا به‌پێی راگه‌یا‌ندراوی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ژماره‌یه‌كی دیار له‌ تووشبووان به‌م په‌تایه‌ ھه‌یه‌ ‌و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ به‌ھۆی ئه‌م په‌تایه‌وه‌.

هه‌روه‌ها شێخ ئیبراھیم به‌رزنجی راشیگه‌یاند كه‌ ئاماژه‌ به‌ به‌یانی ژماره‌ ٤٤ به‌رواری ٢٢-٧ -٢٠٢٠ لێژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربونه‌وی كۆرۆنا به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م پارێزگاره‌كانی ھه‌رێم له‌ خاڵی ١٩ بڕیاریداوه‌ كه‌ نوێژی ھه‌ینی و جه‌ژن ئه‌نجام نه‌درێت، ئه‌مه‌ش به‌پشتبه‌ستن به‌ رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بۆ پاراستنی گیانی ھاونیشتمانیان، به‌ڵام له‌ ھه‌مانكاتدا ئه‌وه‌ی كه‌جێگای خۆشحاڵیمان بوو، ئه‌وه‌ بوو كه‌ بڕیاردرا به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگای مزگه‌وته‌كان بۆ ئه‌نجامدانی ھه‌ر پێنچ نوێژه‌ فه‌رزه‌كان.

ھه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، شێخ ئیبراھیم به‌رزنجی گوتیشی: ئێمه‌ له‌كاتێكدا كه‌ رۆڵی مامۆستایانی ئایینی له‌م قۆناغه‌دا به‌رز ده‌نرخێنین، داوایان لێ ده‌كه‌ین له‌ڕوانگه‌ی ھه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارییه‌تییه‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر خوای گه‌وره‌ و، پاشان له‌ به‌رامبه‌ر بڕیار و رێنماییه‌كانی حكوومه‌ت و یاسا به‌ركاره‌كاندا، كه‌ پابه‌ند بن به‌ بریاره‌كانی لێژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆروناوه‌، چونكه‌ ھه‌ر سه‌رپێچیه‌ك له‌و بڕیارانه‌ به‌رپرسیارێتی تێدایه‌.