به‌ ڤیدیۆ..هونه‌رمه‌ند هه‌ندرێن خۆشناو له‌ سێیه‌مین پیشانگه‌ی شێوه‌كاری دا

ئه‌م پیشانگایه‌ بریتییه‌ له‌ 23 مۆتیف

هونه‌رمه‌ند (هه‌ندرێن خۆشناو ) به‌ شێوه‌ی ئۆنڵاین له‌ ژێر ناوی (مۆتیفه‌ شیعرییه‌كان) سێیه‌مین پیشانگه‌ی خۆی بڵاو كرده‌وه‌

ئه‌م پیشانگایه‌ بریتییه‌ له‌ 23 مۆتیف و هه‌ندرێن خۆشناو نزیكه‌ی 15-16 ساڵ پێش ئێستا كێشراونی. پێشتر له‌ رۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كاندا بڵاوكراوه‌نه‌ته‌وهو ئه‌وه‌ 23 هه‌مین پیشانگایه‌تی‌.

هه‌موو مۆتیفه‌كان كاری دیگیتاڵ ئارتن، كه‌ ئه‌و كاتی ئه‌مه‌ كارێكی نوێ و ده‌ستپێشخه‌ری وداهێنان بوو، كه‌ به‌ كۆمپیوته‌ر كاری هونه‌ری شێوه‌كاری له‌ كوردستان ئه‌نجام بده‌یت.   

 سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری مۆتیف هونه‌رمه‌ند  هه‌ندرێن خۆشناو ده‌ڵێت " مۆتیف له‌ ئه‌سڵدا وشه‌یه‌كی فه‌ره‌نساییه‌، له‌ ئه‌ده‌بدا به‌ مانای بیرۆكه‌ی سه‌ره‌كی، یان ئه‌و بابه‌ته‌ی كه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ له‌ به‌رهه‌می ئه‌ده‌بیدا، یان چه‌مكێكی دووباره‌ و چه‌ندباره‌ كراوه‌، له‌ شیعریشدا هه‌ڵگری نیشانه‌ و ئاماژه‌ سیمبولیه‌كانه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی پته‌ویان له‌گه‌ڵ هه‌ست و ناخ و بیروڕاكانی شاعیردا هه‌یه‌" هه‌روه‌ها گوتی " له‌ هونه‌ریشدا ئه‌و وێنه‌یه‌یه‌ كه‌ ده‌ربڕی حاڵه‌تێكی ئه‌ده‌بی یان هه‌ڵوێستێك یان رووداوێك له‌ چیرۆكێكی دیاركراوه‌، كه‌ ده‌بێته‌ سیمبولێك بۆ ناسینی ئه‌و حاڵه‌ته‌ دیاركراوه‌، له‌ هزر و بیری بینه‌ردا ده‌مێنێته‌وه‌ و ته‌مه‌نێكی درێژتر به‌ نووسینه‌ ئه‌ده‌بیه‌كه‌ ده‌به‌خشێت.  هونه‌رێكی گرافیكی ساده‌یه‌ و واباوه‌ كه‌ به‌ ره‌ش و سپی بكێشرێت، و بابه‌تی مۆتیفه‌كه‌ش له‌ بابه‌تی نووسینه‌ ئه‌ده‌بییه‌كه‌ هه‌ڵێنجراوه‌".

له‌ كۆتاییدا  هونه‌رمه‌ند هه‌ندرێن خۆشناو گوتی" ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی كاركردن له‌م مۆتیفانه‌دا هه‌وڵمداوه‌ جیاوازییه‌ك بكه‌م له‌ كاره‌كانمدا، راسته‌ كه‌ واباوه‌ مۆتیف به‌ ره‌ش و سپی بكێشرێت، به‌ڵام من هه‌وڵمدا ره‌نگ بخه‌مه‌ ناو ئه‌و هونه‌ره‌ گرافیكیه‌ و ژیان و جووڵه‌یه‌كی پێ ببه‌خشم وه‌كو هه‌ر كه‌ڤاڵێكی شێوه‌كاری تر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵیاندا بكه‌م، هه‌روه‌ها ئه‌و كاتی یه‌كه‌م جار بوو كه‌ مۆتیف به‌ شێوه‌ی دیگیتاڵ ئارت بكێشرێت و بڵاوبكرێته‌وه‌، ئه‌م به‌رهه‌مانه‌ هه‌موو به‌ كۆمپیوته‌ر كێشراون و دیگیتاڵ ئارتن، ئه‌و كات ئه‌مه‌ ده‌ستپێشخه‌ری و شتێكی نوێ بوو".     

ktv