هونه‌رمه‌ند ميديا حسێن .. مه‌رگى ناوه‌ختى عه‌تا چاوشين ژان و ئازارى برا شه‌هيده‌كانمى بيربردمه‌وه‌

هونه‌رمه‌ندان ميديا حسێن و عه‌تا چاوشين دوو هاوڕێ و هونه‌رمه‌ندى يه‌ك كات و سه‌رده‌م بوون

جه‌مالى ده‌لاك
له‌هه‌ر ڕووداو و كاره‌ساتێكى تراژيديا به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هاتبێت  ،هونه‌رمه‌ند ميديا حسێن خامه‌ى پرهه‌ست ولێوان لێو له‌جوانى خستۆته‌كار و ئه‌و كاره‌ساته‌ى به‌و دنيا جوانه‌ى شيعرى خۆى ده‌ربڕيوه‌و پاشان به‌ده‌نگه‌ زولاڵ و خۆشه‌كه‌ى چڕيويه‌تى و گوێگران و هۆگرانى ده‌نگى پێ سه‌رسام كردووه‌ .

ڕۆژى 9/9/2020 مه‌راسيمى په‌رده‌لان له‌سه‌ر په‌يكه‌ر و كردنه‌وه‌ى باخچه‌يه‌ك به‌ناوى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو (عه‌تاچاوشين ) كرايه‌وه‌ ،جياله‌خانه‌واده‌ى هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو زۆر له‌هونه‌رمه‌ندان و هاوڕێيان و شه‌يدايانى ده‌نگى هونه‌رمه‌ند عه‌تا چاوشين ئاماده‌ى ئه‌و مه‌راسيمه‌ بوون ، يه‌كێك له‌و مه‌قامه‌ پڕ هه‌سته‌ دابڕانه و كۆچه‌ ئه‌به‌دييه‌ى عه‌تا چاوشين ‌ كه‌له‌و مه‌راسيمه‌دا خوێندرا به‌ده‌نگى هونه‌رمه‌ند ميديا حسێن بوو ،  
هونه‌رمه‌ندان ميديا حسێن و عه‌تا چاوشين  دوو هاوڕێ و هونه‌رمه‌ندى يه‌ك كات و سه‌رده‌م بوون كه‌ پێوه‌ندى برايانه‌و  هونه‌رييان پێكه‌وه‌ گرێدابوو  ، هه‌ردووكيان خاوه‌ن ده‌نگ و گه‌روويه‌كى جوان و پاراوى كوردى ، شاعير و ئاوازدانه‌رى به‌رهه‌مه‌كانيان بوون ، دوو هه‌ستى زۆر لێك نزيك و وه‌ك كانياوێكى سازگارى وڵات هه‌ميشه‌  خاوه‌نى وشه‌ى ڕه‌سه‌ن وجوانى كوردى بوون  كه‌له‌به‌رهه‌مه‌كانياندا به‌شێوه‌يه‌كى ته‌ندروست و گونجا له‌ به‌ندو كۆپله‌ى گۆرانيه‌كانيادا دايان ڕشتووه‌ ،،،
له‌كۆتايي مه‌راسيمه‌كه‌دا پرسيارێك ئاراسته‌ى هونه‌رمه‌ند ميديا حسێن كرا  هۆكارى  دانانى ئه‌و  هۆنراوه‌يه‌ له‌چييه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌ .
دواى هه‌ڵكێشانى ئاخێكى قوڵ ، دوێنێ شه‌و واته‌ 8/9/2020 ده‌ستم دايه‌ خامه‌ تا ناخى پڕ زامارم بۆكاكه‌ عه‌تاى براو هاوڕێي و هونه‌رمه‌ند ده‌رببڕم ،به‌ڵام باوه‌ڕتان هه‌بێت مه‌رگى كاكه‌ عه‌تا ژان و ئازار و ناسۆرى برا شه‌هيده‌كانمى بيربردمه‌وه‌ ،ئاى چ ئازارێكى سه‌خته‌ ، له‌سۆزو خۆشه‌ويستى برايه‌تيمانه‌وه‌ ئه‌و هۆنراوه‌يه‌ هاته‌بوون ، ناتوانم  ئه‌ ‌ومێژووه‌ جوانه فه‌رامۆش بكه‌م و زامێكى زۆر قوڵه‌و مه‌حاڵه‌ وازوو ساڕێژ بێت.
هۆنراوه‌ى هونه‌رمه‌ند ميديا حسێن بۆ مه‌رگى ناوه‌ختى عه‌تا چاوشين ....
په‌ست  و په‌رێشانه‌ بێ تۆ  شاره‌كه‌ى سالم كاكه‌ سوور
غه‌ريبستانه‌ به‌بێ تۆ  خانه‌قا و سه‌راو پيرمه‌سوور
بێ شه‌وق و بێ زه‌وقه‌ وڵات  هه‌رله‌كوێستان تا گه‌رمه‌سێر
شينى عه‌زيزانيان گێڕا  زايه‌ڵه‌ى ساز ناڵه‌ى بلوێر
مه‌لى ئاره‌زووى ديدارت  بێ ئۆقره‌ و بێ هێلانه‌يه‌
ئه‌و دڵه‌ى جێژوانى تۆ بوو   له‌دواى كۆچت وێرانه‌يه‌
به‌هارى خه‌نده‌و پايزى  مووى زه‌ردى سه‌رت كاكه‌سوور
به‌مانگ  و خۆريان ئه‌چوانى له‌پێش چاوى نزيك و دوور
چ ده‌ردێكى بێ ده‌رمانه‌  وه‌ك برژانگ له‌به‌رچاوا بوون
مانگ و خۆر به‌ساته‌وه‌ختێ هه‌ردوو پێكه‌وه‌ ئاوابن
تۆ به‌په‌له‌ چ هه‌ستێ بوو   بۆناو ته‌م و مژى بردى
ئه‌ى براده‌ر چ ده‌ستێ بوو  ڕێى هاتنه‌وه‌ى لێ ونكردى
له‌سايه‌ى نا كه‌سا نه‌ ژياي  له‌سه‌ر پێى خۆت ڕاوه‌ستابووى
سه‌رقافڵه‌ى كاروانى شيعر و گۆرانى  بووى نه‌وه‌ستا بووى
چه‌هچه‌هه‌ى ئاوازى گه‌رووت  ئاوێته‌ى ده‌فى سينه‌ بوون
چه‌رخى سپڵه‌ به‌نه‌فره‌ت بێ له‌دوو قه‌ڕنا بۆتۆ نه‌بوون
ناڵيم خه‌مى كۆڵت سوك بوون گه‌لێ ئازارت چه‌شتووه‌
دڵنيابه‌  پشكى شێرت  بۆ هاوڕێكه‌ت جێ هێشتووه‌
له‌م ئێواره‌ى ته‌مه‌نه‌ ما  ته‌نهاو كردم چ به‌دبه‌ختم
هاكه‌ منيش وه‌ده‌ر‌نرام  ئه‌ڵێى ميوانى ناوه‌ختم
زه‌مانه‌ لێت غافڵ نه‌ بوو  ده‌ك ياڕه‌بى كۆستى كه‌وێ
له‌وداخه‌ ناى به‌دڵمه‌وه‌  ئه‌وبه‌شى گه‌وره‌ى به‌ركه‌وێ
كاغه‌ز چاره‌ى خۆى ڕه‌ش ناكا  خامه‌ له‌ناو ده‌ستم هه‌ڵێ
ده‌با  من ئيتر بێ ده‌نگ بم    مام هه‌ژار به‌هێمن ئه‌ڵێ
خۆزگه‌ من پێش تۆ ئه‌مردم   تۆشيوه‌نت بۆئه‌كردم