له‌خولی هۆڵه‌ندا ئه‌لكمار و زڤۆله‌ یه‌كسان بوون


 
له‌ هه‌فته‌ی دووه‌می خولی هۆڵه‌ندا، یانه‌ی ئه‌لكمار میوانداری یانه‌ی زڤۆله‌ی كرد، له‌ئه‌نجامدا هه‌ردوو یانه‌ به‌ گۆڵێك بۆ هه‌ریه‌كه‌یان یه‌كسان بوون

 به‌ پێی ڕێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڕێگه‌ به‌ ژماره‌یه‌كی دیاریكراوی هانده‌ران درابوو له‌ په‌یژه‌كانی یاریگاوه‌ ئاماده‌ی بینینی یاریه‌كه‌ بن، له‌ خوله‌كی حه‌ڤده‌داو به‌هۆی به‌كارهێنانی توندوتیژی، ناوبژیوان به‌كارتی سوور، كالڤین ستینگسی هێرشبه‌ری ئه‌لكماری كرده‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا، پاشان یاریزان كلینت لیمانس گۆڵێكی بۆ زڤۆله‌ له‌ خوله‌كی سیی و هه‌شت به‌ لێدانێكی به‌هێز له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌ی سزا تۆماركردو گێمی یه‌كه‌م به‌م ئه‌نجامه‌ ته‌واوبوو

 له‌ گێمی دووه‌م و له‌ خوله‌كی شه‌ستوهه‌شتیشدا، یاریزان مایرۆن بوادو گۆڵی به‌رامبه‌ری ئه‌لكماری به‌ده‌ستهێناو ئه‌نجامه‌كه‌ی یه‌كسان كرده‌وه، هه‌ر له‌ یاریه‌كه‌دا، ناوبژیوان دووه‌م كارتی سووری به‌كارهێناو ئه‌مجاره‌یان تۆماس لامی فنله‌ندی و به‌رگریكاری زڤۆله‌ی كرده‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگا، ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌كه‌ش به‌ یه‌كسان بوونی هه‌ردوو یانه‌ به‌ گۆڵێك بۆ هه‌ریه‌كه‌یان كۆتایی هات و هه‌ریه‌كه‌و خاڵێكیان به‌ده‌ستهێنا