خسته‌ڕووى به‌شێك له‌ كتێبى (بۆ مێژوو) له‌ نووسینى سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى

جیهان جیهانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ كورد بگونجێ ئه‌وا ده‌بنه‌ دۆست و ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌گونجێ پشتتان تێ ده‌كه‌ن

ئه‌گه‌ر چاو به‌و كتێبانه‌ دابخشێنینه‌وه‌ كه‌ له‌ دواى راپه‌رین له‌ لایه‌ن سه‌ركرده‌كانى كوردستانه‌وه‌ نوسراون، گرنگى و بایه‌خى خۆیان هه‌یه‌، به‌ڵام نووسینه‌وه‌ى مێژوو له‌ لایه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ لوتكه‌ى ده‌سه‌ڵاتى كوردى بوون بایه‌خیان زیاتره‌ و له‌م نێونده‌شدا نووسینى كتێبێك له‌ لایه‌ن سه‌رۆك بارزانى و گێرانه‌وه‌ رووداوه‌كان و خستنه‌ڕووى كۆمه‌ڵێك زانیارى نوێ و نه‌بیستراو له‌باره‌ى عێراق به‌ گشتى و كوردستان به‌ تایبه‌تى و ده‌ستێوه‌ردانى وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ ڕه‌وشى ناوخۆى عێراق و پرۆسه‌ى ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان ئه‌وه‌ ده‌خوازێت كه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ و هه‌ڵوه‌سته‌ ئه‌و كتێبه‌ بكرێت، له‌ لایه‌ك خه‌ڵكى كوردستان ئاگادارى ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ بن كه‌ دووچارى گه‌لى كورد له‌ ماوه‌كانى ئه‌مدواییه‌ هاتوون و له‌ لایه‌كى دیكه‌ش ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى مێژوویى، بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان سوودى لێ وه‌ربگیرێت و نه‌وه‌كانى داهاتوو مفا له‌و مێژوویه‌ وه‌ربگرن. 
له‌م نێوه‌نده‌شدا به‌ گرنگى ده‌زانم فۆكه‌س بخه‌مه‌ سه‌ر چه‌ند به‌شێكى ئه‌و كتێبه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ نوسراوه‌ته‌وه‌:
ڕاپه‌رین
سه‌رۆك بارزانى له‌باره‌ى دواى راپه‌رین و ده‌ستپێكردنى دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌ سه‌ختترین بڕیارى ژیانى ده‌زانێت و باسى له‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌ پێناو كردنه‌وه‌ى لاپه‌ره‌یه‌كى تازه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تى عێراقدا سه‌ركردایه‌تى كورد داواكارى حكوومه‌تى بۆ گفتوگۆ و دانووستان په‌سه‌ند كردووه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ له‌گه‌ڵ خوالێخۆشبوو مام جه‌لال بۆ دانوستان چوونه‌ته‌ به‌غدا و به‌ بڕواى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى، له‌ كاتى سه‌ردانیاندا هه‌موو ئه‌و تاوانه‌ دڕندانه‌یان له‌به‌رچاوو بووه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تى عێراق له‌ دژى گه‌لى كوردستان ئه‌نجامى دابوون و به‌ نێو رووبارى خوێندا رۆیشتوون و تۆقه‌یان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستانه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ خوێنى گه‌له‌كه‌یان سوور بووه‌، به‌ڵام نییه‌تى سه‌ره‌كیان كردنه‌وه‌ى لاپه‌ره‌ و قۆناغێكى تازه‌ و به‌دیهێنانى ئاشتى بووه‌ و ئه‌و بڕیاره‌شى سه‌ختترین بڕیارى ژیانى بووه‌.
كۆنگره‌ى ئۆپۆزسیۆنى عێراقى و ڕووخانى رژێمى پێشوو
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ى 49ى كتێبه‌كه‌ى ره‌خنه‌ى له‌ هاوپه‌یمانه‌ شیعه‌كان گرتووه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ كه‌ به‌ داخه‌وه‌ هاوپه‌یمانه‌ شیعه‌كانیان كه‌ پێكه‌وه‌ عێراقى تازه‌یان دامه‌زراندبوو كه‌ بینیان جێ پێیان له‌ عێراقدا قایم بووه‌، كه‌وتنه‌ ناو پرۆسه‌یه‌كى مه‌ترسیدار و هه‌ڵه‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش پێشێلكردنى ده‌ستوور و په‌راوێزخستنى پێكهاته‌كان و هه‌وڵدان بوو بۆ بچوككردنه‌وه‌ى كورد له‌ داموده‌زگاكانى ده‌وڵه‌تدا.
شه‌ڕى داعش
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 54 و 55 كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى به‌ داگیركردنى موسڵ له‌ لایه‌ن داعش  ده‌كات و یه‌كێك له‌ نهێنییه‌ گه‌وره‌كانى شه‌ڕى داعشى خستۆته‌ڕوو كه‌ په‌لامارى كوردستان به‌ دڵى زۆر لایه‌نى شۆڤینى ناوچه‌كه‌ بووه‌. هاوكات هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ له‌ ناو داعشیش ره‌وتێكى شۆڤینى هه‌بووه‌  كه‌ ده‌یانه‌ویست ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان به‌ زه‌برى چه‌ك له‌ بن ده‌ستى كورد ده‌ربێنن و كورد و پێكهاته‌كان له‌و ناوچانه‌ نه‌هێڵن. 


هاوكات له‌ لاپه‌ره‌ى 56ى كتێبه‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ داعش ئازار و زیانێكى زۆرى گه‌یاندۆته‌ گه‌لى كوردستان و تاوانى ناخ هه‌ژێنى له‌به‌رانبه‌ر كوردانى ئێزیدى ئه‌نجامداوه‌ كه‌ ڕاده‌ى قێزه‌ونیى تیرۆریستان و ئایدۆلۆژییه‌كانى پیشاندا. 
له‌باره‌ى رزگاركردنى شنگال سه‌رۆك بارزانى باسى له‌ موزایه‌داتى هه‌ندێ لایه‌نى سیاسى كردووه‌ كه‌ به‌ حسابى خۆیان، ئه‌وان شنگالیان پاراستووه‌، سه‌رۆك بارزانى ئه‌وه‌ى خستۆته‌ڕوو كه‌ هه‌تا پێشمه‌رگه‌ خۆى رێك نه‌خسته‌وه‌ و هێرشى نه‌كرده‌ سه‌ر داعش و رێى سحێلا بۆ شنگال و حه‌وزى زوممار و چیاى شنگال و شارى شنگالى ئازاد نه‌كرد، هیچ كام له‌وانه‌ دیار نه‌بوون، كه‌ پێشمه‌رگه‌ به‌ سه‌ر داعشدا سه‌ركه‌وت، ئینجا ده‌ستیان كرد به‌ موزایه‌دات و خۆده‌رخستن.
سه‌ردان بۆ ئه‌مریكا
له‌باره‌ى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ ئه‌مریكا سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ به‌ مه‌به‌ست ویستوویه‌تى قوباد تاڵه‌بانى جێگرى سه‌رۆكى حكوومه‌ت، كه‌ كوڕى خوالێخۆشبوو مام جه‌لاله‌ و ده‌رباز كۆسره‌ت كه‌ وه‌زیرى حكوومه‌ت و كوڕى كۆسره‌ت ره‌سوول و مسته‌فا سه‌ید قادر كه‌ له‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ بووه‌، ئه‌ندامى شانده‌كه‌ى بن بۆ سه‌ردانى كۆشكى سپى و ویستویه‌تى كه‌ ئه‌وان دواتر شاهیدى ئه‌وه‌ بده‌ن كه‌ چۆن باسى له‌ سه‌ربه‌خۆیى و مافه‌كانى گه‌لى گه‌لى كوردستان كردووه‌ و هه‌ڵویستى ئه‌مریكاش له‌وباره‌یه‌وه‌ ببینن و بۆ حزبه‌كه‌یان و جه‌ماوه‌ره‌كه‌یان باسى بكه‌ن. 
