ئه‌حمه‌د سه‌فار: پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی 2021 به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتن و ده‌ستوور ده‌بێت

لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێویستی به‌ 45 رۆژ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ووردبینی له‌ بودجه‌ی ساڵی 2021 بكات .

ئه‌حمه‌د سه‌فار،بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ئاژانسی هه‌واڵیی عێراق رایگه‌یاندووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ كاتێكدا حكومه‌ت پرِۆژه‌ی یاسای گشتی فیدراڵی بۆ ساڵیی دارایی 2021  له‌ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌ یان كۆتایی مانگ ره‌وانه‌ بكات،ئه‌وا لیژنه‌ی دارایی پێویستی به‌ 45 رۆژ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ووردبینی و بانگهێشتی لایه‌نه‌ حكومییه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بكات .

هه‌روه‌ها بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاماژه‌ی بوَ ئه‌وه‌ كرد كه‌ نرخی نه‌وت جێگیر نییه‌، به‌ڵام گریمانه‌ی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ بودجه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای نرخی 45 دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل نه‌وت دابندرێت.

هاوكات ئه‌حمه‌د سه‌فار سه‌باره‌ت به‌ پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ بودجه‌ی ساڵی 2021 گوتی: پشكی هه‌رێمی كوردستان به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتن و به‌پێی ده‌ستوور ده‌بێت.

وه‌رگێڕان و داڕشتنه‌وه‌ی / رزگار