له‌ سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی نایاسایدا ده‌گیرێت


له‌شكرحه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: له‌سه‌ر زانیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی به‌شی دامودوزگا، لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ستیان به‌سه‌ر بڕێكی زۆر ده‌رمانی جۆرۆاوجۆری نایاساییدا گرتوه‌ كه‌به‌شێوه‌ی نایاسایی له‌ وڵاتی ئێرانه‌وه‌ هاورده‌كراوه‌.

وتیشی: پاش وه‌رگرتنی ره‌زامه‌ندی دادوه‌ر بۆ چونه‌ ماڵه‌كه‌ و پشكنین، ده‌ركه‌وت بڕێكی زۆر ده‌رمان به‌شێوه‌ی نایاسایی هاورده‌ كراوه‌ و له‌و ماڵه‌وه‌ به‌سه‌ر كڕیاره‌كاندا دابه‌شده‌كرێت، ده‌رمانه‌كانیش له‌ (زیاد كردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێش، به‌هێزكردنی جه‌سته‌، نه‌خۆشییه‌ ده‌رونیه‌كان، ڤیتامین C و نه‌خشیه‌ درێژخایه‌نه‌كان) پێكهاتبون.

راشیگه‌یاند: پێیوسته‌ له‌كاتی هاورده‌كردنی ده‌رمان، له‌لایه‌ن كوالێتی كۆنترۆڵی ده‌رمانی هه‌رێمه‌وه‌ پشكنینی بۆ بكرێت و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ستیكه‌ری تایبه‌ت به‌ مامه‌ڵه‌كردن ده‌دات له‌و ده‌رمانانه‌، پاشان رێگه‌ به‌ به‌كاربهێنانی ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌م ده‌رمانانه‌ی ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ پشكنینی بۆ نه‌كراوه‌ و هه‌روه‌ها شێوازی عه‌مباركردنی گونجاو نییه‌ و له‌ پله‌ی گه‌رمی به‌رزدا دانرابون.

له‌شكر حه‌مید، سه‌رۆكی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی وتی: به‌سوپاسه‌وه‌ هه‌میشه‌ ده‌زگا ئه‌منیه‌كان و ئاسایش و لیوای یه‌كی پاراستنی سلێمانی هاوكاری ته‌واوی لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌كه‌ن به‌پێدانی زانیاری و پشتیوانی لیژنه‌كان به‌ دانانی ئه‌ندامانی هێزه‌كانیان له‌كاتی سه‌ردان و به‌سه‌ركردنه‌وه‌كانیان بۆ دوكان و بازاڕ و شوێنه‌ گشتیه‌كان.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وشكرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی، ده‌ست به‌سه‌ر ته‌واوی ده‌رمانه‌كاندا گیراوه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبه‌ته‌وه‌ له‌ناو ده‌برێت و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێته‌وه‌.