کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لەهەرێمی کوردستان: سەرسامم بەو پێشکەوتنەی لەهەولێر هەیە


 پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لەهەرێمی کوردستان کرد


راگه‌یاندنى پارێزگای هه‌ولێر بڵاوی كرده‌وه‌نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەمە 2020.9.28، د.فەرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر، پێشوازی لە(رۆب وۆڵەر) کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان کرد.


راشیده‌گه‌یه‌نن كه‌ لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، دوای تاوتوێکردنی  پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، کونسوڵی گشتی ئەمەریکا، سوپاسی پارێزگاری هەولێری کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کەلێیکرا و ئاماژەی بە گرنگیی بە هێزبوونی پەیوەندییەکان کردو ڕایگەیاند: "سەرسامم بەو پێشکەوتنەی لەهەولێر هەیە، شاری هەولێر لەچاوو سەرجەم شارەکانی دیکەی ناوچەکە، لەپێشکەوتنی بەردەوام دایە و بەماوەیەکی کورت پێشکەوتنی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

هه‌روه‌ها له‌به‌شێكی دیكه‌ى راگه‌یاندراوه‌كه‌ى پارێزگادا هاتووه‌ كه‌ لەلایەن خۆیەوە د.فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، وێڕایی بەگەرمی بەخێرهێنانی، جارێکی تر پیرۆزبایی لە کونسوڵی گشتی نوێی ئەمەریکا کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکانی بۆ خواست، دواتر کورتە باسێکی لەبارەی کارو پڕۆژە و بەرنامەی کاری پارێزگای هەولێر پێشکەشکرد، سەبارەت بە پڕۆژەی دروستکردنی بینایەی کۆسڵخانەی ئەمریکاش لەهەولێر ڕایگەیاند: "ئاگادارین کارەکانی دروستکردنی کونسڵحانە بەباشی بەڕێوەدەچێت، ئێمەش وەک چۆن لە ڕابردوودا هاوکار و هەماهەنگ بووین، ئێستاش بەهەمانشێوە هاوکارییتانین بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە لەکاتی خۆیدا"، لەبارەی پێشناری دەستە خوشکی نێوان ویلایەتی ناشفێڵ و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانیش، پارێزگاری هەولێر، وتی: "خۆشحاڵین بەو پێشنیارەی بەڕێزتان و ئێستا لە خۆئامادەکردنداین بۆئەوەی بەزووترین کات لەپێناو بەرەو پێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوانمان، واژووی ئەو ڕێککەوتنە بکەین".


هه‌روه‌ها راگه‌یاندنى پارێزگای هه‌ولێر ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سەبارەت بەهاتنی گەورە کۆمپانیاکان و وەبەرهێنەرانی ئەمریکا بۆ هەولێر، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: "زۆر بەگەرمی پێشوازی لەو هەنگاوە دەکەین و دەرگامان کراوەیە، زۆر بەگرنگی دەزانین وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی ئەمریکا بەشداربن لە ئاوەدانکردنەوەی هەولێر و هەرێمی کوردستان، ئامادەین هەموو ئاسانکارییەک و هاوکاریەکییان بۆ بکەین".

1


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز