سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی 32 ساڵەی ئەنفالی بادینان په‌یامێكى بلاوكرده‌وه‌

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی:

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

تاوانی ئەنفالی بادینان درێژكراوەی ئەو زنجیرە تاوان و كارەساتانە بوو كە رژێمی پێشووی عێراق بە مەبەستی قڕكردن و لەناوبردنی گەلی كوردستان لە هەشتاكانی سەدەی بیستەمدا لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان ئەنجامی دا. لە 25ـی ئابی 1988 هەتا 6ـی ئەیلوولی 1988ـدا بەشێكی زۆری ناوچە و گوندەكانی دەڤەری بادینان كەوتنە بەر هەڵمەتی نامرۆڤانەی كیمیابارانكردن، گرتن، كوشتن، راگواستن و ئەنفالی هاووڵاتیانی بێ تاوان لە لایەن هێزەكانی رژێمی ئەو كاتی عێراق. بە هەزاران كەس شەهید، بێ سەروشوێن و ئاوارە كران و سەدان گوندیش خاپوور كرا.

گەورەترین كێشەی رژێمەكانی پێشوو و نەیارانی كوردستان، بوونی گەلێك بوو كە خاوەنی مێژوو و جیۆگرافیا و تایبەتمەندییەكانی نەتەوە بوو. ئەوان مەبەستیان بوو لە رێگەی زەبر و زەنگ و جینۆساید و ئەنفال و گۆڕینی دیموگرافییەوە كۆتایی بە بوونی گەلی كوردستان بهێنن. بەڵام خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان رێگەی لەوە گرت ئەو پیلانە شووم و نامرۆڤانەیە سەر بگرێت.

لە یادی كارەساتی ئەنفالی بادیناندا جەخت لە رەوایەتیی ماف و داواكارییەكانی گەلەكەمان دەكەینەوە و پێویستیشە دەوڵەتی عێراق قەرەبووی هەموو ئەو تاوان و كارەساتانە بكاتەوە كە لە سەد ساڵی رابردوو بەسەر گەلی كوردستانی هێناوە.

لەو یاده‌ تاڵەدا سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ئەنفالی بادینان و گەرمیان و بارزان و هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادیی كوردستان دەنێرین و راشیدەگەیێنین، كە هەرگیز ئەو زوڵم و نەهامەتی و تاوانانە لە یاد ناكەین كە لەدژی گەلەكەمان كراون.

مسعود بارزانی

25ـی ئابی 2020