پۆمپیۆ: ئێستا بارەگای نوێی قاعیدە لە ئێرانە

مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ ئێران پەیوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕێكخراوی قاعیده‌ هه‌یه‌و ڕێگه‌ی بەو‌ ڕێكخراوه‌ داوه‌ بنكه‌یه‌ك له‌سه‌ر خاكی ئه‌و وڵاته‌ دروست بكات و ئێستا‌ ئێران بۆ قاعیده‌ بووه‌ته‌ ئه‌فغانستانێكی نوێ ‌و ئه‌و ڕێكخراوه‌ باره‌گایه‌كی له‌ تاران كردووه‌ته‌وه ‌و ئێستا جێگره‌كانی ئه‌یمه‌ن زه‌واهیری له‌وێن و تاران پاسپۆرتی به‌ ئه‌ندامانی ڕێكخراوه‌كه‌ داوه‌و ڕێگه‌ی داون پاره‌ كۆبكه‌نه‌وه‌و سه‌رپشكی كردوون به‌ ئاره‌زووی خۆیان بجووڵینه‌وه‌. 

پۆمپیۆ دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ دووه‌مین فه‌رمانده‌ی قاعیده‌ كه‌ به‌ تیرۆریستی نێوده‌وڵه‌تی دانراوه‌و ناوی محه‌مه‌د میسرییه‌ كوژراوه‌. 

پۆمپیۆ له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ ئێران له‌ هێرشه‌كانی 11ی سپته‌مبر یارمه‌تی قاعیده‌ی داوه‌و پشتیوانییه‌كی زۆری پێشكه‌ش كردووه‌. 

پۆمپیۆ له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌یدا دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ قاعیده‌ كار بۆ پاراستنی ڕژێمی ئێران ده‌كات و ئێران بووه‌ته‌ باره‌كای نوێی قاعیده‌. 

پۆمپیۆ له‌ كۆنگره‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ڕاشیگه‌یاند: كه‌ ئه‌مریكا سزای به‌سه‌ر چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی قاعیده‌دا سه‌پاند كه‌ له‌سه‌ر سنووری نێوان عیراق و ئێران چالاكی ده‌كه‌ن. 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند: كه‌ ئه‌مریكا سزای تایبه‌تیی به‌سه‌ر پێنج كه‌سدا سه‌پاند له‌ ئه‌ندامانی قاعیه‌وه‌ كه‌ پەیوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئێران هه‌یه‌و هه‌ر یه‌كه‌ی به‌ تیرۆریست داناون. 

سزاكانیش هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌باتای محه‌مه‌د كه‌ مه‌غربییه‌و له‌ ئێران نیشته‌جێیه‌و ئه‌حمه‌د ئیسماعیل فوئاد ڕه‌سووڵ كه‌ عیراقییه‌و له‌ تاران نیشته‌جێیه‌و سوڵتان یووسف كه‌ سعوودییه‌و له‌نێوان ئێران و ئه‌فغانستادا هاتوچۆ ده‌كات. 

سزاكان فوئاد ئه‌حمه‌د نووری عه‌لی ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ ئه‌ویش عیراقییه‌و له‌ ئێران نیشته‌جێیه‌، وێڕای نیعمه‌ت حه‌مه‌ڕه‌حیم حه‌مه‌ كه‌ ئه‌ویش عیراقییه‌و له‌ ئێران نیشته‌جێیه‌و سه‌ركرده‌ی لقی كوردیی ڕێكخراوه‌كه‌یه‌‌.