هه‌نجیری ئاكرێ هه‌نارده‌ی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا ده‌كرێت

باوترین جۆریان ئه‌حیا به‌گه‌ كه‌ تام و بۆنێكی تایبه‌تی هه‌یه‌ و په‌لكی ته‌نكتره‌

ھه‌نجیری ئاكرێ تام و بۆن و شێوه‌ی له‌گه‌ڵ ھه‌نجیری شوێنه‌كانی دیكه‌ی ھه‌رێمی كوردستان و عێراق جیاوازه‌، ھه‌ر ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ دانیشتوانی عێراق و گه‌شتیارانی بیانی ھه‌نجیری ئاكرێ له‌گه‌ڵ خۆیاندا ببه‌نه‌وه‌.

ئه‌حیا به‌گ، بێناتی، ھه‌نجیره‌ ره‌ش، ته‌فسك زه‌رد و ره‌ش، ھه‌نجیره‌ دێم، ھه‌نجیره‌ پاییز و سوورخاڵ، ناوی ئه‌وجۆره‌ هه‌نجیرانه‌ن كه‌ ساڵانه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌ورووپا و ئه‌مریكا ده‌كرێت.

ساڵانه‌ له‌ مانگی ئاب تا مانگی تشرینی یه‌كه‌م وه‌رزی پێگه‌یشتنی هه‌نجیره‌ له‌ ئاكرێ و به‌ گوته‌ی خاوه‌ن باخێكی هه‌نجیریش، ساڵانه‌ جۆره‌كانی هه‌نجیر ره‌وانه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و ده‌ره‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ به‌وه‌یش ده‌كات كه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی چه‌ندین جۆری هه‌نجیر، به‌ڵام جۆری ئه‌حیا به‌گ، یه‌كێك له‌ باوترین جۆره‌كانی هه‌نجیره‌ كه‌ خواستێكی زۆری له‌سه‌ره‌.

شه‌هاب فارس ،خاوه‌ن باخی هه‌نجیر و ئه‌ندازیاری كشتوكاڵ، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ كڕیاریان له‌ هه‌موو شوێنه‌كانی عێراق هه‌یه‌ و زۆرجاریش هه‌نجیری باخه‌كه‌یان ناردووه‌ته‌ ئه‌مریكا و راشیده‌گه‌یه‌نێت كه‌ به‌نیازن ساڵی داهاتوو په‌ره‌ به‌ كاره‌كه‌یان بده‌ن.

شه‌هاب فارس-ی ته‌مه‌ن ٦٥ ساڵ به‌ ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگه‌یاندووه‌،هه‌نجیر له‌ سه‌ره‌تای مانگی ئاب پێ ده‌گات، به‌ڵام ئه‌مساڵ پێش جه‌ژنی قوربان هه‌نجیر پێگه‌یی و هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌ بوو كه‌ كه‌شوهه‌وا گه‌رم بوو، ئاویش هه‌بوو، مانگی ئه‌یلوول تا مانگی تشرینی یه‌كه‌م وه‌رزی پێگه‌یشتنی هه‌نجیره‌ و به‌ درێژایی ئه‌م ماوه‌یه‌ خه‌ریكی لێكردنه‌وه‌ی هه‌نجیر ده‌بین.

11

خاوه‌ن باخی هه‌نجیر، شه‌هاب فارس سه‌به‌ته‌یه‌كی له‌ دار دروستكراو و گۆچانێكی داری بۆ لێكردنه‌وه‌ی ھه‌نجیر به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ ھه‌ر دارێك چه‌ند ھه‌نجیرێك ده‌خاته‌ ناو سه‌به‌ته‌كه‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا كه‌ هه‌موو رۆژ كاتژمێر پێنجی به‌یانی ھه‌نجیره‌كانیان ده‌ڕنن و رووبه‌ری باخه‌كه‌یش دوو دۆنمه‌ و چه‌ندین دار هه‌نجیری له‌ناودایه‌ و داره‌كانیش له‌ چه‌ندین جۆری هه‌نجیر پێكدێن و له‌باره‌ی جۆره‌كانی هه‌نجیریشه‌وه‌ ده‌ڵێت "هه‌نجیر چه‌ند جۆرێكی هه‌یه‌ له‌وانه‌، ئه‌حیا به‌گ، بێناتی، ھه‌نجیره‌ ره‌ش، ته‌فسك زه‌رد و ره‌ش، ھه‌نجیره‌ دێم، ھه‌نجیره‌ پاییز و سوورخاڵ و چه‌ند جۆرێكی دیكه‌یش، هه‌نجیر له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، به‌ڵام باوترین جۆریان ئه‌حیا به‌گه‌ كه‌ تام و بۆنێكی تایبه‌تی هه‌یه‌، هه‌روه‌ها په‌لكی هه‌نجیره‌كه‌ ته‌نكتره‌.

