وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران: به‌م نزیكانه‌ ڤاكسینی كۆرۆنای دروستكراوی ناوخۆ له‌سه‌ر مرۆڤ تاقی ده‌كه‌ینه‌وه‌

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران رایگه‌یاند: به‌م نزیكانه‌ دامه‌زراوه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی ناوخۆی ئێران ده‌ستده‌كه‌ن به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینێكی ناوخۆیی بۆ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا. 

سیما سادات لاری گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ئێران له‌ لێدوانێكی بۆ ئاژانسی هه‌واڵی نۆڤۆستی رایگه‌یاند: له‌ كاتی ئێستادا چوار كۆمپانیای بواری ده‌رمانسازی له‌ ناوخۆی ئێران سه‌رقاڵی دۆزینه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانی ڤاكسینى كۆرۆنان بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكترین ده‌رفه‌تدا تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینه‌كه‌ له‌سه‌ر مرۆڤ ئه‌نجام بدرێت. 

له‌ ناوه‌ڕاستی ئه‌م مانگه‌ به‌شێك له‌ میدیاكانی ئێران ئه‌وه‌یان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ڤاكسینی كۆرۆنایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر مرۆڤ تاقیبكرێته‌وه‌ به‌ڵام دواتر سه‌عید نمه‌كی وه‌زیری ته‌ندروستی ئێران ره‌تیكرده‌وه‌ به‌م نزیكانه‌ ڤاكسینی دژ به‌ كۆرۆنا بخرێته‌ بواری تاقیكردنه‌وه‌. 

ئێران زه‌ره‌رمه‌ندترین وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌ له‌ كاریگه‌رییه‌كانی په‌تای كۆرۆنا و تا ئێستا  نزیكه‌ی 895 هه‌زار كه‌س له‌و وڵاته‌ تووشی ڤایرۆسه‌كه‌ بوون و له‌و ژماره‌یه‌ش 46 هه‌زار و 107 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه‌ مردوون.