ئه‌كره‌م صالح : عێراق تا ئێستا نیه‌تێكی راستی نه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا

عێراق كاتێك لاواز ده‌بێ په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنێت

ئه‌كره‌م صالح به‌رپرسی لقی 22ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ میانه‌ی به‌شدار بوونی له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به‌پرسی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا و هۆكارو چاره‌سه‌ره‌كان رایگه‌یاند : به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی هیچ له‌ حكومه‌ته‌كانی عێراق چ له‌ رابردوو چ له‌ ئێستا نیه‌تێكی راستیان نه‌بووه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا . ئه‌گه‌ر نیه‌ت هه‌بێت ئه‌وا ئاسانه‌ چونكه‌ له‌ عێراق ده‌ستوور هه‌یه‌ ده‌توانرێت په‌نای بۆی ببرێت و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێت . به‌ڵام دوای پرۆسه‌ی ئازادی عێراق و دوای ئه‌وه‌ی شیعه‌ جڵه‌وی ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست هه‌وڵ ده‌دات ئه‌و خاڵ و بڕگه‌و ماددانه‌ی كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیانه‌ جێبه‌جێی ده‌كه‌ن و ئه‌وانی دیكه‌ په‌راوێز ده‌خه‌ن .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی نوێنه‌رایه‌تی كورد ده‌كه‌ن له‌ به‌غدا درك به‌وه‌ بكه‌ن ئۆپۆزسیۆن بوون نیه‌ له‌ په‌رله‌مانی عێراق ، ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن ، ده‌توانن له‌ هه‌رێم ئۆپۆزسیۆن بن به‌ڵام له‌ به‌غدا نه‌خێر .

هه‌روه‌ها پێویسته‌ لایه‌نه‌كانی به‌شداربووی حكومه‌تی هه‌رێم زیاتر هه‌ڵوێسته‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ و یه‌ك ده‌نگ بن بۆ داواكردنی مافه‌ ره‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پێویسته‌ هه‌رێم چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ نه‌بێت ئه‌وان خاڵ له‌ سه‌ر ئێمه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ن به‌ڵكو ئێمه‌ بتوانیین به‌ هه‌مان شێوه‌ سه‌یری ئه‌وان بكه‌ین كه‌ ئایا ئه‌وان كه‌موكوڕیه‌كانیان چیه‌ . ئایا هۆكار چیه‌ كه‌ پشت به‌ ده‌ستوور نابه‌ستن سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوی مادده‌و بڕگه‌كان .

هه‌میشه‌ حكومه‌ته‌كانی یه‌ك به‌دوای یه‌كه‌كه‌كانی عێراق كاتێك لاواز ده‌بن په‌نا بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌هێنن و باسی برایه‌تی و یه‌كریزی و یه‌كسانی ده‌كه‌ن ، به‌ڵام كاتێك به‌هێز ده‌بن ئه‌وا هه‌وڵ ده‌ده‌ن ده‌سه‌ڵاتیان بسه‌پێنن به‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و زیان به‌ خه‌ڵكه‌كه‌ی بگه‌یه‌نن .