وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن:  لەم کابینەیە 79 پڕۆژەی رێگاوبان ئەنجامدراون

دويَنيَ چوارشەممە لە دیوانی وەزارەت، بریکارانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەشێک لەپڕۆژەکانی وەزارەتیان لەماوەی تەمەنی کابینەی نۆیەم خستەڕو، ھاوکات زانیارییەکانی سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان بەناڕاست لەقەڵەم دەدەن و رایدەگەیەنن؛ پێویست بو بەبێ زانیاری قسە نەکات، بۆ ئەوەی گومان نەخاتە سەر قسەکانی خۆی.

سەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە، سدقی ئامێدی بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان تیشکی خستە سەر پڕۆژەکانی وەزارەت و قسەی ھەندێ میدیا و کەسی بەناراست زانی سەبارەت بە پڕۆژەکانی وەزارەت و رایگەیاند؛ سەرەڕای قەیرانی دارایی چەندین پڕۆژەیان لە ناوچە جیاوازەکان ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێبون رایگەیاند؛ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لەماوەی دەستبەکاربونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، چەندین پرۆژەی جۆراوجۆری لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی ئەنجامداوە، بەشێک لە پرۆژەکان تەواوبون و بەشێکیان کارکردن تیایاندا بەردەوامەو لە تەواوبوندان.

ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: ئەولەویەتی پلانی وەزارەت لە دەستپێکی کارەکانیدا، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەو چاککردنەوەی خێرای رێگاوبانەکان بو بەتایبەت رێگای نێوان شارەکان، کە بە بڕیاری وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن دوای رەزامەندی دەربڕین لەسەر بودجەی پڕۆژەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، هەڵمەتی خێرای چاککردنەوەی رێگای نێوان شارەکان ئەنجامدرا. لە ماوەی (70)رۆژدا (79) پڕۆژە ئەنجامدران، کە بەسەر 19 زۆندا دابەشکرابو (هەولێر 7 زۆن، سلێمانی 8 زۆن، دهۆک 4 زۆن)، تێچوەکەی بڕی زیاتر لە (42)ملیار دینار بوو.

سەبارەت بە لێدوانەکانی دوێنێی سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی کوردستان کە ئاماژەی کردبو بەوەی حکومەت و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە 425 رۆژە متمانەیان وەرگرتووە بەڵام لەو ماوەیەدا لە شارەکان 425 بلۆک لەسەر یەک دانەنراوە، بریکاری وەزارەت بۆ نیشتەجێبون دەڵێت: ئەو پەرلەمانتارە پێویست بو کاتێک قسە لەسەر بابەتێک و پڕۆژەکانی وەزارەتمان دەکات، زانیاری هەبێت، و بەبێ زانیاری قسە نەکات، بۆ ئەوەی گومان نەخاتە سەر قسەکانی خۆی.

ھەروەک بەداتاو زانیاری ئەوەی رونکردەوە کە لەماوەی یەک ساڵی تەمەنی ئەم کابینەیەدا، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ و پڕۆژەی بایەخداری لەسەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە، لەوانەش پڕۆژە ستراتیژییەکانی بواری رێگاوبان و بەردەوامن و خێراتر کراونەتەوە، وەک سلێمانی کەلار، هەولێر دهۆک. بەپێی ئەو بەرنامەیەی وەزارەتیش دایناوە، لەئایندەیەکی نزیکدا سەرجەم پڕۆژە ستراتیژییەکان بەگەڕدەخرێنەوەو دەست بەکار دەکرێنەوە.

هەر لە چوارچێوەی کارەکانی وەزارەت و لەگەڵ دەستبەکاربونیدا، ژمارەیەک پرۆژە لەلایەن دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەگەڕخراونەتەوە، لەوانەش قۆناغی یەکەم و سێیەم و چوارەم لە پرۆژەی رێگای هەولێر – کۆیە، رێگای دوکان چوارقوڕنە دو ئۆڤەرپاس لە سیمیل، پردی گۆپاڵە روڤیاو رێگای هەولێر دهۆک، پردی دەرەدۆی لە نێوان دەربەندیخان کەلار، بەگەڕخستنەوەی پرۆژەی دوسایدی وارماوا دەربەندیخان. بەگەڕخستنەوەی کارکردن لە دوسایدکردنی رێگای کەلار دەربەندیخان. بەگەڕخستنەوەی رێگای تەکیە ئاغجەلەر و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا سەرجەم رێگا ستراتیژییەکانی تر بەگەڕ دەخرێنەوە.

ئەمە سەرەڕای پڕۆژەکانی تر لە بوارەکانی نیشتەجێبون و کۆنتڕۆڵ کردنى بار بۆ پاراستنى ڕێگاوبانەکان لە تێکچون، دابین کردنى یەکەى نیشتەجێ کردن بۆ خەڵکى کەمدەرامەت، بیناسازى گشتى، پاراستنى کوالیتى کەرەستەى بیناسازى لە ڕێگاى تاقیگەکانى بیناسازییەوە.