ئایا عێراق ئه‌مجاره‌ ده‌توانێت سنوورێك بۆ بۆردومانه‌كانى توركیا دابنێت؟

بۆردومانه‌كه‌ى دوێنێى توركیا كاردانه‌وه‌ى توندى ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى لێكه‌وته‌وه‌


دواى ئه‌وه‌ى پاشنیوەڕۆی دوێنێ لەكاتی دانوستانی نێوان هێزێكی پاسەوانی سنوری عێراق و بەرپرسانی پەكەكە لە ناوچەی برادۆست، فرۆكەیه‌كى بێفرۆكەوانی توركیا ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی پاسەوانی سنوری عێراق كردە ئامانج و به‌هۆیه‌وه‌ ژمارەیەك بەرپرسی باڵای پاسەوانی سنوری شەهید و برینداربوون.

بەگوێرەی دواین زانیارییەكان، لە بۆردومانی فرۆكە بێفرۆكەوانەكانی توركیا بۆ سەر هێزێكی پاسەوانی سنور لە ناحیەی سیدەكان، دوو فەرماندەی باڵای هێزەكانی پاسەوانی سنور بونە قوربانی و ژمارەیەك كەسی تریش شەهید و برینداربوون.

له‌م بۆردۆمانه‌دا، عەمید زوبێر حالی، فەرماندەی هێزی سێی پاسەوانی سنور و محەمەد رەشید، فه‌رمانده‌ی لیوای 2ی پاسەوانی سنوور لە دەڤەری سۆران لەو بۆردومانەدا شەهیدبوون. هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كى تریش به‌ هۆى ئه‌و بۆردۆمانه‌وه‌ شه‌هیدو ب رینداربوون.

ktv

له‌م باره‌وه‌ شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، رۆژى سێشەممە کاروانێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سیدەکان کراونەتە ئامانج، بەوهۆکارەش دوو فەرماندەی سەربازی و شۆفێرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنور شەهید بوون.

شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، "لەچوارچێوەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، رۆژى سێشەممە کاروانێکی سەربازی هێزەکانی  پاسەوانی سنوری عێراق لە ناحیەی سیدەکان کراوەتە ئامانج".

پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایی بەرامبەر پێشێلکردنی سەروەری وڵات و بەتایبەت دوای بۆردومانەکەی ئەمڕۆی سیدەکان، داوا دەکەن باڵیۆزی عێراق لە تورکیا بکشێنرێتەوە.

فازڵ جابر، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بێدەنگی حکومەت و پەرلەمانی عێراق  بووەتە هۆی دووبارەبونەوەی پێشێلکارییەکان بەرامبەر سەروەری وڵات، بۆیە پێویستە حکومەت هەڵوێستێکی ڕوون و یەکلاییکەرەوە بەرامبەر بۆردومانەکەی ئەمڕۆ بخاتەڕوو.

ئاماژەی بەوەشکردوە، تەنها ئیدانەکردنی ئەو رووداوەی ئەمڕۆ هەڵوێستێکی لاوازە و بەپێویستی دەزانن باڵیۆزی عێراق لە تورکیا بانگهێشت بکرێتەوە و نامەیەکی ناڕەزایش بدرێتە حکومەتی ئەنقەرە.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش سه‌ردانه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی خلوسی ئاكاری، وه‌زیری به‌رگری توركیای بۆ به‌غدا هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، كه‌ بڕیاربوو سبه‌ی پێنجشه‌ممه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ ئه‌نجامبدات.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌به‌رامبه‌ر بۆردومانكردنی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێم و كوشتنی ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ری پله‌ باڵا، سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری به‌رگری توركیا بۆ عێراق هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌ و بانگهێشتی باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌كرێت و نامه‌یه‌كی توندی نیگه‌رانی پێده‌درێت.

پێشتریش هیشام دواد، راوێژكاری مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاندبوو "ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی توركیاین كه‌ به‌ڕونی به‌زاندنی سه‌روه‌ری خاكی عێراقه‌ و له‌ چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا حكومه‌ت هه‌ڵوێست و هه‌نگاوه‌كانی به‌رامبه‌ر پێشێلكارییه‌كانی توركیا به‌ڕه‌سمی ده‌خاته‌ڕوو، به‌غدا به‌ ته‌نها ئیدانه‌كردنی ئه‌و رووداوه‌ ناوه‌ستێت".

ktv

حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش، لەیەکەم کاردانەوەی لەبارەی هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی وڵاتەکەی هاتەدەنگ و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد دەستبەجێ دەستێوەردان بکات بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی تورکیا.

حەسەن کەعبی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە دەستێوەردان بکات بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی تورکیاو
بەگوێرەی میدیا عێراقییەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوای هێرشی ئاسمانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆسەر پێگەیەکی هێزەکانی پاراستنی سنور، عێراق داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد بەپەلە دەستێوەردان بکات بۆ راگرتنی پێشێلکارییەکانی تورکیا لەناو خاکی عێراق.

لەراگەیەنراوێکدا کە نوسینگەی تایبەتی حەسەن کەعبی بڵاویکردۆتەوە، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە، هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سەروەری خاکی عێراق زیانی گەورە بەپەیوەندییە مێژوییەکانی نێوان هەردو وڵات دەگەیەنێت.

کەعبی بەتوندی بوونی تورکیا و توندوتیژییەکانی لەوڵاتەکەی رەتکردەوە، بەتایبەتیش هێرشەکانی ئەمڕۆی ئەو وڵاتە کە کوشتنی چەند فەرماندەیەکی سەربازی لێکەوتەوە.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داواشی لەحکومەت کرد باڵیۆزی تورکیا لەعێراق بانگێشت بکات، جەختیشیکردەوە کردەوە سەربازییەکانی تورکیا پێشێلکاری تەواوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشە.

ktv

له‌ لایه‌ن خۆشیه‌وه‌، شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق رایگەیاند، لەچوارچێوەی پێشێلکارییە ئاشکراکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، رۆژى سێشەممە کاروانێکی هێزەکانی پاسەوانی سنوری عێراق لە سیدەکان کراونەتە ئامانج، بەو هۆکارەش دوو فەرماندەی سەربازی و شۆفێرێکی هێزەکانی پاسەوانی سنور شەهید بوون.

ئێوارەی دوێنێش، وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، ئیدانەی هێرشی فرۆكەكانی توركیای كرد بۆ سەر ناوچەی سیدەكانی هەرێمی كوردستان، داواشیكرد كێشەكان لەرێگەی گفتوگۆوە چارەسەربكرێن.

لە راگەیەندراوێكدا، وتەبێژێك بەناوی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق ئیدانەی پێشێلكارییە بەردەوامەكانی سوپای توركیای كرد بۆ سەر خاكی عێراق و بە مەترسیدار بۆ سەروەری خاكی عێراق ناوی برد.

داواشیكرد كە ئەو هێرشە سەربازییانە و پێكدادانەكان رابگیرێن و لەرێگەی گفتوگۆی هاوبەش و تێگەیشتنەوە چارەسەر بۆ كێشە سنورییەكانی نێوان هەردوو وڵات بدۆزرێتەوە.

هه‌روه‌ها له‌م رووه‌وه‌، ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق بەسەرپەرشتی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی کۆبوەوە و لەبارەی "زیادەڕۆییەکانی" تورکیا لەسەر خاکی عێراق و مانەوەی هێزە بیانییەکان ژمارەیەک راسپاردە و میکانیزمی بڕیار وەرگرتنی ئامادەکردوە.

نوسینگەی قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەنجومەنی ئاسایشی عێراق بە ئامادەبونی نوێنەر و بریکارەکانی وەزارەتی دەرەوە، داد، ناوخۆ، ئەمنیداریەتی ئەنجومەنی وەزیران، دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی، دەزگای دژەتیرۆر، دەزگای هەواڵگری، سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپا و دەزگاکانی ئەمنییەکانی دیکە کۆبووەوە.

ئەوەش هاتووە، لە کۆبونەوەکەدا باس لە ژمارەیەک پرس کراوە لەوانەش  "زیادەڕۆییەکانی" تورکیا لەسەر خاکی عێراق، لەو روانگەیەشەوە ژمارەیەک راسپاردە ئامادەکران و روانگەی حکومەتیش بۆ مانەوەی هێزە بیانییەکان گفتوگۆی لەسەر کراوە.

ktv

ئەمشەویش فه‌رمانده‌یی ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگەیاند، له‌گه‌ڵ بەرپرسانی هه‌رێمی كوردستان لە پەیوەندیداین بۆ زانینی هۆكارى هێرشه‌كەى توركیا.

