سەرۆکی حکومەت: نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان

مه‌سرور بارزانی لەگەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/1/20 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت تیشکی خستە سەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی . 
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە هەرێمی کوردستان، بەردەوام کاری کردووە بۆ ئەوەی باشترین پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت و هەموو کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن . بۆ ئەم مەبەستەش ، هەموو پابەندبوونەکانی خۆی جێبەجێ کردووە بە ئاراستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت . سەرۆکی حکومەت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە بابەتی مووچە دووربخرێتەوە لە ململانێی سیاسی و  نابێت مووچە بکرێتە کارتێکی فشار لە دژی هەرێمی کوردستان  و سیاسەتی برسیکردن لە دژی مووچەخۆرانی هەرێم بەکاربهێنرێت.
سەرۆکی حکومەت  ئاماژەی بە کارنامەی حکومەتی هەرێمدا بە ئاراستەی هەمەجۆرکردنی ئابووری و زیادکردنی سەرچاوەکانی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییەکان و ڕێکخستنەوەی باجەکان و ئاسانکاریکردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی و ناوخۆ .  گوتیشی هەموو هەوڵێکمان خستووەتەگەڕ لە پێناو دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم. 
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان، فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیرییە لە ناوچەکە و خوازیاری پەیوەندیی دۆستانەیە لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و پەرەپێدانی پەیوەندییە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی. ئاماژەشی بە گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر. 
 لە کۆتاییدا سەرۆکی حکومەت وەڵامی پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە .
 

11