بێگەرد تاڵەبانی: 10 تەرزی تری نوێمان ئامادە كرد وەزارەتی كشتوكاڵ خاوەنی 17 تەرزی گەنمە

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێم خاوەنی 17 تەرزی گەنمە، بێگەرد تاڵەبانیش دەڵێت: 10 تەرزی تری گەنم و جۆمان ئامادە كرد.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند: سەرەڕای ئەوەی 17 تەرزی گەنمی ئارد و ساوەرمان هەیە و ساڵانە وەك بنەتۆی گەنم بەسەر جوتیاران دابەشی دەكەین، بەڕێوەبەرایەتی گشتی  توێژینەوە و رێنمایی كشتوكاڵی بەردەوامە لەسەر تەرزی نوێ.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو باسی لەوەشكردووە، لە ئێستادا 9 تەرزی گەنم و 1تەرزی جۆ لە توێژینەوە سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و نێردراون بۆ پەسندكردن، پاشان بەسەر جوتیارانی خۆمان وەك بنەتۆ دابەشی دەكەین بە نرخی پاڵپشتی.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەم تەرزە خۆماڵیانە زیاتر لە تەرزی هاوردە بەرگەی كەش و هەوای كوردستان دەرگرن و بەبڕشترن و لەسەردانەكانمان بۆ لای جوتیاران پێیان راگەیاندووین كە ئەوان ئێستا ئەم تەرزانە بەكار دەهێنن و بەرهەمێكی زۆر باشیان هەبووە.

وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو دەستخۆشیی لە ستافی توێژینەوە كردووە و دەڵێت،  لەم دۆخەدا بەردەوامن لە توێژینەوەكانیان بۆ تەرزی نوێ، دەست لەناودەست بۆ بەرەو پێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ و ئاودێری.