سزاكانى به‌كارنه‌هێنانى ماسك له‌ وولاتانى جیهاندا زياتر ده‌بنه‌وه‌

دواى بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (Covid-19) له‌ هه‌موو ولاتانى جیهاندا، كه‌ زیانێكی زۆری گیانی و ماددی به‌ر گشت وولاتان كه‌وتووه‌، به‌وهۆ یه‌وه‌ هه‌موو جیهان رێوشوێنی زۆر توندیان بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ گرتووه‌ته‌به‌ر، هه‌ندێك وڵاتیش ته‌نانه‌ت كه‌ره‌نتین و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆیان راگه‌یاندو دوای كه‌مبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسه‌كه‌ش‌ رێوشوێنه‌كان كه‌م كرانه‌وه‌، به‌ڵام به‌م دوایه‌ له‌گه‌ڵ دووباره‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووانى كۆرۆنا، وولاتان دووباره‌ رێوشوێنی توندیان گیرته‌ به‌ر، به‌ تایبه‌ت سه‌پاندنى جێبه‌جێكردنى رێنمایه‌كانى ته‌ندروستى، كه‌ یه‌كێك له‌و رێنمایانه‌ش به‌ستى ماسك بووه‌، كه‌ ئه‌گه‌رى بلاوبوونه‌وه‌ى ڤایرۆسى كۆرۆنا به‌ رێژه‌یه‌كى زۆر كه‌م ده‌كاته‌وه‌. 

ته‌نانه‌ت پزیشكانیش ده‌لێن" گرنگترین رێگای خۆپارێزی له‌ كۆرۆنا به‌كارهێنانی ماسكه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ناو هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ و شوێنه‌ داخراوه‌كاندا، هه‌ربۆیه‌ له‌ هه‌ندێك وڵاتى ئه‌ورووپا به‌كارهێنانی ماسك بووه‌ته‌ زۆره‌ملێ و سزاى دارایی له‌سه‌ره‌و هه‌ندێ وولاتیش سزاى نه‌به‌ستنى ماسك به‌رزتر ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌و گرنگییه‌ زۆره‌ى ده‌گه‌رێته‌وه‌، كه‌ ماسك رۆلى كاریگه‌رى هه‌یه‌ بۆ كه‌م كردنه‌وه‌ى رێژه‌ى تووشبووانى كۆرۆنا له‌ جیهاندا‌.

یه‌كێك له‌ وولاتانه‌ به‌لجیكایه‌، چونكه‌ زۆرێك له‌ دامه‌زراوه‌كانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا و ناتۆ له‌ بڕۆكسلی پایته‌ختی به‌لجیكان، بۆیه‌ له‌م وڵاته‌ هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت به‌ به‌كارهێنانی ده‌مامكه‌وه‌ به‌ 250 یورۆ سزا ده‌درێت. تا ئێستاش نزیكه‌ى 73 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و نزیكه‌ى 10 هه‌زار حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ له‌ به‌لجیكا تۆمار كراون.
 
هه‌روه‌ها له‌ فه‌ڕه‌نساش، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی په‌تای كۆرۆناوه‌ فه‌ڕه‌نسا یه‌كێك بووه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین حاڵه‌تی تیادا تۆمار كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ به‌شێكی شاره‌كان داوا له‌ هاووڵاتییان ده‌كرێت له‌ شوێنه‌ كراوه‌كانیشدا ماسك به‌كاربهێنن.هه‌ركه‌سێكیش پابه‌ندنه‌بێت به‌و یاسایه‌وه‌ به‌ 135 یورۆ سزا ده‌درێت.

تا ئێستاش نزیكه‌ى 197 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و زیاتر له‌ 30 هه‌زار حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا تۆمار كراوه‌.

له‌ ئیسپانیاش سزای به‌كارنه‌هێنانی ماسك تا شه‌ش هه‌زار یورۆ ده‌ڕوات.له‌ شوێنه‌ داخراو و كراوه‌كاندا پێویسته‌ هه‌ر كه‌سێك ته‌مه‌نی سه‌روو شه‌ش ساڵ بێت ماسك به‌كاربهێندرێت. ئه‌و كه‌سانه‌شی پابه‌ند نه‌بن به‌ به‌كارهێنانی ماسكه‌وه‌ به‌ بڕی 100 یورۆ سزا ده‌درێن، به‌ڵام ئه‌م سزایه‌ به‌گوێره‌ی شوێنه‌كان زیاد ده‌كات و به‌پێی ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی نه‌به‌ستنی ماسك دروستی ده‌كات بڕی سزاكه‌ زیاد ده‌كات به‌جۆرێك تا شه‌ش هه‌زار یورۆ ده‌ڕوات.
تا ئێستاش 355 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و نزیكه‌ى 30  هه‌زار حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان له‌ ئیسپانیا تۆمار كراوه‌.

ئیتاڵیاش، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ زۆرترین زیانی ماددی و گیانی به‌ركه‌وتووه‌ و تا ئێستا زیاتر له‌ 250 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ و زیاتر له‌ 35 هه‌زار حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌وه‌ی تیادا تۆمار كراوه‌.

سزای به‌كارنه‌هێنانی ماسك به‌پێی ناوچه‌كانی ئیتاڵیا ده‌گۆڕێت، كه‌ له‌ هه‌رێمی كامپانیا سزاكه‌ هه‌زار دۆلاره‌ و له‌ هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ و شوێنه‌ داخراوه‌كاندا به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێیه‌. له‌ هه‌رێمی لۆمباردیا كه‌ زۆرترین حاڵه‌ته‌كانی تووشبوون و گیان له‌ده‌ستدان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌ی لێ تۆمار كراوه‌ له‌ مانگی نیسانه‌وه‌ به‌كارهێنانی ماسك بووه‌ته‌ زۆره‌ملێ. سزای پابه‌ندنه‌بوون به‌م یاسایه‌ش له‌ جاری یه‌كه‌مدا، 400 یورۆیه‌ و له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌كردنه‌وه‌یه‌دا سێ هه‌زار یورۆیه‌.

