عێراق: تا ئێستا لایەنی ئێرانی دەستی بە هەناردەكردنەوەی گازی سروشتی نەكردووە

وەزارەتی كارەبای عێراق ئاشكرایدەكات: هەرچەندە لەگەڵ لایەنی ئێرانی رێككەوتن كراوە، بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەكردنەوەی گازی سروشتی بۆ عیراق بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا كاری بەو رێككەوتنە نەكردووە.

ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عیراق لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: تاوەكو ئێستا لایەنی ئێرانی دەستی بەهەناردەكردنەوەی گازی سروشتی بۆ عیراق نەكردووەو چاوەڕێی رەزامەندی لێپرسراوانی باڵای وڵاتەكەی خۆیانن بۆ ئەوەی پرۆسەكە دەست پێبكاتەوە.

ئاماژەی بەوەشكردووە: لەكۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی وەزیری كارەبای عیراق و وەزیری وزەی ئێران ژمارەیەكی زۆر لە دۆسیە و گرفتی نێوان هەروولا تاووتوێكراون‌ و بەشێوەیەكی مەبدەئی  لەسەر هەناردەكردنەوەی گازی سروشتی بۆ عیراق رێككەوتن كراوە، تاوەكو بە مەبەستی بەرهەمهێنانی كارەبا سوودی لێوەربگیرێت.

ئەوەشی لەكاتێكدایە رەزا ئەردكانیان وەزیری وزەی ئێران لەكاتی سەردانەكەی بۆ عیراق بەڵێنی دابوو بەشێوەیەكی خێرا دەست بە هەناردەكردنەوەی گاز بۆ عیراق بكەنەوە.