وێنه‌ .. لە سلێمانی بڕێكی زۆری برنج لەناو ده‌برێت


به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیانه‌وه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی ده‌ست به‌سه‌ر بڕیكی زۆر برنجی جۆراوجۆردا ده‌گرن و له‌ناوی ده‌به‌ن.

به‌هار ره‌مه‌زان، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكانی سه‌ربه‌ لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند:‌ لیژنه‌كه‌ ده‌ستی به‌سه‌ر (74) فه‌رده‌ برنجی جۆراوجۆردا گرتوه‌ كه‌ به‌هۆی خراپ عه‌مباركردنیانه‌وه‌ ئه‌سپێ لێی داوه‌، به‌ڵام خاوه‌نه‌كانیان به‌نیازبون برنجه‌كان له‌بازاڕه‌كانی شاری سلێمانی به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا ساغ بكه‌نه‌وه‌.

وتیشی: پێیوسته‌ ئه‌و شوێنانه‌ی خوارده‌مه‌نی تێیدا عه‌مبار ده‌كرێت پابه‌ندی مه‌رج و رێنماییه‌كانی كاركردن بێت، بۆ ئه‌وه‌ی زیان له‌‌ بازرگانیی خۆی نه‌دات و كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نی خراپیش به‌هاوڵاتیان نه‌فرۆشێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیه‌وه‌ روبه‌ڕوی رێكاره‌ یاساییه‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆگاكان، داوا له‌هاوڵاتیانی شاری سلێمانی ده‌كات بۆپاراستنی سه‌لامه‌تی خۆتان و منداڵه‌كانتان له‌كاتی هه‌بونی گومان له‌سه‌ر ئه‌و كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نیانه‌ی رۆژانه‌ ده‌یكڕن و به‌كاریده‌هێنن، له‌ڕێگه‌ی ژماره‌ (07708677777) لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كان ئاگاداربكه‌نه‌وه.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كرد: به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی برنجه‌كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی له‌ناوبردنه‌وه‌ له‌ناوچه‌ی تانجه‌رۆی شاری سلێمانی له‌ناوده‌برێت و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه‌.

قائیمقامیه‌تی سلێمانی له‌ڕێی لیژنه‌ی كۆگاكانه‌وه‌ چاودێری سه‌رجه‌م ئه‌و كاڵاوشمه‌ك و خوارده‌مه‌نیانه‌ی ده‌كات ‌له‌لایه‌ن  دوكاندار و بازرگانه‌كانه‌وه‌ رۆژانه‌ ده‌خرێنه‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و به‌هاوڵاتیان ده‌فرۆشرێت، لیژنه‌كه‌ كۆگاكان به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام سه‌ردانی كۆگاكانی عه‌مباركردن ده‌كات و له‌كاتی هه‌بونی سه‌رپێچی و كه‌موكورتی شوێنه‌كه‌ و خاوه‌نه‌كه‌شی روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كاته‌وه‌.

1

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز