رێككه‌وتنى هه‌ولێر و به‌غدا دۆخى ئابوورى ده‌بووژێنێته‌وه‌

شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا کۆدەبنەوە و ڕێککەوتنێکی تەواو لەبارەی بودجەی گشتیی

شاره‌زایان و ئابووریناسان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن ، ئه‌گه‌ر به‌غداو هه‌ولێر له‌سه‌ر كێشه‌كانى نێوانیان بگه‌نه‌ ئه‌نجام و رێككه‌وتن، ئه‌وا دۆخى ئابوورى ته‌واوى عێراق جارێكى تر ده‌بووژێته‌وه‌و ده‌رفه‌تێكى ڕه‌نگین له‌به‌رده‌م پێشخستنى وه‌به‌رهێنان له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌كاته‌وه‌و كۆمپانیاكانى بیانی به‌و په‌رى ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ڕوو له‌ عێراق ده‌كه‌ن و ده‌ست به‌ وه‌به‌رهێنانى خۆیان ده‌كه‌ن. 

له‌م باره‌وه‌ پەرلەمانتارێکی کورد ڕایگەیاند، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدا کۆدەبنەوە و ڕێککەوتنێکی تەواو لەبارەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ واژۆ دەکەن. ئابووریناسێکیش ئاشکرای دەکات، ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دۆخەکە بەرەو بووژانەوەی ئابووری دەبات، ھەروەھا ھەرێمی کوردستان، قۆناغە دژوارەکانی تێپەڕاندووە و بەرەو ئاسۆیەکی گەش دەڕوات. 

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە باسی ڕاگەیاند، ڕێککەوتنی نێوان ھەرێمی كوردستان و عێراقی فیدرال یەکلایی بووەتەوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکەن و لە داهاتووشدا ڕێککەوتنێکی تەواو لەسەر بنەمای بودجەی گشتیی عێراق پەسەند دەکەن.

ڕوونیشی كردەوە" ڕێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا  تاوەکوو ئەوکاتە دەبێت کە دەنگ لەسەر یاسای بودجەی گشتیی عێراق دەدرێت بۆ ساڵی ٢٠٢١، دوای ئەوە ڕێککەوتنەکە بەشێک دەبێت لە یاسای بودجە و لە یاسای بودجەی عێراقدا جێگەی دەکرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، مەیادە نەجاڕ، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند، بۆ ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا، نزیکبوونەوە و  لێک تێگەیشتنێکی زۆر باش ھەیە، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندی ھەرێمی کوردستان و بەغدا کۆببنەوە، بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت.

گوتیشی" حکوومەتی عێراق لەوە تێگەیشتووە، بەبێ کورد ناتوانێت لە پڕۆسەی سیاسی سەرکەوتوو بێت، بۆیە ھەوڵی ئەوە دەدات، بەپێی دەستوور کێشەکانی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان چارەسەر بکات، بێگومان ئێستا ھەموو ھەنگاوەکان بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان ھەنگاو دەنێن.

ئاماژەی بەوەش کرد" ھەرچەندە قەیرانی دارایی تەنگی بە عێراق و وڵاتانی دیکە ھەڵچنیوە، بەڵام شاندی ھەرێمی کوردستان، ھەموو ھەوڵەکانی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ ئەوەی زۆرترین مافەکانی خەڵکی کوردستان بەدەست بھێنێت، بەتایبەتی کێشەی مووچەی فارمانبەران، ھێزی پێشمەرگە، کێشەی مادەی ١٤٠، لەگەڵ چەند کێشەیەکی ھەڵپەسێردراو، چونکە ئێمە ناتوانین تەنیا جەخت لە کێشەی مووچە بکەینەوە، دەبێت جگە لە کێشەی مووچەی فەرمانبەران، ھەوڵی چارەسەرکردنی بەشێکی زۆری کێشەکان بدەین.

لەلایەکی دیکەوە، نەوزاد شێخ کامیل، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای ئابوورییناسانی کوردستان بە باسى ڕاگەیاند، ھەر ڕێککەوتنێکی سیاسی و ئابووری لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ئەنجام بدرێت، بە قازانجی بووژانەوەی ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەشکێتەوە، چونکە بڕە پارەیەکی زۆر لە بەغداوە دێتە بازاڕەکانی کوردستان، بێ گومان کاتێک ئەو پارەیە دێتە ھەرێمی کوردستان، جگە لەوەی بازاڕ دەبووژێنێتەوە، ئابووری و جووڵەی بازرگانییش بەھێز دەکات.

