ساسان عەونی: بە گوژمەی زیاتر لە 6 ملیۆن دۆلار چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری لە سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ دەكرێن


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە چوارچێوەی بایەخدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە سێكتەری ئاوی خواردنەوە و نۆژەنكردنەوەی تۆڕەكانی دابینكردنی ئاو، بەگوژمەی زیاتر لە شەش ملیۆن دۆلار بە پاڵپشتی قەرزی درێژخایەنی ئاژانسی جایكای ژاپۆنی، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری سێكتەری ئاو لە هەردوو پارێزگەی سلێمانی و هەڵەبجە جێبەجێ دەكات و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش جەخت دەكاتەوە كە بەمزووانە گرێبەستی پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان تایبەت بە سنووری سلێمانی و هەڵەبجە واژوو دەكرێت.

لە مەراسیمی واژووكردنی دوو گرێبەستی ستراتیژی لەنێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ئاژانسی جایكای ژاپۆنی بۆ نۆژەنكردنەوە و گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی ژمارەیەك گەڕەكی كۆن و هەژارنشینی شاری هەولێر و دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ پرۆژەی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێر، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە بەمزووانە پرۆژەی خزمەتگوزاری لە بواری سێكتەری ئاو لەو دوو پارێزگایەش جێبەجێ دەكرێن، لەمبارەیەوە زیاتر گوتی: بەم نزیكانە بە پاڵپشتی (ئاژانسی جایكا) بە گوژمەی (6 ملیۆن و حەفت سەد هەزار دۆلار) قۆناغێكی تری پرۆژەی باشكردنی ئاوی خواردنەوە لە هەرێمی كوردستان لە سلێمانی و هەڵەبجە، دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوەوە، كە زۆر لەو پرۆژەیەی هەولێر فراوانترە. 

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە جۆری پرۆژەكان رایگەیاند: پرۆژەكان لە بواری سێكتەری ئاوی خواردنەوەن، وەك پرۆژەی راكێشانی هێڵی سەرەكی گواستنەوەی ئاو لە تاسجڵوجەوە بۆ سلێمانی، لەگەڵ نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی چەند گەڕەكێكی ناو شاری هەڵەبجە، هەروەها پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی بۆ ئاوەشۆڕكردنی پاشماوەی وێستگەی ئاوی هەڵەبجە، لەگەڵ دابینكردنی كەرەستەی یەدەگ بۆ وێستگەی ئاوی هەڵەبجە.