ته‌له‌ڤزیۆنێكی ئیسرائیلی: تیمه‌كه‌ی بایدن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران له‌ دانوستاندان


 ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی تیمه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا، جۆ بایدن، له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستیان كردووه به‌ دانوستان.
ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی تیمه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌ڵبژێردراوی ئه‌مریكا، جۆ بایدن كه‌ له‌ 20ی ئه‌م مانگه‌ دێته‌ سه‌ر حوكم، به‌مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئیداره‌ی واشنتۆن بۆ رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی كه‌ له‌ 2015ه‌دا واژووی له‌سه‌ر كرا، له‌گه‌ڵ ئێران ده‌ستیان كردووه به‌ دانوستان.

ته‌له‌ڤزیۆنی كه‌ناڵ 12ی ئیسرائیل به‌بێ پشتبه‌ستن به‌ هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ك و به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری بدات سه‌باره‌ت به‌ دانوستانه‌كان بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ تیمه‌كه‌ی بایدن زانیاریان داوه‌ به‌ حكوومه‌تی ئیسرائیل له‌باره‌ی دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ ئێران.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه،‌ سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری ئیسرائیل (مۆساد) یۆسی كۆهێن به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، دۆناڵد تره‌مپ و تیمه‌كه‌ی بایدن ئه‌م هه‌فته‌یه‌ ده‌چێته‌ ئه‌مریكا.

به‌ڵام به‌رپرسێك له‌ تیمه‌كه‌ی بایدن كه‌ نه‌یویستووه‌ ناوی خۆی ئاشكرا بكات له‌ لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامه‌ی Barak Ravid ی ئیسرائیل ئه‌م ده‌نگۆیه‌ی كه‌ناڵه‌ ئیسرائیلیه‌كه‌ی ره‌تكردووه‌ته‌وه‌ و باسی له‌وه‌ كردووه‌ كه،‌ هیچ یه‌كێك له‌ به‌رپرسانی تیمه‌كه‌ی بایدن له‌گه‌ڵ ئێران دانوستانی نه‌كردووه‌.