Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 11:55

مەسرور بارزانی: پارتی چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بە دەستهێناوە

له‌ په‌یامێكدا 74ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی و لە دایکبوونی سەرۆک بارزانی پیرۆز ده‌كات
کوردستان TV
#7
100%

ڕێزدار مەسرور بارزانی بەبۆنەی هەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، پەیامی پیرۆزبایی؛  بڵاوكرده‌وه‌، رایگه‌یاند: ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین ڕێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە.

پیرۆزبایی هەفتاو چوارەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە دایکبوونی ڕێبەری نەتەوەیی و نیشتیمانیمان جەنابی سەرۆک بارزانی لە هەموو کوردستانییەکی تێکۆشەر و دڵسۆز و بە تایبەتی هەموو لایەنگر و ئەندام و سەرکردایەتی پارتی دەکەم.

دامەزراندنی پارتی وەک گەورەترین و سەردەمیانەترین حزبی دیموکرات و جەماوەری، لە فراوانترین پانتایی جوگرافی لە سەرتاسەری کوردستان، وەرچەرخانێک بوو لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا، کە  هەموو ئازادیخوازێکی لە ژێر چەتر و ڕێبەرایێتی باوکی نەتەوەییمان بارزانی نەمر کۆکردەوە و رۆحی بەرگریکردن و خۆڕاگری لە ناخی هەموو نیشتمانپەروەرێکدا زیندوو کردەوە.

بە درێژایی مێژووی پڕ سەروەریی ڕووبەڕووبونەوەی زوڵم و ستەم و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی گەلەکەمان، پارتی خاوەنی سەدان داستان و سەرکەوتنە و چەندین دەستکەوتی مێژوویی بۆ گەلی کوردستان بە دەستهێناوە و قەڵایەکی پۆڵایین بووە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان لە هەموو پارچەکاندا و هەموو ئازادیخوازێک لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

پارتی و بارزانی بوون بە ڕەمزی داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان، هەر بۆیەش پەلاماری دوژمنان پێش هەموو لایەک بۆ سەر پارتییە، بڕوای نەگۆڕی پارتی لە خەباتی بەردەوام و خۆنەچەماندن، وای کرد لە گەڵ لایەن و پارتە تێکوشەرەکانی دیکە، کیانی کوردستانی بێتە سەرنەخشەی سیاسەتی جیهانی.

سەرۆک بارزانی وەک ڕابەرێکی نیشتیمانی، چ لە بەرەکانی شەڕ دژی دوژمنان و تیرۆریستان و چ لە سەر ئاستی دیپلوماسیی جیهانی، ئیرادەی گەلی کوردستانی سەرخست و پێکەوەژیانی گەلانی لە کوردستان زیاتر بەرجەستە کرد و ئومێد و بڕوا بەخۆبوونی گەلەکەمانی بە مافە ڕەواکانی زیندوو کردەوە.

ئەمڕۆ لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە کە ھەرێمەکەمان و ناوچەکە، گیرۆدەی قەیرانی سەختی تەندروستی و ئابووری بووەتەوە، باشترین ڕێکار بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە، بەر لە ھەر شتێک یەکڕیزی و تەبایی ناوخۆی کوردستانە، هیوادارم گشت لایەکـ، بەرپرسیارانە تواناکانمان یەک بخەین بۆ ئەوەی وەک ھەمیشە، بە سەر کۆسپ وسەختییەکان زاڵ بین و هەموو کێشەکانی دەڤەرەکەش لە ڕێگەی ئاشتی و گفتوگۆوە چارەسەر بکەین.

لەم بۆنەیەدا بە تایبەتی پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و كەسوکاری ئەنفالکراوان و کیمباران و زیندانییانی سیاسیی گەلەکەمان دەکەم.

ئەم یادە پیرۆزە پایەدار بێت و هیوای تەمەندرێژی بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی دەخوازم و ئومێدەوارم لە ژێر ڕێبەرایەتی ئەودا، گەلەکەمان بە هەموو ئاواتەکانی بگات.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.