سه‌رۆك بارزانى له‌وباره‌یه‌وه‌ زیاتر روونیكردۆته‌وه‌ كه‌ مه‌به‌ستى ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ شاهید بن و دواتر كه‌س نه‌ڵێ سه‌ربه‌خۆیى بابه‌تێكى شه‌خسى مه‌سعود بارزانییه‌. سه‌رۆك بارزانى باسى له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ له‌ دیدارى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئوباما له‌ 5ى ئایارى 2015 له‌ كۆشكى سپى، ئوباما باسى له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ دۆسیه‌ى كورد و عێراق له‌ ده‌ستى جێگرى سه‌رۆك جۆبایدنه‌ و له‌ 6ى ئایار بایدنى بینیوه‌ و بابه‌تى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان و كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راستى كردووه‌ و له‌و دیداره‌دا بایدن به‌ سه‌رۆك بارزانى گووتووه‌ "من و تۆ هه‌ردووكمان له‌ ته‌مه‌نى خۆماندا سه‌ربه‌خۆیى كوردستان به‌ چاوى خۆمان ده‌بینین".

سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 69ى كتێبه‌كه‌یدا نه‌شیشاردۆته‌وه‌ كه‌ دڵنیا نه‌بووه‌ به‌شێك له‌ حزبه‌كانى كوردستان هه‌تا سه‌ر له‌ سه‌ر پرۆسه‌ى سه‌ربه‌خۆیدا له‌گه‌ڵ گه‌لى كوردستان ده‌مێننه‌وه‌. هه‌ر له‌وچوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رۆك بارزانى باسى له‌وه‌كرده‌وه‌ كه‌ دواى گه‌رانه‌وه‌ى له‌ ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كۆبۆته‌وه‌ و ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا عه‌لى باپیر ئه‌میرى كۆمه‌ڵى ئیسلامى سه‌رسامى خۆى به‌ ئه‌نجام و ده‌ستكه‌وته‌كانى سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ ئه‌مریكا نیشانداوه‌ و پێى گووتووه‌ جه‌نابى كاك مه‌سعود پێده‌چێت به‌ ده‌ستكه‌وتێكى پڕ گه‌رابیته‌وه‌ بۆ كوردستان، ئه‌و كارێكى زۆر گه‌وره‌ و به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌شه‌، ئایا تۆ ئاماده‌یت ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ قبوڵ بكه‌یت، له‌ وه‌ڵامدا سه‌رۆك بارزانى پێى گوتووه‌ "به‌ڵى مامۆستا به‌رپرسیاریه‌تییه‌كى گه‌وره‌ و مێژوویه‌ و ئاماده‌م هه‌ڵیبگرم، به‌ڵام به‌ مه‌رجێك له‌ ناوخۆ تێكى نه‌ده‌ن".
سه‌ردان بۆ به‌غدا
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 72ى كتێبه‌كه‌یدا باسى له‌ سه‌ردانى بۆ به‌غدا، له‌ رێككه‌وتى 29ى ئه‌یلولى 2016 كردووه‌ و به‌ ڕاشكاوى به‌ سه‌ركرده‌ شیعه‌كانى گوتووه‌ كه‌ له‌ هه‌ر دوو قۆناغ له‌ شه‌راكه‌ت فه‌شه‌لیان هێناوه‌ و ده‌بێت به‌ دواى چاره‌یه‌كى تازه‌دا بگه‌رێن و داهاتوو له‌ سه‌ر بنه‌مایه‌كى تازه‌ بنیات بنێن و به‌ لێكتێگه‌یشتن ببنه‌ دووبرا و دوو دراوسێى راسته‌قینه‌. سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ زۆربه‌ى كه‌سایه‌تییه‌ شیعه‌كان هاوڕاى بوون كه‌ له‌ رابردوو هه‌ڵه‌ى زۆر رووى داوه‌ و بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ دراوه‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت له‌ به‌غدا پێك بهێنرێت كه‌ ئایا شه‌ریك بمێننه‌وه‌ یان ببنه‌ دراوسێ.
بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 55ى كتێبه‌كه‌یدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ حكوومه‌تى عێراق 55 مادده‌ى ده‌ستوورى پێشێل كردووه‌ و پرنسیبه‌كانى شه‌راكه‌ت له‌ حوكمرانى و هاوسه‌نگى له‌ دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت و سوپا و ئابوورى و سازان له‌ بڕیاردان و یاسادانان به‌ ته‌واوه‌تى پێشێل كردووه‌ و لۆژیكى سه‌پاندنى راى زۆرینه‌ شوێنى ئه‌و پرنسیبانه‌ى گرتووه‌ كه‌ عێراقى نوێ له‌ سه‌ر دامه‌زرابوون و ئه‌وه‌ بۆته‌ هۆكارى بڕیارى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم.
