شا سه‌لمان: حزبوڵڵای لوبنان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یرووت به‌رپرسیاره‌

شا سه‌لمان شای سعوودییه‌ له‌ یه‌كه‌مین وتاریدا له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه ‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ نیویۆرك كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ڤیدیۆوه‌ خوێندییه‌وه‌، هێرشێكی توندی كرده‌ سه‌ر ئێران و داوای كرد چاره‌سه‌رێكی نێوده‌وڵه‌تی دابڕێژرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئێران چه‌كی كۆمه‌ڵكوژی ده‌ست نه‌كه‌وێت.

شا سه‌لمان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ له‌ ده‌یان ساڵی ڕابردوودا سعوودییه‌ ده‌ستی ئاشتی بۆ ئێران درێژكردو به‌ شێوه‌یه‌كی ئه‌رێنی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كردو پێشوازی له‌ سه‌رۆكه‌كانی كرد بۆ تاوتوێكردنی ئه‌و ڕێگانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی بنیادنانی پێوه‌ندی باشی دراوسێیه‌تی و ڕێزله‌‌یه‌كگرتن و پێشوازی له‌ كۆششه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان كرد بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌رنامه‌ی ئه‌تۆمی ئێران، به‌ڵام ئێران هه‌موو ئه‌و كۆششانه‌ی بۆ په‌ره‌پێدانی چالاكی فره‌وانخوازی و بنیادنانی تۆڕی تیرۆریستی و به‌كارهێنانی تیرۆر و به‌فیڕۆدانی تواناو سامانه‌كانی گه‌لی ئێران قۆسته‌وه‌ تا پرۆژه‌ فره‌وانخوازییه‌كانی به‌دی بهێنێت و له‌و ڕوو‌ه‌یشه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ ئاژاوه‌و توندڕۆیی و تایه‌فه‌یخوازی هیچی دیكه‌ی لێ نه‌دوریه‌وه.

شا سه‌لمان له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ حزبوڵڵای لوبنان له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌نده‌ری به‌یرووت به‌رپرسیاره‌و داوای كرد بۆ پاراستنی ئاسایشی لوبنان حزبوڵڵای لوبنان چه‌ك بكرێت.

دووپاتیشی كرده‌وه‌‌ كه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی ئاشتیی وڵاتانی عه‌ره‌ب بنه‌مای چاره‌سه‌رێكی دادوه‌رانه‌و سه‌رتاسه‌ریی ناكۆكیی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی فه‌له‌ستینه‌.