لیژنەى باڵاى رووبەڕووبوونەوەى کۆرۆنا چەند بڕیارێکى دەرکرد

ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەى باڵاى روبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا کۆبووەوە و تیایدا بڕیار درا کە دەستپێکردنەوەی خوێندن لە ناوەندەکاندا تاوەکو 7ی 1ی ساڵی داهاتوو دوابخرێت و خوێندنی باڵاش تاوەکو ئەو وادەیە بە شێوازی سیستمی ئاوێتە بەردەوام دەبێت.

ده‌قی بڕیاره‌كان:

1- ده‌وامی قۆناغه‌كانی 1 و 2 بنه‌ڕه‌تی و 12 ئاماده‌یی (حكومی ـ ناحكومی) تا رۆژی (2021/1/7) راده‌گیرێت و سه‌ر له‌ نوێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ره‌وشی ته‌ندروستی ده‌كرێت.

2- قۆناغی 1 و 2 بنه‌ڕه‌تی و 12 ئاماده‌یی ده‌توانن تا كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان، به‌شێوه‌ی "نائیلزامی" سود له‌ وانه‌كانی قوتابخانه‌ی ئه‌لیكترۆنی و ئۆنلاین وه‌ربگرن.

3- قۆناغی 3 بنه‌ره‌تی تا 11 ئاماده‌یی (حكومی - ناحكومی) به‌ شێوازی ئه‌لیكترۆنی له‌ خوێندن به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌روه‌ها تا رۆژی (2021/1/7) و سه‌ر له‌ نوێ هه‌ڵسه‌نگاندنی ڕه‌وشی ته‌ندروستی، سه‌ردانكردنی به‌ گروپ و ئاماده‌بوون له‌ قوتابخانه‌كان راده‌گیرێت.

4- ئه‌و قوتابخانانه‌ی كه‌ له‌ گونده‌كان و ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ هێڵی ئینته‌رنێتیان وه‌ك پێویست نییه‌ و ژماره‌ی قوتابیانیان سنورداره‌، ده‌وامیان بۆ گشت قۆناغه‌كان راده‌گیرێت.

5- ده‌وامی باخچه‌ی منداڵانی ناحكومی تا رۆژی (2021/1/7) راده‌گیرێت و سه‌ر له‌ نوێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ڕه‌وشی ته‌ندروستی ده‌كرێت.

6- ده‌وامی په‌یمانگاكانی حكومی و ناحكومیی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ تا رۆژی (2021/1/7) راده‌گیرێت و سه‌ر له‌ نوێ هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ ره‌وشی ته‌ندروستی ده‌كرێت.

7- به‌مه‌به‌ستی رێكخستنه‌وه‌ی ساڵنامه‌ی خوێندن و تاقیكردنه‌وه‌كان، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی ده‌وام سود له‌و پشووه‌ فه‌رمییانه‌ وه‌رده‌گرێت كه‌ به‌ پێویستی بزانێت.

8-  له‌ زانكۆ و په‌یمانگاكان بۆ به‌شه‌ زانستییه‌كان، سیسته‌می خوێندنی نێو كامپه‌س و خوێندنی ئه‌لكترۆنی (خوێندنی ئاوێته‌) به‌پێی ھه‌مان پلانی پێشو ھه‌روه‌ھا به‌ ڕه‌چاوكردنی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان تا رۆژی (2021/1/7) وه‌ك خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت.

9- به‌شه‌ مرۆییه‌كانیش له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كاندا به‌ ڕه‌چاوكردنی رێنمایی ته‌ندروستیی زیاتره‌وه‌، تا (2021/1/7) به‌ھه‌مان شێوه‌ی پێشو وه‌ك خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت.

10- راسپاردنی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگاكان بۆ چاودێریكردنی شوێنه‌ گشتییه‌كان (مزگه‌وت، كلێسه‌ و هۆڵی بۆنه‌كان) به‌ مه‌به‌ستی پابه‌ندكردنیان به‌ رێنماییه‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا.

11- دووپاتكردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی گشت بڕگه‌كانی به‌یاننامه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌ (52) له‌ (2020/10/24).

ئه‌م بڕیارانه‌ له‌ ڕۆژی (2020/12/2) كاری پێده‌كرێت، دوای ئه‌م ڕێكه‌وته‌ لیژنه‌ كۆده‌بێته‌وه‌ بۆ سه‌ر له‌ نوێ تاوتوێكردنی ڕه‌وشی ته‌ندروستیی هه‌رێمی كوردستان.

لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا
2020/12/1