وورده‌كاری گواستنه‌وه‌ی هه‌زاران به‌كرێگیراو له‌ رێگای توركیاوه‌ بۆ ئازه‌ربایجان ئاشكرا كرا

رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانیا وورده‌كاری گواستنه‌وه‌ی هه‌زاران به‌كرێگیراوی سووری له‌ رێگای توركیاوه‌ بۆ ئازه‌ربایجان ئاشكرا كردووه‌.

رۆژنامه‌كه‌ له‌سه‌ر زاری ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ ئیدلیب گواستویه‌تییه‌وه‌ ، كه‌ فه‌رمانده‌ سه‌ربازییه‌كان و نێوه‌ندگیره‌كان وا‌خۆیان پیشان داوه‌ كه‌ نوێنه‌ری كۆمپانیا ئه‌منییه‌كانن و هه‌لی كاریان بۆ پاراستنی بنكه‌ چاودێرییه‌كان و كۆمپانیاكانی نه‌وت و گاز له‌ ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی سێ تا شه‌ش مانگ خستۆته‌ روو.

هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ ئاشكرای كردووه‌ كه‌ توركه‌كان به‌و چه‌كدارانه‌یان راگه‌یاندووه‌ ، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م كاره‌دا 10 هه‌زار لیره‌ی توركی یان پێده‌ده‌ن كه‌ ده‌كاته‌ 1200 دۆلاری ئه‌مریكی،كه‌ ئه‌مه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆره‌ بۆ سوورییه‌كان كه‌ ساڵانێكه‌ گیرۆده‌ی جه‌نگ و هه‌ژاری بوونه‌ته‌وه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ره‌وانه‌كردنی چه‌كدارانی سوریا بۆ ئازه‌ربایجان له‌لایه‌ن توركیاوه‌، مایك پۆمپه‌یۆ ،وه‌زیری ده‌روه‌ی ئه‌مریكا دوێنێ هه‌ینی گوتی: ده‌بێ ئه‌م پرسیاره‌ له‌سه‌رۆكی توركیا بكرێت كه‌ بۆچی بڕیارێكی له‌م شێوه‌یه‌ی داوه‌و هیوادارم وا نه‌بێت.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار