له‌ برادۆست فڕۆكه‌كانی توركیا کۆبوونەوەیەکی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و پاسه‌وانی سنووری عێراقیان بۆردومان كرد

كوژراوو برینداری لێكه‌وته‌وه‌


له‌ برادۆست فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا کۆبوونەوەیەکی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووریان بۆردومان كرد زیانی گیانی لێكه‌وته‌وه‌.

په‌یامنێری كوردستان تیڤی رایگه‌یاند: کەمێک پێش ئێستا فرۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی سوپای توركیا  کۆبوونەوەیەکی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنووریان بۆردومان كرد و سێ فه‌رمانده‌ له‌ پاسه‌وانانی سنوور شه‌هید بوون، چه‌ند سه‌ربازێكیش بریندار بوون، هەموویان کوردن.

گوتیشی: پێشتریش فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی سوپای تورکیا له‌ ناوچه‌كه‌دا ده‌سووڕانه‌وه‌ دواتر فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا ئه‌م ناوچه‌یه‌ی بۆردومان كرد.

فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی له‌ پاسه‌وانانی سنوور به‌ ماڵپه‌ری كوردستان تیڤی راگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان پاسه‌وانی سنوور و گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ له‌ برادۆست، شاندێكی سه‌ربازی له‌ پاسه‌وانانی سنووری عێراقی چوونه‌ته‌ لای گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌، بۆ هەماهەنگیکردن و وەستانی شەڕ، لەوکاتەدا فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی سوپای توركیا   بۆردوومانی کردوون.

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ گوتیشی: بۆردومانه‌كه‌ له‌ كاتێكدا بووه‌، هه‌ردوولا كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كردووه‌، به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌وه‌ دوو فه‌رمانده‌ له‌ پاسه‌وانانی سنوور گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ ته‌رمه‌كانیان گه‌یه‌ندراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ی سۆران، به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌وه‌ لاشه‌یان سووتان و ته‌رمه‌كان ناناسێندرێنه‌وه‌.

ئه‌و فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌ گوتیشی: پێش كۆبوونه‌وه‌ی نێوان گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ و پاسه‌وانانی سنوور به‌رێوه‌بچێت، گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ ته‌قه‌یان له‌ پاسه‌وانی سنوور كردووه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ پاسه‌وانانی سنوور برینداربوونه‌، دواتر كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌رێوه‌چووه‌.

فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كه‌ گوتیشی: عەمید محەمەد رەشید فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنوور  و عەمید زوبێر حالی برادۆستی فەرماندەی فەوجی سێی پاسەوانی سنوور لەگەڵ موقەدەم ھەندرێن لەبۆردومانی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لە دەڤەری سیدەکان شەهیدبوون .

ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ گوتیشی: بۆردومانەکە لە ناوەچەى (بێرمی دینداران) بووە.

داڕشتنه‌وه‌ی هه‌واڵ سامان زاهیر