كۆبونه‌وه‌ى سحێلا
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 93ى كتێبه‌كه‌یدا باسى له‌ كۆبونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان، له‌ باره‌گاى فه‌رمانده‌یى شه‌ڕى داعش له‌ سحێلا كردووه‌ و ره‌خنه‌ى له‌ پێًشنیازه‌كه‌ى هاوپه‌یمانان كردووه‌ كه‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌یان داوه‌ كه‌ ریفراندۆم ئه‌نجام نه‌درێت. سه‌رۆك بارزانى به‌ هاوپه‌یمانانى راگه‌یاندووه‌ كه‌ "پێشنیاره‌كه‌یان پابه‌ندبوونى و گرێنتى تێدا نییه‌ و هه‌ر كاتێك ئه‌لته‌رناتیڤێكیان هه‌بوو كه‌ هه‌مان ئامانجى ریفراندۆم بپێكێ، ئه‌وا ریفرۆاندۆمیان پێویست نابێت".
سه‌رۆك بارزانى له‌باره‌ى ریفراندۆم له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم ئاشكراى كرد ئه‌وانه‌ى له‌ حه‌وتى حوزیران له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك بوون، هه‌ر ئه‌وان كه‌ركوكیان ڕاده‌ست. زیاتر روونیشیكردۆته‌وه‌ كه‌ بۆچونێك له‌ ناو سه‌ركردایه‌تى سیاسیی كوردستان هه‌بوو، كه‌ هیچ بیانویه‌ك ده‌ست ناحه‌زانى گه‌لى كوردستان نه‌درێت و كه‌ركوك و ناوچه‌ جێ ناكۆكه‌كان بۆ دانوستان بهێڵدرێته‌وه‌ و كه‌ كه‌ركوك خرایه‌ سه‌ر نه‌خشه‌ى ریفراندۆم، له‌ سه‌ر پێداگرى ئه‌و لایه‌نانه‌ بووه‌ كه‌ دواتر بووه‌ هۆى رووداوه‌كانى شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر، ئه‌وانه‌ى كه‌ركوكیان ڕاده‌ست كرد، هه‌ر ئه‌وانیش له‌ حه‌وتى حوزه‌یرانى 2017 دا گوتیان پێویسته‌ ریفراندۆم له‌ كه‌ركوكیش بكرێت.
گه‌ل ده‌نگى دا
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 101 و 102ى كتێبى بۆ مێژوو باس له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانى 25ى ئه‌یلولى 2017 هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم، بۆ یه‌كه‌مجار له‌ مێژوودا به‌ شێوه‌یه‌كى ئازادانه‌ و ئاشتیانه‌ و دوور له‌ توندوتیژى و خۆسه‌پاندن و ناسه‌قامگیرى چونه‌ سه‌ر سندوقى ده‌نگدان و ده‌نگیاندا. سه‌رۆك بارزانى له‌باره‌ى مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ئه‌وه‌ى خستۆته‌ڕوو كه‌ مه‌به‌ست له‌ ئه‌نجامدانى ریفراندۆم ئه‌وه‌ بوو كه‌ عێراق و وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و جیهان ویستى راسته‌قینه‌ى گه‌لى كوردستان بزانن، كه‌س بڕیارى ئه‌وه‌ى نه‌دابوو كه‌ رۆژى دواى ریفراندۆم ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌ندرێ، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ بوو كه‌ سه‌ركردایه‌تى سیاسیی هه‌رێم رێپێدان(ته‌فویز) و ڕاسپارده‌ى گه‌لى پێ بێت بۆ قۆناغى داهاتوو و له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى عێراق بكه‌ونه‌ گفتوگۆ و دیالۆگى كراوه‌وه‌.
سه‌رۆك بارزانى له‌باره‌ى سه‌ركه‌وتنى ئه‌نجامدانى ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێمیش باسى له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ سه‌ربارى هه‌وڵى ده‌یان ساڵه‌ى عه‌ره‌باندن و تۆقاندن و سه‌ركوتكارى و پێشێلكارییه‌كانى دواى 2005، به‌ڵام ئیراده‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌، كه‌ ده‌نگێكى زولال و ئه‌وه‌ى حه‌ق و ڕاست بوو به‌ جیهانیان گه‌یاند.
