کرێی خزمەتگوزاری 9 پرۆژەی دیکە لە هەولێر کەمکرایەوە

هەر پرۆژەیەک پابەند نەبێت رێککاری یاسایی لەبه‌رامبه‌ری دەگیرێتە بەر

پارێزگای هەولێر رایده‌گه‌ێنێت لەرۆژی 13ی ئابەوە ئەو پرۆژانە دەبێت بەو نرخە نوێیانە کرێی خزمەتگوزاری وەربگرن، هەر پرۆژەیەک پابەند نەبێت رێککاری یاسایی لەبه‌رامبه‌ری دەگیرێتە بەر

لە چوارچێوەی رێکارەکانی لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخی خزمەتگوزاری پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ کەمکردنەوە و دیاریکردنی نرخی خزمەتگوزارییەکان لە قۆناغی دووەمدا کرێی خزمەتگوزاری نۆ پرۆژەی دیکەی ناو شاری هەولێریان کەمکردەوە.

بەپێی فەرمانێکی کارگێڕی پارێزگاری هەولێر، بە ژمارە 1764 کە لەرۆژی 12ی ئاب واژۆ کراوە، لە ئەمڕۆوە ئەو پرۆژانە دەبێت بەپێی خشتەی ئەو نرخە نوێیانە کرێی خزمەتگوزارییەکان وەربگرن و هەر پرۆژەیەکیش پابەند نەبێت سزا دەدرێت.

لە فەرمانە کارگێڕییەکەی پارێزگاری هەولێردا هاتووە "دوابەدوای فەرمانی کارگێڕییمان لە رۆژی 20ی حوزەیران تایبەت بە کەمکردنەوەی نرخی خزمەتگوزاری لەلایەن لیژنەی بەدواداچوون و دانانی نرخ بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون لە هەولێر، لیژنەکە وەک قۆناغی دووەم و بەردەوامبوون لە کارەکانیان سەردانی نۆ پرۆژەی دیکەیان کرد و پاش هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم بڕگەکانی خزمەتگوزاری کە پێشکەش دەکرێت لەناو پرۆژەکان، نرخەکەیان دیاریکرد.

نووسراوەکەی پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە "لە رۆژی 12ی ئابەوە دەبێت ئەو نۆ پرۆژەیە کە لەم فەرمانە کارگێڕییە ناویان هاتووە پابەندی ئەو نرخانەبن کە بۆیان دیاریکراوە و هەر پرۆژەیەک پابەند نەبێت رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە و دواتریش ناچاردەبین بەپێی رێنمایی خزمەتگوزاری پرۆژەکە بدەینە تەندەرینگ".

فەرمانە کارگێڕییەکە بۆ پرۆژەکانی (ناز سیتی، شوقەکانی ٩٢، گوندی ئیتاڵی یەک، کواترۆMRF، گوندی ئیتاڵی دوو، شوقەکانی زانیاری، ئازادی نوێ، جیهان سیتی و هیوا سیتی)یە.

پێشتر بەر لە کەمکردنەوەکە نرخی خزمەتگوزارییەکان لەو پرۆژانەدا لە 50 هەزار دینارەوە دەستیان پێدەکرد تاوەکو بەرزترینیان 403 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا دوای کەمکردنەوەکە بەرزترین نرخیان کرا بە 215 هەزار دینار و نزمترین نرخیش 45 هەزار دینار دەبێت.

111