وەزارەتی كارەبا سێ پرۆژەی گرنگی كارەبای لە هەولێر كرده‌وه‌

به‌ زیاتر له‌سێ ملیار دینار جێبه‌جێ كراون

به‌مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی كێشه‌ی بارزۆری كاره‌با له‌ناو شاری ھه‌ولێر، سێ پڕۆژه‌ی گرێدانی كاره‌با كرانه‌وه‌ و، وه‌زیری كاره‌باش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئێستا ١٤ كاتژمێر كاره‌با به‌ھاووڵاتیان ده‌درێت.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، له‌ژێر چاودێری سه‌رۆكی حكوومه‌تی ھه‌رێمی كوردستان مه‌سرور بارزانی، وه‌زاره‌تی كاره‌با سێ پرۆژه‌ی بونیادنانی وێستگه‌ی كاره‌بای ئیسكانی نوێ و گرێدانی وێستگه‌ی ئازادی نوێ به‌ وێستگه‌ی ئیسكانی نوێ و ده‌رھێنانی ٥ فیده‌ری ١١ كه‌ی ڤی كرده‌وه‌.

پڕۆژه‌ی گرێدانی وێستگه‌ی ئازادی به‌ ئیسكانی نوێ به‌ گوژمه‌ی سێ ملیار و ٢٣ ملیۆن و ٤٠٧ ھه‌زار دینار جێبه‌جێكراوه‌، پڕۆژه‌ی بونیادنانی وێستگه‌ی كاره‌بای ئیسكانی نوێ به‌ گوژمه‌ی چوار ملیۆن و ٣٧٣ ھه‌زار و، ٥٢٥ دۆلار جێبه‌جێكراوه‌، پڕۆژه‌ی ده‌رھێنانی پێنج فیده‌ری ١١ كه‌ی ڤی به‌تێچووی ٣٦٧ ملیۆن و ٥٠٠ ھه‌زار دینار جێبه‌جێكراوه‌.

​​​وه‌زیری كاره‌بای ھه‌رێم كه‌مال محمه‌مه‌د له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا گوتی: ''ئه‌م پڕۆژانه‌ به‌ زیاتر له‌سێ ملیار دینار جێبه‌جێ كراون و، به‌شێكه‌ له‌ھه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی ھه‌رێم بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با، ھه‌روه‌ھا ته‌نده‌رمان به‌ ژماره‌یه‌ك كۆمپانیای گه‌وره‌ داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی كاره‌با به‌ تایبه‌ت بكرێت و كۆتایی ئه‌م مانگه‌ ته‌نده‌ره‌كان ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌باره‌ی كڕینی كاره‌با له‌ توركیاش وه‌زیری كاره‌با گوتی: ''بڕی ١٥٠ مێگاوات كاره‌با له‌ توركیا ده‌كڕین به‌ بڕی حه‌فت ملیۆن دۆلاری مانگانه‌، ئه‌ویش به‌ھۆی ئه‌وه‌ی كه‌ تێچووی پڕۆژه‌ی دھۆك به‌ھۆی سووته‌مه‌نییه‌وه‌ چونكه‌ به‌ گازوایل كارده‌كات نه‌ك به‌غاز. ئه‌وه‌ش وایكرد كاره‌با له‌ توركیا بكڕین''.

ھه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، پارێزگاری ھه‌ولێر به‌ وه‌كاله‌ت  ھێمن قادر گوتی: ''كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌كانی كاره‌با له‌ ھه‌ولێر كێشه‌ی بارزۆریمان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن و ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ ماون له‌و بواره‌دا كاریان تێداده‌كرێت و ھه‌وڵ ده‌درێت كێشه‌كان كه‌م بكرێنه‌وه‌.