ئاسۆیه‌كى ڕوون بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا

دواى ئه‌وه‌ى دوێنێ پێنجشەممە 2020.9.10، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێکی باڵا سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ سەرۆک بارزانی و هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئه‌مرۆ هه‌ینیش له‌گه‌ل نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان کۆبووەوە و كێشه‌كانى نێوان هەولێر و بەغدایان تاتوێ کرد.

له‌م باره‌وه‌ سەرۆک بارزانی لەبارەی دیدارەکەی خۆی لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاشکرای کردووە، لەگەڵ کازمی باسمان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ چارەسەکردنی کێشەکان کرد.

سەرۆک بارزانی، لە تۆڕەی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) بڵاوی کردووەتەوە: "خۆشحاڵ بووم بە پێشوازیکردن لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و گفتوگۆکردن لەسەر دوا پێشهاتەکان. من و سەرۆک وەزیران هەروەها باسمان لە چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ  چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی کرد".

ktv

دوێنێ پێنجشەممە 2020/9/10، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراق نیشاندا و بە ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دانا.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو کێشەکە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەیکی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن، گوتیشی: "مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی ڕەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت".

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەوەشی خستە روو، کە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەردەبڕین بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت.

هەروەها جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە کردەوە. بەتایبەتی کاراکردنی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.

ktv

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حکوومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی بە هێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی بنەمایەکی نوێ و پتەو بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

سەرۆک وەزیرانی عێراق گوتیشی: "سەرکەوتنی هەر بەشێکی عێراق سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق و من گەشبینم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، دەتوانین بە سەر ئاستەنگەکان سەربکەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئه‌مرۆ هه‌ینیش سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەی مستەفا کازمی و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هەردوولا داکۆکییان کردووە له‌ گرنگیى گفتوگۆى هه‌ولێر – به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێکی بنچینه‌یی كه‌ خزمه‌ت به‌ ته‌واوى وڵات و پێكهاته‌كانى بكات".

بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا دۆخى گشتیى وڵات و دۆسیە هاوبه‌شه‌كانى نێوان حكومه‌تى فیدراڵی و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران و هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى یه‌كڕیزى و یه‌كهه‌ڵوێستى بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ و ئاڵنگارییەکانی ئێستا كردووەتەوە.

هەروەها نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی و مستەفا کازمی رایگەیاند، هەردوولا تاوتوێی مەلەفە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و جەختیان لە گرنگیی یەکخستنی ریز و هەڵوێستەکانیان لەئاست ئاڵنگارییەکانی ئێستای بەردەم وڵاتدا کردەوە.

ktv

بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە گرنگیی گرتنەبەری گفتوگۆی ئاڵوگۆڕکراو و دەستووری وڵات وەکو چەترێک بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان کرایەوە.
 
هاوکات سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی لە توویتێکدا رایگەیاند، گفتوگۆی بەرهەمدارمان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
 
لە توویتێکدا نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێم لەبارەی کۆبوونەوەی لەگەڵ مستەفا کازمی نووسیویەتی "خۆشحاڵم ئەم بەیانییە لە هەولێر پێشوازیم لە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری کرد. بەردەوامیمان دا بە گفتوگۆ بنیاتنەرانەکانمان تایبەت بە چارەسەرکردنی مژارە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق و تاوتوێکردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوانمان".

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ هاوپەیمانیی "عێراقیون" بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم پێیوایە سەردانەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان و دیداری لەگەڵ بەرپرسانی باڵای كوردستاندا دەبێتە هۆی خێرا چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.

لەمبارەیەوە پەرلەمانتار عەبد عەون عەبادی لە هاوپەیمانیی عێراقیون رایگەیاند" سەردانی كازمی بۆ هەرێمی كوردستان دەبێتە هۆی خێراتر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی، بە تایبەتییش كە كۆبوونەوەكان بە شێوەیەكی راستەوخۆ لەلایەن بڕیاربەدەستەكانەوە ئەنجام دران، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە و بیر و بۆچوونەكان لەیەكدی نزیكتر دەكاتەوە.

ناڤهاتى گوتیشی" حكوومەتی مستەفا كازمی هەوڵ دەدات ڕێگەچارە بۆ تەواوی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان بدۆزێتەوە، ئەمەش لە ڕێگەی دەستووری هەمیشەیی عێراق و گفتوگۆوە ئەنجام دەدات.

پەرلەمانتارەكەی عێراقیون پێیوایە مستەفا كازمی نایەوێت كێشەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان قووڵتر بكاتەوە، بەڵكو ئامانجی دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دەستووریە، بە جۆرێك خزمەت بە هەردوولا بكات.

له‌ لاى خۆیه‌وه‌، نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی بەیاننامەیەکی لەبارەی کۆبوونەوەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک بارزانی دەرکردووە و تێیدا رایگەیاندووە، لەکۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئێستای عێراق و هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی پێشوەختە، کراوە.

نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەش داوە، کە لەکۆبوونەوەکەدا باس لە گرنگیی هەماهەنگیی هەولێر و بەغدا کراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هەماهەنگیی بەرزی هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان هۆکاری سەرکەوتن بوو بەسەر داعش.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، مستەفا کازمی رایگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بەشێکی سەرەکیی عێراقە و دانوستاندن و گفتوگۆی هەردولا لەسەر بنەمای دەستوور، داهاتووێکی گەش و سەقامگیر بۆ عێراق فەراهەم دەکات.

ئه‌مرۆ هه‌ینى، مستەفا کازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتووتە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی و بڕیارە چەندین دیدار ئەنجام بدات.

بڕیارە لە سەردانەكەیدا بۆ سلێمانی و هەڵەبجە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق چاوی بە بەرپرسانی ئیداری هەردوو پارێزگاكە بكەوێت و پێكەوە گفتوگۆ لەسەر كێشە و گرفتەكانی هەردوو پارێزگاكە بكەن.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆش، مستەفا كازمی ده‌چێتە هەڵەبجە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری پارێزگاكە كۆده‌بێتەوە و دواتر سەردانی مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجە ده‌كات و تاجە گوڵی رێز و وەفا لەسەر گڵكۆی شەهیدان داده‌نێت.

هەر لەو سەردانەیدا بڕیارە كازمی چاوی بە بەشێك لە كەسوكاری قوربانیانی كارەساتی كیمیابارانی هەڵەبجە بكەوێت و دوای تەواوبونی سەردانەكەی ، پاشنیوەڕۆ  دەگەڕێتەوە سلێمانی و لەرێگەی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانییەوە كۆتایی بە سەردانەكەی دەهێنێت بۆ هەرێمی كوردستان.

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، باسی له‌ گرنگی و ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، مه‌سرور بارزانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق، مسته‌فا كازمی كرد و رایگه‌یاند، ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی گرنگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ده‌ستپێكردنی گفتوگۆكان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور.

جووتیار عادل گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتی" ئه‌م سه‌ردانه‌ گرنگه‌ بۆ له‌یه‌كنزیككردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌ جیاوازه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌ن.

جووتیار عادل گوتیشی" ئێمه‌ له‌سه‌ر سێ ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی گفتوگۆ ده‌كه‌ین، یه‌كه‌میان: پرسی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌ و دووه‌میان: پرسی ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان و سێیه‌میان: پرسی پێشمه‌رگه‌یه‌. ئه‌م بابه‌تانه‌ پرسی سه‌ره‌كی گفتوگۆكانه‌ و تێگه‌یشتنێك هه‌یه‌ به‌ گوێره‌ی ده‌ستوور.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، هه‌رێمی كوردستان له‌م ماوه‌یه‌ ئاماده‌یه‌ هه‌موو ئه‌و ورده‌كاری له‌ بواری نه‌وت، قه‌رزه‌كان، پرسه‌ سیاسییه‌كان، هه‌یه‌ بیانخاته‌ڕوو بۆ به‌غدا و له‌ به‌رامبه‌ریشدا به‌غدا بتوانێت له‌ یاسای بودجه‌ی 2021 جێگیری بكات.

مسته‌فا كازمی، هه‌ر دوێنێ پاش نیوه‌رۆ سه‌ردانى پارێزگاى دهۆكى كردو سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، له‌ لێدوانێكدا له‌ كامپی قادیا له‌ پارێزگای دهۆك، رایگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی زۆر باشیان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی باڵای هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامداوه‌، به‌هیوای گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێك بۆ كێشه‌كان. باسی له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی شنگال و دۆخی ئه‌منی ئه‌و ناوچه‌یەش‌ كرد‌.

كازمی گوتی" ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین كێشه‌ی ئه‌منی شنگال چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ناوچه‌كه‌ له‌لایه‌ن خودی خه‌ڵكی ناوچه‌كەوە بپارێزرێت و به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر‌. گوتیشی" په‌نا به‌خوا ئاواره‌كانی شنگال ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.

سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی كوردستان گوتی" كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی هه‌رێم هه‌بوو، كۆبوونه‌وەكە زۆر باش بوو، گفتوگۆمان له‌سه‌ر هه‌موو بواره‌كان كرد به‌مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگیكردن، به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشه‌یه‌.

ھەر لە میانی سەردانیدا بۆ پارێزگای دھۆك، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌سوكاری قوربانیانی ئەنفالی بادینانی بەسەركردەوە، رایگه‌یاند،  ئه‌نفال و ته‌واوی قوربانیانی رژێم ئازارێكی عێراقییه‌، ئازارێكی مرۆڤایه‌تییه‌ و ده‌بێت په‌ند له‌ وانه‌كان وه‌ربگرین و ئه‌وه‌ی كه‌ روویداوه‌ جارێكی دیكه‌ دووبارە نه‌بێته‌وه.

ھەروەھا گوتی" ده‌بێت پارێزگاری له‌ سیسته‌می دیموكراسی بكه‌ین له‌ رێگا‌ی بنیادنانی ژێرخان و په‌ره‌پێدانی وڵاته‌كه‌مان له‌ بواره‌كانی په‌روه‌رده‌ و فێركردن و ته‌ندروستیی. ئه‌مه‌ وانه‌یه‌كه‌ ده‌بێ لێیه‌وه‌ فێربین.

دیسان جەختیشیكردەوە، لێكتێگه‌یشتن له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و حكومه‌تی هه‌رێم هه‌یه‌، و گفتوگۆ و په‌یوه‌ندییه‌كان زۆر باش بوون و سه‌ركه‌وتوبوون، ده‌بێت هه‌مووان پاڵپشتی یه‌كتر بكه‌ین، ئاسته‌نگی ئابووریمان هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌مووان به‌رپرسیاربن، و به‌ڵێنمانداوه‌ به‌ چاره‌سه‌ركردنی ته‌واوی كێشه‌كان‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی حكومه‌تی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئیبراهیم خه‌لیل، مسته‌فا كازمی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی ده‌روازه‌كه‌ دیداری هه‌بووه‌.

له‌و میانه‌یه‌دا سه‌رۆكی حكومه‌تی به‌غدا رایگه‌یاندووه‌، سه‌ردانه‌كه‌ی به‌ ئامانجی كامڵ كردنی ئه‌و هه‌وڵانه‌یه‌ كه‌ هه‌ن له‌ نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی به‌غدا. له‌وانه‌ كاراكردنی كاركردن له‌ بواری ده‌روازه‌ سنوورییه‌كان. روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، كه‌شوهه‌وایه‌كی ئه‌رێنی له‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و عێراقه‌.

مسته‌فا كازمی باسی له‌وه‌ كرد، پێویسته‌ ده‌روازه‌ی ئیبراهیم خه‌لیل پێشبخرێت و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ حكومه‌تی ئیتیحادی و هه‌ولێر له‌و باره‌یه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی زیاتر ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌رێنی له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵكی عێراق دروست ده‌كات.

شاره‌زایان پێیانوان وایه‌، سه‌ردانى ئه‌م جاره‌ى كازمى بۆ هه‌رێمى كوردستان، ده‌بێته‌ ئاسۆیه‌كى ڕوون بۆ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى كێشه‌ هه‌لپه‌سێردراوه‌كانى چه‌ند ساڵه‌ى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا، كه‌ له‌ داهاتوودا كاریگه‌رى ئه‌رێنى ده‌بێت بۆ سه‌ر ئاساییكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و گه‌راندنه‌وه‌ى ژیانێكى نوێ و خۆشگوزه‌ران بۆ ته‌واوى خه‌لكى عێراق.