هه‌روه‌ها له‌ كیشوه‌ری ئه‌ورووپادا، وڵاتی به‌ریتانیا زۆرترین حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان و تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێی تیادا تۆمار كراوه‌ كه‌ زیاتر له‌ 310 هه‌زار حاڵه‌تی تووشبوون و نزیكه‌ى 47 هه‌زار حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان بووه‌. له‌ شوێنه‌ داخراوه‌كاندا به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێیه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ندنه‌بێت به‌م یاسایه‌وه‌ به‌ بڕی 100 پاوه‌ند سزا ده‌درێت.

له‌ پورتوگالیش، له‌ناو هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌ و شوێنه‌ داخراوه‌كاندا، به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێیه‌، هه‌ركه‌سێكیش یاساكه‌ پێشێل بكات به‌ 350 یورۆ سزا ده‌درێت.
 
به‌راورد به‌ زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، هۆڵه‌ندا سزایه‌كی كه‌می له‌سه‌ر به‌كارنه‌هێنانی ده‌مامك داناوه‌. كه‌ به‌كارهێنانی ماسك له‌ هه‌موو شوێنێك زۆره‌ملێ نییه‌ و ته‌نها له‌ناو هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌دا پێویسته‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی ته‌مه‌نیان سه‌روو 13 ساڵه‌ ده‌مامك به‌كاربهێنن. ئه‌وانه‌یشی پابه‌ندی یاساكه‌ نه‌بن به‌ 95 یورۆ سزا ده‌درێن و له‌ ئه‌گه‌ری دووباره‌ كردنه‌وه‌دا به‌ 350 یورۆ سزا ده‌درێن. 

له‌ ئه‌ڵمانیاش، به‌كارهێنانی ماسك له‌ شوێنه‌ داخراوه‌كان و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌دا زۆره‌ملێیه‌و هه‌ركه‌سێكیش پابه‌ندنه‌بێت به‌ بڕی 150 یورۆ سزا ده‌درێت.

هه‌روه‌ها له‌ یۆنانیش، له‌ ده‌ستپێكی په‌تاكه‌وه‌ ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ به‌راورد به‌ وڵاتانی دیكه‌ كه‌متر بووه‌، به‌ڵام له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا ژماره‌كان هه‌ڵكشانیان به‌خۆوه‌بینی و ئه‌مه‌یش وای له‌ حكوومه‌تی یۆنان كرد رێوشوێنه‌كان توند بكاته‌وه‌.

له‌ئێستادا به‌كارهێنانی ماسك له‌ ته‌واوی شوێنه‌ داخراوه‌كان و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌دا زۆره‌ملێیه‌ و هه‌ركه‌سێك پابه‌ندنه‌بێت به‌ 150 یورۆ سزا ده‌درێت.

له‌ نه‌مساش تا كۆتایی مانگى ته‌مموز ته‌نها له‌ هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌، ناوه‌نده‌كانی ته‌ندروستیی و ده‌رمانخانه‌كاندا به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێ بوو، به‌ڵام له‌ دوای ئه‌م به‌رواره‌وه‌ به‌هۆی زیادبوونی ژماره‌ی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ له‌ ماركێت، بانك، پۆسته‌خانه‌ و فڕنه‌كانیشدا به‌كارهێنانی ماسك كرایه‌ زۆره‌ملێ و هه‌ركه‌سێكیش پابه‌ندنه‌بێت به‌ 50 یورۆ سزا ده‌درێت.

هه‌روه‌ها له‌ هه‌نگاریا له‌ ده‌ستپێكی وه‌رزی هاوینه‌وه‌ له‌ بازاڕه‌كان و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌دا به‌كارهێنانی ماسك بۆ كه‌سانی سه‌رووى شه‌ش ساڵ كراوه‌ته‌ زۆره‌ملێ. ئه‌و كه‌سانه‌ی پابه‌ندنه‌بن به‌ به‌كارهێنانی ماسكه‌وه‌ پۆلیس ده‌توانێت به‌ پێنج هه‌زار بۆ 500 هه‌زار فۆرینت سزایان بدات.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ بولگاریا ته‌نها له‌ ده‌رمانخانه‌، نه‌خۆشخانه‌ و هۆكاره‌كانی گواستنه‌وه‌دا به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێیه‌، به‌ڵام له‌ ده‌روازه‌ی چوونه‌ ژووره‌وه‌ی زۆر شوێن داوای به‌كارهێنانی ماسك له‌ میوانه‌كان ده‌كه‌ن. له‌و شوێنانه‌ی به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێیه‌، هه‌ركه‌س پابه‌ند نه‌بێت به‌ بڕی 300 لێڤا (150 یۆرۆ) سزا ده‌درێت.

له‌ وڵاتانی سكه‌نده‌ناڤیاش كه‌ بریتین له‌ سوید، نه‌رویج، دانمارك و فینلاند به‌كارهێنانی ماسك زۆره‌ملێ نییه‌و ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ندێك له‌و وڵاتانه‌ حكوومه‌ت ته‌نها هۆشداری ده‌دات به‌ هاووڵاتییان كه‌ ماسك به‌كاربهێنن.