روحانی: كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كاری له‌پێشینه‌ی حكومه‌ته‌

دوای لێدوانه‌كه‌ی رۆژی رابردووی عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری ئێران كه‌ رایگه‌یاند كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ وڵاتانی بیانی و هاورده‌ كردنی بۆ ئێران قه‌ده‌غه‌یه‌، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ حه‌سه‌ن روحانی سه‌رۆككۆماری ئێران رایگه‌یاند: كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا له‌ وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ كاری له‌پێشینه‌ی حكومه‌ته‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئه‌وه‌ی له‌ده‌ستی بێـت ده‌یكات.

ئه‌م لێدوانه‌ی سه‌رۆك كۆماری ئیران رۆژێك دوای لێدوانی عه‌لی خامه‌نه‌یی رێبه‌ری ئێران دێت كه‌ تێیدا كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنای له‌ كۆمپانیا بریتانیا و ئه‌مه‌ریكییه‌كان قه‌ده‌غه‌ كردبوو.

حه‌سه‌ن روحانی له‌ میانی به‌شداری له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ی لیژنه‌ی رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا رایگه‌یاند: دابینكردن و كڕینی ڤاكسینی كۆرۆنا به‌شێكن له‌ كاره‌ له‌پێشینه‌كانی حكوومه‌ت.

هه‌روه‌ها گوتی: له‌ رۆژانی داهاتوودا كات و چۆنییه‌تی دابه‌شكردنی ڤاكسینه‌كه‌ ئاشكرا ده‌كه‌ین و ده‌یخه‌ینه‌ به‌ر ده‌ستی هاونیشتیمانیانه‌وه‌، به‌ڵام روحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌كرد ئاخۆ وڵاته‌كه‌ی به‌نیازه‌ ڤاكسنی كۆرۆنا له‌ كام وڵات و كۆمپانیای بیانی ده‌كرێت.

له‌ ئێستادا رێكخراوی ته‌ندرووستی جیهانی ته‌نها به‌فه‌رمی دانی ناوه‌ به‌ ڤاكسینی به‌رهه‌مهاتووی كۆمپانیای هاوبه‌شی فایزه‌ری ئه‌مره‌ریكی و بایۆنتێكی ئه‌ڵمانی و له‌ زۆربه‌ی وڵاتانیش‌ به‌كار ده‌هێندرێت.

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ وڵاتانی بریتانیا و رووسیا و چینیش رایانگه‌یاندووه‌ كه‌ ڤاكسینی كۆرۆنایان به‌رهه‌م هێناوه‌، به‌ڵام رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی هێشتا دانی به‌‌ ڤاكسینه‌كه‌ی ئه‌وان نه‌ناوه‌.