نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت له‌‌‌‌45 دۆلار نزیك ده‌بێته‌وه‌

به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 0،8 به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌

یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت له‌ بازاڕه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا، به‌ ٤٤ دۆلار و ٩٨ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ده‌كرێت.

دوێنێ نرخی یه‌ك به‌رمیل خاوی برێنت گه‌یشته‌ ٤٥ دۆلار و ٦٤ سه‌نت و رۆژه‌كه‌ی به‌ ٤٤ دۆلار و ٦٢ سه‌نت ته‌واو كرد.

ئه‌مڕۆش له‌ كاتژمێر ٠٩:٣٣وه‌ نرخه‌كه‌ی به‌ به‌راورد به‌ كاتی داخستنی بازاڕ له‌ دوێنێدا به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا ٠،٨ به‌رزبووه‌ته‌وه‌‌ و به‌ ٤٤ دۆلار و ٩٨ سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت.

به‌پێی پێشبینییه‌كانی په‌یمانگای نه‌وتی ئه‌مریكا API، نه‌وتی خاوی بازرگانیی عه‌مباركراو له‌ ئه‌مریكا، چوار ملیۆن به‌رمیل كه‌می كردووه‌. ئه‌و دابه‌زینه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ زیادبوونی داخوازی بازاڕ له‌سه‌ر نه‌وت له‌ بازاڕی ئه‌مریكادا كه‌ گه‌وره‌ترین به‌كاربه‌ری نه‌وته‌ له‌ جیهان، ئه‌وه‌ش بووه‌ته‌هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وتی خاو.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا راگه‌یاندنی رووسیا بۆ تۆماركردنی پێكوته‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ كاریگه‌ر بوو له‌سه‌ر چاوه‌ڕوانی سه‌رله‌نوێ زیادبوونی به‌كاربردنی نه‌وت كه‌ به‌هۆی په‌تای كۆرۆناوه‌ كه‌ جیهانی گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌می كردبوو، ئه‌وه‌یش كاریگه‌ری نه‌رێنیی له‌سه‌ر نرخه‌كه‌ی دروست كردووه‌.