له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یروت 10 هاووڵاتی عێراقی برینداربوون

له ‌ئێستادا له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی باشووری به‌یروت چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن

كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سووری عێراقی رایگه‌یاند كه‌ له‌ ئاكامی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كه‌ دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ له‌ به‌نده‌ری شاری به‌یروت پایته‌ختی لوبنان رووی دا، 10 عێراقی برینداربوون.

كۆمه‌ڵه‌ی مانگی سووری عێراقی له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌، به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن نووسینگه‌ی مانگی سووری عێراقه‌وه‌ له‌ به‌یروت تۆماركراوه‌، له‌نێو بریندارانی ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ی كه‌ دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌ له‌ به‌نده‌ری به‌یروت رووی دا، 10 هاووڵاتی عێراقی هه‌ن.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ له‌ئێستادا، عێراقییه‌ برینداربووه‌كان له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی باشووری به‌یروت چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن.

شایانی باسه‌ ئێواره‌ی دوێنێ‌ سێشه‌ممه‌، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی به‌هێز له‌ به‌نده‌ری شاری به‌یروت پایته‌ختی لوبنان رووی دا و به‌هۆیه‌وه‌ به‌پێی دوایین ئامار، 100 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ و چوار هه‌زاری دیكه‌یش برینداربوون.