سه‌رۆكی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك-گەرمیان له‌ سێیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆم په‌یامێكى بڵاوكرده‌وه‌ 

٢٥ی ٩ی ٢٠١٧، ڕۆژێکی لەبیرنەکراو و پرشنگدارە لە میژووی گەلی كوردستان و بۆ ھەمیشە بە بەرزی لە ئاسمانی كوردستاندا تا هەتا هەتا دەدرەوشێتەوە و ئەو ڕۆژەش دێت کە گەلی كوردستان لە سایەی بڕیاری گەل لە ( ٢٥-٩-٢٠١٧ ) بۆ سەربەخۆیی كە دای، بۆ ھەمیشە وەکو گەلانی دیکەی ئازادی جیھان سەربەرز و سەربەخۆ لەسەر خاکی خۆی فەرمانڕەوایی خۆی دەکات.

سێ ئەستێرەی پرشنگداری درەوشاوەی ئاسمانی کوردستان (سەرۆك و پێشمەرگەی کوردستان کاك مسعود بارزانی و ریفراندۆم لە ٢٥-٩-٢٠١٧ و گەلی سەربەرزی کورد و کوردستان) ئەو سەروەرییانە ڕووداوی درەوشاوەی لە بیرنەکراوی مێژوویی گەلی کوردستانن، ڕێزدار سەرۆك بارزانی بوو زۆر بە دڵسۆزی ھەوڵی دا ڕیفراندوم ئەنجام بدرێت تاکو گەلی کوردستان لە کەشوھەوایەکی ئازاددا خۆیان بڕیار بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بدەن و بزاندرێ گەلی کوردستان سەربەخۆیی دەوێت؟ گەلی کوردستانی سەربەرزیش بوو ھەڵۆ ئاسا بەشداریی ڕیفراندومیان کرد و بەڕێژەی (٩٢،٧٣٪‏) دەنگی بەشداربووان وتیان بەڵێ سەربەخۆییمان دەوێت.

سێ ساڵ پێش ئێستا، لە ڕۆژیكی وەکو ئەمڕۆ لە كوردستانی باشوور لەنێو دژایەتی و لایەنگیریی، یاسایی و نایاسایی، باوەڕبەخۆیی و ناباوەڕی، نیشتمانپەروەری ونیشتمانفرۆشی، بە ھیمەت و ئیرادەی پۆڵایینی دڵسۆزانی گەلی کوردستان و بیرپاکی و دووربینی و دڵسۆزیی ڕێزدار کاك (مسعود بارزانی) پرۆسەی رێفراندۆمی باشووری كوردستان، بە ئاشتی و ئارامی و سەرکەوتویی لە کوردستانی باشوور، بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان و بە کەرکووکی دڵی کوردستانیشەوە بە ڕێژەی (٩٢،٧٣٪‏) بە دەنگی بەڵێ بۆ سەربەخۆیی سەرکەوتنی بەدەست ھێنا. لە یادمانە خیانەتکارانی خیانەتی شانزەی ئوکتۆبەر بوونە هۆی ئەوەی کارەساتی دووز و کەرکووك و خانەقین و گشت ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ڕوو بدات و گشت هەرێمی کوردستان بکەوێتە بەر هەڕەشەی داگیرکاری و بوونە هۆی ئەوەی ئاستەنگ بخەنە پێش هەوڵدان بۆ جێبەجێکردنی بەرهەمی دەنگ و خواستی گەل بەشێوەیەکی سروشتی و دواخستنی. بە دڵنیایی خیانەتی (١٦- ئوکتۆبەر) نەبوایە هیچ شەڕ و پێکدادان ڕووی نەدەدا و هەر هەوڵێکی دژ بە خواستی گەل هەبوایە زۆر بە ئاسانی پووچەڵ دەکرایەوە، لەگەڵ هەموو ئەو ڕووداوانەش، ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بەڕێگایەکی یاسایی و ئاشتی، رووداوێكی زیندووە لە شەقامی كوردی و لە ناخ و هزری تاكی كورد وکوردستانییانی دڵسۆز ماوە، لە مێشكی دوژمنانی كورد و کوردستانیانیشدا ماوه.

سێیەمین ساڵیادی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی گەلی کورد و کوردستان لەگەلی کوردستان پیرۆز بێت.

سێیەمین ساڵیادی سەرکەوتنی ڕیفراندۆمی گەلی کوردستان لە شەھیدان و شەھیدانی ئەنفالکراوی سەربەرزی کورد و کوردستان بیرۆز بێت.

سێیەمین ساڵیادی سەرکەوتنی ڕیفراندمی گەلی کوردستان لە پێشمەرگە قارەمانەکان پیرۆز بێت.

سێیەمین ساڵیادی ڕیفراندۆمی کوردستان لە پێشمەرگە و سەربەرز کاك مسعود بارزانی پیرۆز بێت.

دکتۆر کەمال کەرکوکی

سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی

کەرکوك-گەرمیان

٢٥-٩-٢٠٢٠