به‌های تومه‌نی ئێرانی گه‌یشته‌ نزمترین ئاستی دابه‌زین

به‌هۆی نوێكردنه‌وه‌ی سزاكانی ئێرانه‌وه‌یه‌

تومه‌نی ئێرانی بۆ نزمترین ئاست دابه‌زی، له‌بازاڕه‌كانی ئێران و هه‌رێمی كوردستان به‌های تومه‌نی ئێرانی بۆ نزمترین ئاستی دابه‌زی به‌جۆرێك ئێستا له‌ بۆرسه‌ی تاران و بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ره‌ به‌ 3 ملیۆن و 80 هه‌زار تومه‌نی ئێرانی.

دابه‌زینی به‌های تومه‌ن به‌ڕای شاره‌زایانی ئابووری هۆكاری سه‌ره‌كی فشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكایه‌ بۆسه‌ر ئێران كه‌ جارێكی دیكه‌ ئه‌مه‌ریكا سزاكانی بۆسه‌ر ئه‌و وڵاته‌ نوێكرده‌ووه‌.

مسته‌فا سابڵاغی، خاوه‌ن نووسینگه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: رۆژ دوای رۆژ به‌های تومه‌نی ئێرانی به‌ره‌و نزمبوونه‌وه‌ ده‌ڕوات ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی كه‌ حه‌سه‌ن ڕۆحانی به‌ڵێنی دابوو كه‌ دابه‌زینی به‌های تومه‌ن كۆنتڕۆل بكات.

مسته‌فا ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا: ئه‌م دابه‌زینه‌ی به‌های تومه‌ن كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی كردووه‌ته‌ سه‌ر بازاڕ و نرخی شتوومه‌ك زۆر به‌رز بووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ش زیاتر كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك دروست كردووه‌.

جه‌ماڵ محه‌مه‌د، كاری تابه‌ته‌ به‌ ئاڵوگۆڕی دراوی تومه‌ن و دۆلار به‌ كوردستان تیڤی ڕاگه‌یاند: دابه‌زینی به‌های تومه‌ن هیچ كات نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا.

ڕاشیگه‌یاند: ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تومه‌نیان كڕیووه‌ به‌هۆی ئه‌م دابه‌زینه‌ی ئێستای به‌های تومه‌ن دووچاری زیانێكی زۆر ده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام بۆ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ بۆ نه‌خۆشی و كاری پێویست سه‌ردانی ئێران ده‌كه‌ن سوودی ده‌بێت.