لیوا ته‌حسین خه‌فاجى، وته‌بێژى فه‌رمانده‌یی ئۆپەراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ كه‌ناڵى عێراقیه‌ ڕایگه‌یانده‌"له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندى و ڕاوێژداین له‌باره‌ى هێرشه‌كەى توركیا كە له‌ڕێگه‌ى فڕۆكه‌یه‌كى بێفڕۆكه‌وان ئەنجامیدا و بوه‌هۆى شه‌هیدبونى دوو ئه‌فسه‌رى پاسه‌وانى سنور".

راشیگەیاندوە،"چه‌ند ورده‌كارییه‌كى دیکە هه‌ن له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان گفتوگۆی لەسەر دەكەین بۆ زانینی هۆكارى ئه‌م هێرشه‌ و چۆنیەتیی به‌ئامانجگرتنى فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان له‌لایه‌ن لایه‌نێكى دیاریكراوه‌وە له‌نێو سنورى خاكی عێراق".

له‌ لایه‌نى هه‌رێمى كوردستانیشه‌وه‌، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئیدانه‌ى بۆردۆمانه‌كه‌ى كردو رایگەیاند، كاتژمێر 2:45 خولەكی پاشنیوەڕۆى سێشه‌ممه‌، لە لایەن فرۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبێلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنور كرایە ئامانج و بەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهیدبوون بە ناوەكانی عەمید، محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنور و عەقید، زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنور، هەروەها عەقید حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن برینداربوو.

وتیشى" لێرەدا دووپاتیدەكەینەوە، كە پێویستە  په‌كه‌كه‌و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعێراق و چیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە.

راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش رایگەیاند، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا حکومەتی عێراق هەڵوێست و هەنگاوەکانی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا دەخاتەڕو و "تەنها بە ئیدانەکردن ناوەستین".

هیشام دواد، راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە لێدوانێکدا رایگەیاند، "ئێمە لەبەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیاین کە بەڕونی بەزاندنی سەروەری خاکی عێراقە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا حکومەت هەڵوێست و هەنگاوەکانی بەرامبەر پێشێلکارییەکانی تورکیا بەڕەسمی دەخاتەڕو، بەغدا بە تەنها ئیدانەکردنی ئەو رووداوە ناوەستێت".

لەبارەی رێکارەکانی وەڵامدانەوەی تورکیاش باسی لەوەکردوە، "حکومەت ژمارەیەک بژاردەی لەبەردەستدایە لەوانەش وەرگرتنی هەڵوێستی یەکەم و ئیدانەکردن، ئەگەر گەشت و دیدار هەبووبێت لە نێوان هەردوولا رابگیرێن، داوای هەڵوێست لە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکرێت لەگەڵ چەندین رێکاری دیکە، لە ئێستاشدا چاوەڕانی هەڵوێستی فەرمی حکومەت دەکەین".

هاوپەیمانی نه‌سڕیش، كه‌ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، به‌یاننامه‌یه‌كی له‌باره‌ی بۆردومانه‌كانی توركیا بۆسه‌ر ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌ و داوای له ‌حكومه‌ت كرد، سكاڵا له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایش تۆماربكات و تاوتوێی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و هێرشانه‌ش بكات.

هاوپەیمانی نه‌سڕ له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویکردەوە، به‌هه‌موو جۆرێك ئه‌و تاوانه‌ گه‌وره‌یه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ سه‌روه‌ری خاكی عێراق ده‌كرێت له‌لایه‌ن توركیاوه‌ ئیدانه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ بووه‌ هۆی شه‌هیدبونی ژماره‌یه‌ك ئه‌فسه‌ر و سه‌ربازی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنور، ئه‌و پێشێلكاریه‌ پێشهاتێكی مه‌تسریداره‌ و ده‌رچونه‌ له‌ یاسا و بنه‌ماكانی نێوده‌وڵه‌تی، به‌هیچ جۆرێكیش قابیلی قبوڵ نیه‌. داواشی له‌ حكومه‌تی عێراق كردوه‌، به‌رپرسیارێتی خۆی به‌جێبهێنێت و له‌ ئه‌نجومه‌ن ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سكاڵا تۆماربكات، هه‌روه‌ها دیراسه‌ی سه‌رجه‌م بژارده‌كانی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و بۆردومانانه‌ بكات.

