گه‌نجێكی 21 ساڵان له‌ ئاوی خاسه‌ چایدا خنكا

به‌هۆی نه‌زانینی مه‌له‌وانی

شه‌وی ڕابردوو ته‌رمی گه‌نجێكی 21 ساڵان له‌ ئاوی خاسه‌ چایدا دۆزرایه‌وه‌ و پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوكیش له‌م باره‌یه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌.

عه‌قید مازن غه‌ریب، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: شه‌وی ڕابردوو تیمه‌كانی پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك دوای ئه‌وه‌ی ئاگادار كرانه‌وه‌ به‌ بوونی ڕووداوێكی خنكان ده‌ست به‌جێ گه‌یشتنه‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌ و توانیان دوای ماوه‌یه‌ك ته‌رمه‌كه‌ له‌ ئاوه‌كه‌دا بدۆزنه‌وه‌.

ڕاشیگه‌یاند: گه‌نجه‌ خنكاوه‌كه‌ ناوی "د،ع،م"  و ته‌مه‌نی 21 ساڵانه‌ و دانیشتووی گه‌ڕه‌كی ڕووناكی شاری كه‌ركوكه‌ و به‌هۆی نه‌زانینی مه‌له‌وانییه‌وه‌ خنكاوه‌.