ئومێد ئه‌حمه‌د: به‌ مه‌رج كاره‌با به‌‌ به‌غدا ده‌ده‌ین

نابێت ھیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی له‌ ھه‌رێمی كوردستان ھه‌بێت

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان ئاشكرای كرد حكوومه‌تی عێراق به‌نیازه‌ بڕه‌ كاره‌بایه‌ك له‌ ھه‌رێمی كوردستان و توركیا بۆ شاره‌كانی خۆی ڕابكێشێت و له‌ ئه‌گه‌ری ئه‌و كاره‌، مه‌رجی خۆمان ده‌بێت.

ئومێد ئه‌حمه‌د، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌هه‌ژماری تایبه‌تی وه‌زاره‌ت له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك ڕاگه‌یاندووه‌: زانیاریمان پێ گه‌یشتووه‌ كه‌ حكوومه‌تی عێراق به‌رنامه‌ی ھه‌یه‌ بڕه‌ كاره‌بایه‌ك له‌ ھه‌رێمی كوردستان و توركیا بكرێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان وه‌ك وه‌زاره‌تی كاره‌با تاوتوێ كردووه‌ به‌ڵێنمان داوه‌ به‌ مه‌رج ڕێگه‌ پێدانه‌كه‌ به‌ به‌غدا بده‌ین.

گوتیشی: نابێت ئه‌و كاره‌با پێدانه‌ ھیچ كاریگه‌ریه‌كی له‌سه‌ر كه‌مكردنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی له‌ ھه‌رێمی كوردستان ھه‌بێت و به‌غداش سووته‌مه‌نی بۆ یه‌كه‌ له‌كاركه‌وتووه‌كانی كاره‌بای ھه‌رێمی كوردستان دابین بكات و كاره‌باكه‌ له‌و یه‌كانه‌وه‌ ببات.

ئومێد ئه‌حمه‌د باسی له‌وه‌ش كرد: هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و یه‌كانه‌ی له‌كار كه‌وتوون هی وه‌به‌رهێنه‌رانه‌، به‌ڵام هه‌ركات حكوومه‌تی عێراق ئه‌و مه‌رجانه‌ی جێبه‌جێ كرد و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕه‌زامه‌ند بوون، ئه‌وكات ڕێگه‌ی پێ ده‌درێت.