هاوپەیمانی نه‌سڕ باسی لەوەشکردوە، له‌هه‌مانكاتدا داوا له‌ حكومه‌تی توركیا ده‌كه‌ن، پابه‌ندبێت به‌سیاسه‌تی دراوسێیه‌تیه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دروستبونی په‌یوه‌ندیه‌كی دروست له‌گه‌ڵ عێراق، ئه‌و وڵاته‌ش به‌رپرسیارێتی هه‌موو كارێكی هه‌ڵه‌ی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆ.

هاوپەیمانێتیەکەی ئەوەشی خستەڕوو،  داوا له‌سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسییه‌كان و چالاكوانانی گه‌لی عێراق دەکات، ریزه‌كانیان یه‌كبخه‌ن بۆ به‌رگریكردن له‌شه‌ره‌ف و سه‌روه‌ری وڵات، هۆشداریشداوه‌ته‌وه‌ هه‌ندێك حزب و لایه‌نی سیاسیی كه‌ به‌رنامه‌ و ئه‌جێندای ده‌ره‌كی له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌روه‌ری عێراق جێبه‌جێنه‌كه‌ن.

ktv

سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتیمانی ئیدانه‌ی بۆردومانكردنی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كرد و داوایكرد، حكومه‌تی عێراق رێوشوێنی پێویست و خێرا بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری عێراق بگرێته‌به‌ر.

عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتیمانی لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندوه‌، به‌توندی ئیدانه‌ی هێرشی فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆ ناوچه‌ی سیده‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن كه‌ بوه‌ هۆی شه‌هیدبونی ژماره‌یه‌ك له‌ فه‌رمانده‌كانی پاسه‌وانی سنور. 

حه‌كیم داواشی له‌ حكومه‌تی عێراق كردوه‌، رێوشوێنی پێویست و خێرا بگرێته‌به‌ر بۆ پاراستنی سه‌روه‌ری نیشتیمانی، ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو، "پێویسته‌ له‌سه‌ر توركیا ڕێز له‌بنه‌مای دراوسێی باش و رێكاره‌ په‌یڕه‌وكراوه‌كانی ئاڵوگۆڕی په‌یوه‌ندییه‌كان بگرێت و ده‌ستدرێژیه‌كانی بۆ ناوچه‌ سنوریه‌كان رابگرێت".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانی توركیا له‌ناوچه‌ی سیده‌كانی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌ ده‌كات و داواش له‌وڵاتانی عه‌ره‌بی ده‌كات، ده‌ست به‌جموجوڵه‌كانیان بكه‌ن بۆ راگرتنی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌.

مه‌شعه‌ل بن فه‌هم سه‌لمی، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی لە بەیاننامەیەکدا رایگه‌یاندوه‌، "كاری تێكده‌رانه‌ و پێشێلكاریه‌ سه‌ربازیانەی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی توركیاوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ خاكی عێراق ده‌كرێن دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌، مه‌ترسی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر سه‌روه‌ری كۆماری عێراق دروستكردوه‌ و پێشێلكاری روونی بنه‌ماكانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان و یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌، هه‌روه‌ها سه‌رپێچیه‌كی روونی بڕیاره‌كانی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی و رێزنه‌گرتنه‌ له‌په‌یوه‌ندی باشی دراوسێیه‌تی".

ktv

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی ئیدانه‌ی بۆردومانه‌كانیشی كردوه‌ و روونیکردەوە، په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی له‌گه‌ڵ عێراق ده‌وه‌ستێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی هاوڵاتیه‌كانی و پشتگیریش بۆ رێكارێكیش ده‌رده‌بڕێت، كه‌ له‌وباره‌یه‌وه‌ بیگرێته‌به‌ر بۆ به‌رگریكردن له‌خاك و سه‌روه‌ری ولاته‌كه‌ی، كۆمكاری عه‌ره‌بی ئاماده‌یه‌ كاربكات له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقی به‌مه‌به‌ستی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی به‌مه‌به‌ستی راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌ به‌رده‌وامه‌كانی توركیا.

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عه‌ره‌بی داواشی له‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كردوه‌، ده‌ست به‌جموجوڵی به‌په‌له‌ و خێرا بكات بۆ راگرتنی ده‌ستدرێژیه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری كۆماری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سه‌لامه‌تی ناوچه‌كه‌.