دیۆكۆڤیچ گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی دوایین پاڵه‌وانێتی ماسته‌رزی ئه‌م وه‌رزه‌ی تێنسی پیشه‌گه‌ران

له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت


نۆڤاك دیۆكۆڤیچی سڕبی و پۆلێنكراوی یه‌كه‌می ڕیزبه‌ندی تێنسزانانی جیهان گه‌یشته‌ قۆناغی پێش كۆتایی دوایین پاڵه‌وانێتی ماسته‌رزی ئه‌م وه‌رزه‌ی تێنسی پیشه‌گه‌ران له‌ ئاستی پیاوان كه‌ به‌ پاڵه‌وانێتی نیتۆ ناسراوه‌و له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت

 له‌ دوایین یاری یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ی گڕوپی دووه‌می پاڵه‌وانێتیه‌كه‌دا، دیۆكۆڤیچ به‌ دوو كۆمه‌ڵه‌ی بێ به‌رامبه‌ر له‌ ئه‌لیكسه‌نده‌ر زڤیرێڤی ئه‌ڵمانی و پۆلێنكراوی حه‌وته‌می ڕیزبه‌ندی جیهانی برده‌وه، ئه‌نجامی كۆمه‌ڵه‌كانی یاریه‌كه‌ش شه‌ش سێ، حه‌وت شه‌ش بوو

 دیۆكۆڤیچ كه‌ له‌ كاروانی وه‌رزشی خۆیدا پێنج جار نازناوی ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌ی به‌ده‌ستهێناوه، له‌ قۆناغی پێش كۆتایی ڕووبه‌ڕووی دۆمینیك تیمی نه‌مسایی و پۆلێنكراوی سێیه‌می ڕیزبه‌ندی جیهان ده‌بێته‌وه

 له‌ دووه‌م یاری قۆناغی پێش كۆتایشدا، ڕافائێل نادالی ئیسپانی و دانیێل مێدڤێدێڤی ڕوسی به‌یه‌ك ده‌گه‌ن، جێگای باسه‌ كۆی خه‌ڵاته‌كانی پاڵه‌وانێتیه‌كه‌ نۆ ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكیه‌