گوتیشی" ھەرێمی کوردستان قۆناغە دژوارەکانی تێپەڕاندووە و بەرەو ئاسۆیەکی گەشتر دەڕۆین، چونکە ھەموو ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن پێمان دەڵێن، کرانەوەیەکی سیاسی لەئارادا ھەیە، چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ شاندە بازرگانی و ئابووری و سیاسییەکان دێنە ھەرێمی کوردستان، ئامانجی سەرەکیی شاندەکان ئەوەیە، کۆنتاک لەگەڵ بازرگانان و سەرمایەداران و بەرپرسانی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی پڕۆژەی خۆیان ھەبێت، ھەروەھا ئێستا حکوومەتی عێراق ھاتووەتە پێشەوە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان داوای دانیشتن و گفتوگۆ دەکات، بۆیە ھەموو ھەنگاوەکان بەو ئاراستەیەدا دەڕۆن، کە بارودۆخی ئابووریی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ئایندە زۆر باش دەبێت.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ ، حەنین قەدو، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هاوپەیمانی فەتح رایگەیاند، بە پێنج مەرج سەرجەم کوتلە سیاسییەکان پشتیوانی لە رێکەوتنی هەرێم و بەغدا دەکەن.

حەنین قەدو لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغداو هەولێر زۆر ئاڵۆزن، بەڵام هەر کاتێک کێشەکانی سەر پڕۆژە یاسای نەوت و غاز چارەسەر بکرێت، ئەو کێشانەی هەردوولاش چارەسەر دەکرێن، بەجۆرێکیش هەردوولا بەو چارەسەرانە رازی دەبن.

وتیشی، "هێزە سیاسییەکان ئامادەن بە پێنج مەرج پشتگیری هەر ڕێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێر بکەن، كاتێك هەرێم هەناردەی نەوت رادەستی بەغدا بکات، لەرێگەی کۆمپانیای سۆمۆی نیشتمانی عێراقیشەوە نەوت بفرۆشێت بۆئەوەی حکومەت خەرجی دارایی و موچەی هەرێمی کوردستان رەوانە بکات".

ئاماژەی بەوەشکرد، مەرجێکی دیکەش ئەوەیە کە دەبێت هەرێمی کوردستان داهاتی دەروازە سنورییەکان و باج و فڕۆکەخانەکان ڕادەست بکات، پابەندبوونیش بەو مەرجانە وادەکات هەردوولا بگەن رێکەوتنێکی باش.

ئەوەش لەکاتێکدایە، پێشتر ژمارەیەک شاندی حکومەتی هەرێم سەردانی بەغدایان کردوە و بڕیاریش لەچەند رۆژی داهاتوودا شاندێکی دیکە سەردانی بەغدا بکاتەوە، بەمەبەستی گەیشتن بەرێکەوتن لەسەر کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوولا و ناردنی بودجە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە.

نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكانيش، لاى خۆیه‌وه داوای لە ھەرێمی كوردستان و عێراق كرد، دەستوور بكەنە بنەما بۆ رێككەوتنی نێوانیان. شارەزایانی كاروباری نەتەوەیەكگرتووەكانیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە ئەمە مانای ئەوەیە ئیتر كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا رەھەندێكی نێودەوڵەتییان وەرگرتووە.

چارەسەری كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا، خەریكە دەبنە پرسێكی نێودەوڵەتی، ئەمەش دوای ئەوەی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان داوایكرد ھەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور رێكبكەون و رایگەیاند، چارەسەرنەكردنی كێشەكان دەگەڕێتەوە بۆ كارنەكردن بە دەستووری عێراق.

كرمانج عوسمان، پسپۆڕی دەستوور و شارەزای كارووباری نەتەوەیەكگرتووەكان گوتی: ئەمە دەرخەری ئەو راستیەیە،كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە جددیەوە لەسەر ھێڵە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا.

بەردەوام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان داوایكردووە كێشەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور چارەسەر بكرێن، بەڵام ھەنگاوەكانی حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق پێچەوانەی بڕگە و ماددەكانی دەستوور مامەڵەیان كردووە و كاریان بە دەستوور نەكردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

بێكەس قادر،  چاودێری سیاسی گوتی: ئەگەر دەستوور جێبەجێبكرایە، كێشەكانی عێراق بە ئێستا نەدەگەیشت. ئێمەی كورد پێویستمان بە لایەنی سێیەمە بۆ جێبەجێكردنی دەستوور، بە تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان.

حكومەتی عێراق خۆی لە چەندین ماددەی دەستووری پەیوەست بە ھەرێمی كوردستان دزیوەتەوە، گرنگترینیان جێبەجێكردنی ماددەی (140)ە، كە تایبەتە بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی كوردستان و شایستە داراییه‌كانی ھێزی پێشمەرگە وەك بەشێك لە ھێزی بەرگری عێراق و بودجە و مووچەی ھەرێمی كوردستان.