به‌ڵێن عه‌بدولڵا: چه‌ند گروپێكی چه‌كدار دان به‌ حكومه‌تی عێراق دانانێن و تاكڕه‌وانه‌ ره‌فتار ده‌كه‌ن

له‌ میانه‌ی به‌شداریكردن له‌ به‌رنامه‌ی رۆژه‌ڤی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ به‌رده‌وامی ئالۆزییه‌كان و ناسه‌قامگیری سیاسی به‌ڵێن عه‌بدولڵا سكتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان رایگه‌یاند: عێراق هه‌میشه‌ خۆشی به‌خۆی نه‌دیوه‌ له‌ رابردوودا به‌هۆی ئه‌و بارودۆخه‌ ناسه‌قامگیرییه‌ سیاسییانه‌ی كه‌ هه‌بوون ، دوای كۆتایی هاتن به‌ رژێمی دیكتاتۆری و  دوای 2005 ده‌ستوورێكی نوێش بۆ عێراق دانرا ، به‌ڵام وه‌ك ده‌یبینین سیاسه‌تێك په‌یڕه‌و كراوه‌ كه‌ نه‌هامه‌تی هێناوه‌ته‌وه‌ و نه‌توانراوه‌ سیاسه‌تێك په‌یره‌و بكه‌ن سه‌قامگیری لێ بكه‌وێته‌وه‌ .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی عێراقی ئێستا كه‌ مسته‌فا كازمی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات هه‌وڵ ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌كان به‌ڵام به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ زۆرن له‌ جێبه‌جێكردن و چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كان .

به‌لێن عه‌بدولڵا سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان رایگه‌یاند كه‌ هێزێك هه‌یه ئه‌و هێزه‌ له‌ كاتێك دروست بوو بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی داعش ، به‌ڵام ده‌بینین ئه‌و هێزه‌ رێره‌وی كاركردنی هاوته‌ریب نیه‌ له‌ گه‌ڵ سوپای عێراق و ‌ دان به‌ حكومه‌تی عێراق دانانێت  ، چونكه‌ پابه‌ند نین به‌ فه‌رمانه‌كانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌ چه‌كداره‌كانه‌ ، زۆربه‌ی زۆری دامه‌زراوه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ركێفی ئه‌و گروپه‌ چه‌كدارانه‌ ، به‌رنامه‌و ئه‌جیندای ده‌ره‌كیش له‌ پشت ئه‌و كارانه‌ی ئه‌و گروپانه‌ن .

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێرشه‌ی ئه‌و گروپه‌ بۆ سه‌ر باره‌گای لقی 5ی پارتی دیموكراتی كوردستان ، پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌ سه‌ر بكرێت و به‌ جدی وه‌ریبگرین ، چونكه‌ سیاسه‌تێكی له‌ پشته‌وه‌یه‌ ، كه‌ به‌رده‌وام چه‌ند هێزو لایه‌نێك خه‌ریكی هاندانی شه‌قامن دژ به‌ هه‌رێم و خه‌ڵكی كوردستان .

سه‌باره‌ت به‌ رۆڵی ئێران له‌ ناوچه‌كه‌ به‌لێن عه‌بدولڵا گوتی : ئێران ده‌ترسن به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیان بكه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌رگای عێراق و سوریا له‌ سه‌ریان دابخرێت بۆیه‌ هه‌میشه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێگه‌یان له‌ عێراقدا هه‌بێت و له‌ رابردووشدا توانیویانه‌ خۆیان بخزێننه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و كاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌ سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق هه‌یه‌