وەزارەتی كارەبای عێراق: پێدانی كاتژمێره‌كانی كاره‌با به‌ هاووڵاتیان كه‌مبۆته‌وه‌

وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرایدەكات بەهۆی كەمبوونەوەی بڕی گازی سروشتی هاوردەكراو لە ئێرانەوە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنان، كاتژمێره‌كانی پێدانی كارەبا بە هاووڵاتیان كەمبۆتەوە .

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق رایگەیاندووە: بڕی گازی سروشتی هاوردەكراو لە ئێرانەوە بۆ كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنان لە چل ملیۆن مەتر سێجاوە بۆ ده‌ ملیۆن مەتر سیجا كەمیكردووە، ئەوەش وایكردووە كارەبای نیشتمانی كەم بكات.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌: هۆكاری كەمبوونەوەی هاوردەكردنی غازی سروشتی لە ئێرانەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەچەند ناوچەیەكی ئەو وڵاتە بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرماوە بەشێك لە بۆرییەكان بەستویەتی، ئەمه‌ش وایكردووە گواستنەوەی گاز پێیاندا ئەستەم بێت‌ و بەهەماهەنگی هەردوو وڵات ئێستا سەرقاڵی چارەسەركردنی ئه‌م گرفته‌ن .