ھه‌نجیر میوه‌یه‌كی خۆشی وه‌رزی ھاوینه‌ و میوه‌یه‌كی پڕ كانزایه‌، به‌ ته‌ڕی و به‌ وشكی ده‌خورێت و له‌ خێزانی تووه‌كانه‌ ، ئه‌و میوه‌یه‌ وه‌كو میوه‌كانی دیكه‌ نییه‌ له‌ رووی خواردنه‌وه‌، تا به‌ ته‌واوی پێ نه‌گات ناخورێت، خوای گه‌وره‌ سوره‌تێكی به‌ ناوی ھه‌نجیر دابه‌زاندووه‌، سوێند خواردنی خودای گه‌وره‌ به‌م میوه‌یه‌، گرنگیدانه‌ به‌ سووده‌كانی ئه‌و میوه‌یه‌ و له‌باره‌ی به‌شێك له‌ سووده‌كانی هه‌نجیریش، شه‌هاب فارس گوتی: "من هه‌موو رۆژ كاتژمێر پێنجی به‌یانی ده‌ست به‌ لێكردنه‌وه‌ی هه‌نجیر ده‌كه‌م و له‌ ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵییه‌وه‌ تا ئیستا له‌م بواره‌ كار ده‌كه‌م، پێشتر چه‌ند دار هه‌نجیرێكمان هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا وه‌ك ده‌بینین له‌ ژماردن نایه‌ و له‌ داهاتووشدا زیاتر په‌ره‌ به‌ بواره‌كه‌ ده‌ده‌ین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا هه‌نجیر سوودی زۆره‌، كانزای مه‌گنسیۆم و كالیسیۆم و چه‌ندین كانزای دیكه‌ی تیادایه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌نجیرێك بخه‌یته‌ ناو ئاو و به‌یانییه‌كه‌ی ئاوه‌كه‌ی بخۆیته‌وه‌ كاریگه‌ری باشی هه‌یه‌ بۆ نه‌خۆشی شه‌كره‌ و چه‌ندین نه‌خۆشی دیكه‌.

22

هه‌نجیر بۆ دروستكردنی موره‌با و سه‌وك و له‌تكه‌ هه‌نجیر سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت و له‌باره‌ی كڕیاره‌كانی هه‌نجیری باخه‌كه‌ی، شه‌هاب فارس ده‌ڵێت "ساڵانه‌ به‌قال هه‌یه‌ له‌ ئاكرێ هه‌نجیره‌كه‌مان لێ ده‌كڕێت و له‌وێیه‌وه‌ ده‌ینرێت بۆ هه‌ولێر، دهۆك، به‌غدا و ئه‌ورووپا، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌مریكاش ده‌ینێرین، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی كه‌می كڕیاره‌وه‌ نرخ دابه‌زیووه‌، ساڵانه‌ ئێمه‌ كیلۆی به‌ پێنج هه‌زار ده‌ماندا به‌ به‌قاله‌كان، به‌ڵام ئه‌مساڵ نرخه‌كه‌ی بۆ نیوه‌ دابه‌زیوه‌.

13

به‌قالێك كه‌ ماوه‌ی ٢٢ ساڵه‌ له‌ دوكانه‌كه‌ی كار ده‌كات، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ حه‌ز به‌ فرۆشتنی به‌رهه‌می خۆماڵی ده‌كات و سماقی ئاكرێ، سركه‌ی هه‌نار و چه‌ندین شتی دیكه‌ی خۆماڵی له‌ دوكانه‌كه‌یدا ده‌بینرێت و رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ له‌ئێستادا به‌هۆی پێگه‌یشتنی هه‌نجیر، كڕیاری تایبه‌تییان هه‌یه‌ و به‌ره‌و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌ینێرن.

خالید ره‌شید یاسین كه‌ ماوه‌ی ٢٢ ساڵه‌ له‌ دوكانه‌كه‌یدا كار ده‌كات، گوتی: ماوه‌ی ٢٢ ساڵه‌ لێره‌ كار ده‌كه‌م و هه‌موو به‌رهه‌می سروشتیی ده‌فرۆشین، ئێستا وه‌رزی هه‌نجیره‌ و له‌ مانگی ئاب تا مانگی ١١ فرۆشتنی هه‌نجیر به‌رده‌وام ده‌بێت.

خالید ره‌شید ده‌شڵێت :ئه‌مساڵ به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بازگه‌كان به‌ستراون و به‌مهۆیه‌وه‌ خه‌ڵك ناتوانێت بێته‌ ئاكرێ، ئه‌گه‌رنا خه‌ڵك له‌ هه‌موو شاره‌كانی عێراق ده‌هاتنه‌ ئێره‌ بۆ كڕینی شتی خۆماڵی، چونكه‌ هه‌نجیری ئه‌حیا به‌گ ته‌نها له‌ خاكی ئاكرێ پێ ده‌گات، ئه‌مه‌یش وای كردووه‌ كه‌ رێژه‌یه‌كی زۆر داری هه‌نجیر له‌ جۆری ئه‌حیا به‌گ له‌ ئاكرێ بچێندرێت.