وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق كۆنتڕۆڵكردنی ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ی راگه‌یاند

ئه‌نفلۆنزاكه‌ كه‌ H5N8 بۆ مرۆڤ ناگوازرێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق رایگه‌یاند، بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ كه‌ له‌ شاری سامه‌ڕا سه‌ربه‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین سه‌ریهه‌ڵدا، به‌ ته‌واوه‌تی كۆنتڕۆڵكراوه‌

حه‌مید نایف، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق، له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌، "ناوه‌ندی ئه‌نفلۆنزای باڵنده‌ كه‌ سامه‌ڕا بووه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵ كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌ رێگه‌ی رێوشوێنی گونجاو وه‌ك كه‌ره‌نتین به‌ درێژایی سێ كیلۆمه‌تر و له‌ناوبردنی هه‌زاران مریشكی تووشبوو و پاكژكردنه‌وه‌ی هۆڵه‌كان، له‌گه‌ڵ چاودێری و به‌دواداچوونی به‌رده‌وام

حه‌مید نایف راشیگه‌یاند، ژماره‌یه‌كی زۆر هێلكه‌ و مریشك له‌ پارێزگاكه‌ هه‌ن كه‌ پاكن و دوورن له‌ ناوچه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تاكه‌ و ده‌توانرێت به‌ بڕوانامه‌ی پشكنینی فێرتێرنه‌ری به‌ پارێزگاكانی دیكه‌ بفرۆشرێن، ئه‌وه‌ش له‌پێناو زیان نه‌گه‌یشتن به‌ به‌رهه‌مهێنه‌ران و پێویستیان به‌وه‌یه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌ بازاڕ بكرێن،

به‌ گوته‌ی حه‌مید نایف، ئه‌و جۆره‌ی ئه‌نفلۆنزاكه‌ كه‌ H5N8 بۆ مرۆڤ ناگوازرێته‌وه‌

گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵی عێراق داوای له‌ فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان كرد ئاسانكاری بكه‌ن بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ به‌ بڕوانامه‌ی پشكنینی ڤێرتێنه‌ری، وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش رێگری نه‌كردوه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ چونكه‌ په‌تاكه‌ به‌ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵ كراوه‌.