هه‌رێمی كوردستان و عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌ بازرگانی و پیشه‌سازییه‌كان لیژنه‌یه‌ك پێكدێنن

مه‌نھه‌ل عه‌زیز، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی عێراق، سه‌ردانی وه‌زاره‌تی بارزگانی و پیشه‌سازی ھه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بارزگانی و پیشه‌سازی ھه‌رێم، له‌سه‌ر چه‌ند ته‌وه‌رێك كۆبوونه‌وه‌.

ته‌وه‌ری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بریتیی بوون له‌، گفتوگۆكردن له‌سه‌ر، یه‌كخستنی ھێمای كاركردن، داننان به‌ مۆڵه‌تی كۆمپانیاكانی ھه‌رێم و عێراق، گرفته‌كانی وه‌زاره‌تی بازرگانی ھه‌رێم له‌ خاڵه‌سنوورییه‌كان له‌ رووی ھاورده‌وه‌ و، پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌ بازرگانییانی نێوانییان.

به‌شێك له‌ خاوه‌ن كۆمپانیاكانی ھه‌رێمی كوردستان، بۆ گه‌یاندنی گیروگرفته‌كانیان ئاماده‌ی به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون و دواتریش له‌ كۆنگره‌یه‌كی ھاوبه‌شی نێوان ھه‌ردوو وه‌زیر، ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ڕوو كه‌ تیاییدا لیژنه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كان له‌نێوان ھه‌رێم و عێراق پێكھێنرا.

111

دواترله‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا، كه‌مال موسلیم، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی ھه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند كه‌، بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كان بڕیاری پێكھێنانی لیژنه‌یك دراوه‌.

له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، كه‌مال موسلیم گوتی: 'ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌ وه‌ك خوولی یه‌كه‌م له‌ شاری ھه‌ولێر به‌ڕێوه‌چووه‌ و دواتر له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌ی دیكه‌ ئه‌نجام ده‌درێت و، ھاوكات بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كانیش لیژنه‌یه‌ك پێكھاتووه‌ كه‌ ده‌بێت به‌ گرفته‌كانی نێوان ھه‌رێم و عێراقدا بچێته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كه‌ 60 رۆژ جارێك راپۆرتێك بۆ ھه‌ردوو وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی و بازرگانی ھه‌رێم و عێراق ده‌نێرێت''.

وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی ھه‌رێمی كوردستان گوتیشی: 'گره‌نتی ھه‌یه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر ته‌واوی گرفته‌كان به‌تایبه‌تی ساغكردنه‌وه‌ی به‌رھه‌مه‌ پیشه‌سازییه‌كانی نێوان ھه‌رێم و به‌غدا و ھه‌روه‌ھا رێكخستنی باجه‌كان و پێدانی نیشانه‌ی به‌رھه‌مھێنان و به‌گشتی قسه‌مان له‌سه‌ر ته‌واوی كێشه‌كان كردووه‌ و له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا چاره‌سه‌ری ده‌كه‌ین''.

ھه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، مه‌نھه‌ل عه‌زیز، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكانی حكوومه‌تی فیدڕاڵ، گوتی: ''ئه‌و یاداشته‌ لێك تێگه‌یشتنانه‌ی كه‌ له‌ نێوان ھه‌رێم و عێراق واژوو كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ھه‌موو گرفته‌كان ده‌ستنیشان بكرێن و، دواتر كاریان له‌سه‌ر بكرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ھه‌فته‌ی داھاتوو كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی نێوان ھه‌ردوو وه‌زاره‌تی پیشه‌سازی عێراق و ھه‌رێم له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت''.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكان، ئاماژه‌ی به‌ كێشه‌ی تۆماركردنی كۆمپانیاكان كرد و گوتی: ''له‌ سه‌رانسه‌ری عێراق گرفتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان ھه‌یه‌ و، له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ش گه‌یشتووینه‌ته‌ خاڵێك بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كه‌. ھه‌روه‌ھا كۆمه‌ڵێك گرفتی دیكه‌یشمان ھه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت ھه‌مووی به‌یه‌كه‌وه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بكرێت و ھه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بدرێت''.

جێی ئاماژه‌، شه‌وی رابردوو، وه‌زیری پیشه‌سازی و كانزاكان، و شاندێكی یاوه‌ری گه‌یشتنه‌ فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ھه‌ولێر و له‌لایه‌ن كه‌مال موسلیم ، وه‌زیری بازرگانی و پیشه‌سازی ھه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێكرا و ئه‌مڕۆش له‌یه‌كه‌م وێستگه‌دا، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی گرفته‌كانی نێوان ھه‌ردوولا به‌ڕێوه‌چوو.