كاردانه‌وه‌ى حكوومه‌تى عێراق
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 104 ئاماژه‌ى به‌ كاردانه‌وه‌ نابه‌جێیه‌كانى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق و كاربه‌ده‌ستانى عێراق كردووه‌ كه‌ بوونى شۆڤینییه‌ت و ئینكاركردنى ئاشكراى لێهاتووه‌. هاوكات ئاماژه‌ى به‌ كۆبونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كردووه‌، كه‌ له‌ دانیشتنێكدا به‌ بێ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رانى كورد سێزده‌ بڕیارى نایاسایى و ناده‌ستوورى له‌ دژى هه‌رێم ده‌ركردووه‌ كه‌ ئامانجیان سزادانى به‌ كۆمه‌ڵًى خه‌ڵكى كوردستان بوو و به‌و بڕیارانه‌ ده‌ستى عه‌بادیان واڵا كردووه‌ كه‌ به‌ زمانى هه‌ڕه‌شه‌ و سوكایه‌تى كردن بدوێت و رێى بۆ خۆش بكرێت كه‌ هێز و چه‌ك له‌ دژى هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم به‌كاربێنێت.
شازده‌ى ئۆكتۆبه‌ر
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ى 110ى كتێبه‌كه‌یدا باسى له‌ به‌شێكى یه‌كێتى كردووه‌ كه‌ سه‌رقاڵى جۆرێك له‌ سه‌ودا(سه‌فه‌قه‌)ى نه‌هێنى بوون له‌گه‌ڵ حه‌شد بۆ به‌ ده‌سته‌وه‌دانى كه‌ركوك. هاوكات ئه‌وه‌شى خستۆته‌ڕوو كه‌ له‌ 12ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 به‌شێك له‌ هێزه‌كانیان به‌ بێ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ له‌ باشوورى كه‌ركوك كشاندۆته‌وه‌ به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى دواى شه‌ڕى داعش پێویست ناكات هێز له‌و ناوچانه‌ بمێنێت. 
هه‌ڤده‌م سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 111ى كتێبى بۆ مێژوو ئاماژه‌ى به‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ى دوكان له‌ 15ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 كردووه‌ و پێشنیارێكى یه‌كێتى خستۆته‌ڕوو كه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا پێشنیاریان كردووه‌ كه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگى نێوان هه‌ر سێ لا هێزێكى پێشمه‌رگه‌ و هێزێكى ئه‌مریكى و هێزێكى عێراقى له‌ سه‌ربازگه‌ى K1 ى كه‌ركوك جێگیر بن و بۆ ئه‌وه‌ى شه‌ڕ له‌ كه‌ركوك دوور بكه‌وێته‌وه‌، لیواى پاسه‌وانى سه‌رۆك كۆمار شارى كه‌ركوك بپارێزێ، سه‌رۆك بارزانى باسى له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ زۆر ڕوون بووه‌ كه‌ ئه‌مه‌ راست نییه‌ چونكه‌ بابه‌تى هه‌ماهه‌نگى شتێكى ئاسایى بوو، پێشتریش له‌ زۆر شوێن بنكه‌ى هه‌ماهه‌نگى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عێراقییه‌كان هه‌بووه‌.

سه‌رۆك بارزانى له‌باره‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ى دوكان ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى كۆبونه‌وه‌كه‌ كه‌شوهه‌وایه‌كى ناسروشتى لاى براده‌رانى یه‌كێتى هه‌بووه‌. سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ هه‌ندێ كه‌سى ناو یه‌كێتى رێككه‌وتنیان به‌ بێ ئاگادارى دامه‌زراوه‌كان و ئه‌نجوومه‌نى باڵاى سیاسى و سه‌ركردایه‌تى سیاسى كوردستان كردووه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێكى مه‌كته‌بى سیاسیی یه‌كێتیش ئاگاى له‌م رێككه‌وتنه‌ نه‌بوو كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ كه‌ركوك ڕاده‌ستى هێزه‌كانى حه‌شدى شه‌عبى و ئێرانى و عێراقى بكرێت. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ر 114ى كتێبه‌كه‌یدا هێماى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌ كه‌ پێشبینى ئه‌وه‌یان نه‌كردبوو كه‌ هێزێكى نێوخۆیى ته‌جاوزى ئیراده‌ و ده‌نگى گه‌لى خۆى و دامه‌زراوه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بكات و له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانى حه‌شد رێك بكه‌وێ بۆ ئه‌وه‌ى خاكى كوردستان داگیر بكات. ئه‌م ناپاكییه‌ له‌ ڕووى ده‌روونییه‌وه‌ گورزێكى گه‌وره‌ى له‌ پێشمه‌رگه‌دا.
سه‌رۆك بارزانى له‌ كتێبه‌كه‌یدا باسى رۆڵى نه‌رێنى هه‌ر دوو دیپلۆماتكارى به‌ریتانى و ئه‌مریكى هه‌ریه‌ك له‌ فرانك به‌یكه‌ر بالیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق و دوگلاس سڵێمان بالیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق كردووه‌ كه‌ هه‌م هانى نه‌یارانى كوردیان داوه‌ و هه‌میش راپۆرت و زانیارى هه‌ڵه‌یان له‌باره‌ى كوردستانه‌وه‌ به‌ وڵاته‌كه‌یان گه‌یاندووه‌.
 هاوكات باسیشى له‌ جنراڵ پۆل فانك فه‌رمانده‌ى ئۆپراسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانى ئه‌مریكا له‌ عێراق كردووه‌ كه‌ رۆلێكى نه‌رێنى له‌ دژایه‌تیكردنى ریفراندۆمى گه‌لى كوردستان گێراوه‌. 
سه‌رۆك بارزانى  له‌ لاپه‌ره‌ 116ى كتێبه‌كى باسى له‌وه‌شكردووه‌ كه‌ دۆگلاس سلێمان بالیۆزى ئه‌مریكا له‌ عێراق كردووه‌ كه‌ له‌ رۆژى 17ى ئۆكتۆبه‌ر په‌یامێكى بۆ ناردووه‌ و تێیدا هاتووه‌" دنیا گۆڕاوه‌، ئیمرۆ دوێنێ نییه‌، پێویسته‌ به‌ خۆتاندا بچنه‌وه‌" به‌ڵام دواى ئه‌وه‌ى له‌ 20 ى ئۆكتۆبه‌رى 2017 هێزه‌كانى حه‌شد و عه‌بادى چانسى خۆیان تاقیكرده‌وه‌ و ویستیان به‌ره‌و هه‌ولێر پێشره‌وى بكه‌ن، كه‌ زانیان ئه‌وان پیلانى له‌ناوبردن و داگیر كردنى هه‌رێمیان له‌ سه‌ردایه‌، ئیدى بڕیارى مقاومه‌ى سه‌رتاسه‌ریان داوه‌ و له‌ رۆژى 20ى ئۆكتۆبه‌ر پێشمه‌رگه‌ له‌ پردێ قاره‌مانیه‌تییه‌كى مه‌زنى تۆمار كرد و هێرشى حه‌شد و هێزه‌كانى عێراق تێك شكێنرا، سه‌رۆك بارزانى وه‌ڵامى دوگلاس سلێمانى داوه‌ته‌وه‌ و گوتوویه‌تى"به‌ جه‌نابى بالێۆز بڵێن ئه‌مرۆ دوێنێ نییه‌ و سبه‌ینێش وه‌ك ئه‌مرۆ نابێت".


سه‌رۆك بارزانى له‌باره‌ى داستانى مه‌زنى مه‌حمودییه‌ و سحێلا له‌ لاپه‌ره‌ 117 ئاماژه‌ى به‌وه‌كردووه‌ كه‌ له‌ 26ى ئۆكتۆبه‌ر له‌ به‌ره‌ى مه‌حمودییه‌ و سحێلا هێزه‌كانى عێراق و حه‌شد به‌ هاوكارى هێزه‌كانى ئێرانى و حزبولڵاى لوبنان و به‌ فه‌رمانده‌یى راسته‌وخۆی ئه‌فسه‌رێكى پاسدارانى ئێرانى به‌ ناوى سه‌ید موختار( كه‌ له‌و شه‌ڕه‌دا برینداریش بووه‌) به‌ مه‌به‌ستى گرتنى پیشخابوور په‌لامارى سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌یاندا، به‌ڵام دووچارى شكه‌ستێكى زۆر گه‌وره‌ بونه‌وه‌. سه‌رۆك بارزانى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌ كه‌ شه‌ڕى سحێلا یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین نه‌به‌ردییه‌كانى مێژووى نوێى گه‌لى كوردستان، دواى ئه‌و شكه‌سته‌ گۆڕانى به‌ سه‌ر هاوكێشه‌كاندا هێنا و دانوستانى ده‌ستى پێكرد. سه‌رۆك بارزانى ده‌ڵێت عه‌بادى لوتبه‌رز و مه‌غرور بوو، ئاماده‌ى دانوستانى سیاسیی نه‌بوو و داواى كردبوو كه‌ تیمه‌ فه‌نییه‌ سه‌ربازییه‌كان دانوستان بكه‌ن. هه‌ره‌وها ئاماژه‌ى به‌وه‌ كردووه‌ كه‌ له‌ یه‌كه‌م گه‌ڕى دانوستاندا نوێنه‌رانى هێزه‌ عێراقییه‌كان و نوێنه‌رى سوپاى پاسداران و حزبولڵاى لوبنان ئاماده‌ى بوون و له‌ دانوستانه‌كه‌دا عێراقییه‌كان به‌ پێى قسه‌ و فرمانى نوێنه‌رانى ئێران و حزبولڵا ده‌جولانه‌وه‌ و ئه‌وه‌ش ئه‌وپه‌رى سوكایه‌تى كردنى عه‌بادى بوو به‌ سه‌روه‌رى عێراق، كه‌ خه‌ڵكى بیانى بێت و بڕیار له‌ سه‌ر هێڵه‌كانى ته‌ماس بده‌ن، بۆیه‌ بڕیاریان داوه‌ كه‌ چیتر دانووستان له‌گه‌ڵیان نه‌كه‌ن.
سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 121 ى كتێبه‌كه‌ى ته‌نیا رێگه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدا، ده‌ستبه‌رداربوون له‌ عه‌قلیه‌تى شۆڤینى و گرتنه‌به‌رى یه‌كتر قبوڵ كردن له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات و هۆشدارى ئه‌وه‌ش ده‌دات ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانى  عێراق نه‌مانى گه‌لى كوردستانیان بوێت، ئه‌وه‌ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ به‌ گرفته‌كان هێنده‌ى تر قوڵ ده‌بنه‌وه‌ و ئه‌م دۆخه‌ به‌رده‌وام ده‌بێ و ئه‌و وڵاته‌ له‌ قه‌یراندا ده‌مێنێته‌وه‌.
له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌مه‌ڕ ریفراندۆمى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان له‌ لاپه‌ره‌ 122 ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌" ئه‌وه‌ى له‌ پێوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا جوڵه‌ به‌ هاوكێشه‌ و شته‌كان ده‌كات پرنسیب و بنچینه‌ى ماف و دادپه‌روه‌رى نییه‌، به‌ڵكو لۆژیكى هێز و به‌رژه‌وه‌ندیخوازییه‌".
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانى له‌ لاپه‌ره‌ 123 زیاتر له‌وباره‌وه‌ روونیكردۆته‌وه‌ "جیهان جیهانى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه‌، ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ كورد بگونجێ ئه‌وا ده‌بنه‌ دۆست و ئه‌گه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییان نه‌گونجێ پشتتان تێ ده‌كه‌ن و ناتانناسن". بۆیه‌ پشت به‌ خۆتان ببه‌ستن، ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه‌ى خۆمان هه‌بێت و هێزى خۆمان هه‌بێت كوردستان ده‌توانى خۆى بپارێزێ. له‌ كۆتاییدا ده‌توانم بڵێم كتێبێكى پڕزانیارى و به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ و خوێنه‌ر هان ده‌دات كه‌ ده‌ستى به‌ خوێندنه‌وه‌ى كتێبه‌كه‌ كرد له‌ ماوه‌یه‌كى كورتدا بیخوێنێته‌وه‌ و به‌ باوه‌رى من جیاوازه‌ له‌ هه‌موو ئه‌و كتێبانه‌ى له‌ رابردوو چاپ كراون و ده‌توانرێت وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كى گرنگى مێژوویى له‌ ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمییه‌كان مفاى لێ وه‌ربگیرێت.


ئاواره‌ حاجى دێلۆیى