Erbil 15°C پێنجشەممە 28 ئازار 12:41

له‌  یادی کۆچی دوایی هونه‌رمه‌ند محەمەدی ماملێ دا

لەبەرواری ١٩٩٩/١/٢٣ بەو نەخۆشیی كۆچی‌ دواییكرد
کوردستان TV
100%

محەمەدی ماملێ كوڕی میرزا سەعیدی ماملێ"مام عەلی"لە ساڵی ١٩٢٥ له بنەماڵەیەكی پیشەكا‌ر، هونەرمەند و نیشتمانپەروەر لە گەڕەكی هەرمەنییانی شاری مهاباد لە دایكبووە.

 میرزا سەعیدی باوكی هەرچەند نەخوێندەوار بووە، بەڵام بە هۆی هونەری دەنگخۆشی و مەقامزانی و شیعرخوێنی"بەتایبەت وەفایی" لە كۆڕ و كۆزیلكەی عارفانەی خانەقای شەمزینان، ڕێزێكی زۆری لێگیراوە و لە گەڕەك و دەر و بازاڕ بە میرزا ناوی براوە هەروەك لە زۆر كەسی بەتەمەنی ناوچەی موكریان بیستراوە، سەعیدی ماملێ لە‌گەڵ هونەرمەند"سەیید عەلی ئەسغەری كوردستانی"١٨٨٢-١٩٣٧"، كە له ساڵی 1932دا هاتووەتە موكریان و لە باخی "میرزا شەریفی حاجی ڕەشید" بۆ خەڵكی مهاباد گۆرانی گوتووە، بەشدار بووە.
بنەماڵەی ماملێ ھەموویان لە سەرەتاوە تا ئێستا دەنگێکی پڕ جۆش و خرۆش و زوڵاڵیان ھەبووە. ھەر ئەم بۆمانەوەشە بۆتە ھۆی ئەوەی ھانی ئەم ھونەرمەندە بدات ھەر لە منداڵییەوە ھونەر بکاتە ھاوڕێی خۆی و ببێت بە یەکێک لە شۆڕەسوارانی ھونەری کوردی. یەکەم گۆرانی کە دەرگای ھونەری پێ کردەوە گۆرانی (ڕۆیی بەجێی ھێشتم)ە. ھەروەھا سەعید ماملێی باوکیشی ھەر دەنگی خۆش بووە. ڕەحمانی براشی واتە مامی محەممەد ماملێ ئەوەندە دەنگی خۆش بووە دانیشتوانی قەڵادزێ ئەوەی ھاوسێی بوون و لە دووریش دەھاتن شەویان لەلای ڕۆژ کردووەتەوە. محەممەد ماملێ لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا چەند جارێک بەند و دەست بەسەر کراوە و دوور خراوەتەوە.

ماملێ لە ساڵی ١٩٦٣ ھاتووەتە قەڵادزێ و چەند ئاھەنگێکی گێڕاوە و پاشان چووە بۆ شاری سلێمانی و سەرچنار و لەوێش چەند ئاھەنگێکی گێڕاوە. ماملێ زۆر ئاشنای خەلیلی سەددیقی و ڕەفیق چالاک بووە وە گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق و عەلی مەردان و سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و محەممەد عارف و تەحسین تەھای زۆر بە دڵ بوون. لە ھەڵبەستیشدا ھەڵبەستەکانی (وەفایی و سڵێمانی شاوەلە و مارف ئاغا و گۆران و ھەژار و ھێمن)ی لا پەسەندە و لە زۆر گۆرانیدا بەکاری ھێناون. ماملێ خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ گۆرانییە.
هەر‌چەند بنەماڵەی ماملێ بە تێكڕایی هونەرمەند و دەنگخۆش و گۆرانیبێژن، بەڵام محەمەدی ماملێ هونەرمەندێكی جیاوازتر دەركەوتووە بەبەراورد بە خێزانەكەی، كە لە دوای میرزا سەعیدی باوكی و هەروەها میرزا حوسێن"١٩١٥-١٩٥٢"ی برای، كە دەساڵێك لە خۆی گەورەتر بووه، توانی وەك بەرپرس و نوێنەری هونەریی ئەو بنەماڵەیە، بۆ ماوەی پەنجا ساڵ، مەقام و گۆرانی كوردی برەو و ڕەواج پێبدا.

حامیدی كاكیلی یەكێك لە نزیكترین دۆستانی محەمەدی ماملێ لەو بارەیەوە دەڵێ: "ناكرێ بڵێین بنەماڵەی ماملێ لە چ كاتێكەوە و لە كوێدا دەستیان پێكردووە".

ماملێ چ وەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی و چ وەك كەسایەتی هونەری، هەم لە ڕژێمی پاشایەتی"ڕەزا خان ١٩٢٥-١٩٤١"و"حەمەڕەزا پەهلەوی١٩٤١-١٩٧٩"دا و هەم لە ڕژێمی ئیسلامی ئێران لەساڵی ١٩٧٩ دا، توانی بە شێوەیەكی گونجاو، نە تەنیا ئەو لەنگەره ڕابگرێ، بەڵكو وەك هونەرمەندێكی ئازادیخواز و گەلنەواز لە ساڵی ١٩٦٨ زیندانیش بكرێت.

ماملێ لە بارودۆخێكی زۆر تایبەتیی كوردستاندا، وەك سیمبۆلی نواندنی بەشێك لە فەرهەنگی خۆڕاگری و سەرزیندوویی گەلی كورد، كە له زۆربەی گۆارانییەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
ماملێ لەماوەی‌ ٥٦ ساڵی ژیانی‌ هونەرییدا نزیكەی ٣٢٨ گۆرانی‌ تۆمار كردووە.

ماملێ لە ساڵی‌ ١٩٩٤دا دوا گۆرانی‌ تۆمار كرد، لەو ساڵەوە تووشی‌ نەخۆشییەكی‌ سەخت بوو‌ و دوای‌ پێنج ساڵ لەبەرواری ١٩٩٩/١/٢٣ بەو نەخۆشییە كۆچی‌ دواییكرد

محەمەدی ماملێ، خۆی لە بارەی میرزا سەعیدی باوكیدا گوتوویە: «بابم نەخوێندەوار بوو و لە نێو بازاڕدا دوكانێكی چكۆڵەی خوری فرۆشتنی هەبوو. ئێمە شەش كوڕ و كچێك بووین.. بابم، هەربە گشتی تایفەی ئێمە تایفەی گۆرانیبێژانە. بابم زۆربەی ئەو گۆرانییانەی كە ئەمنیش دەیانڵێمەوه، بۆ خۆی دایناون و ئاهەنگی خستوونەسەر. نەیتوانیوه سازێك لێ بدا، بۆ ئەو مەبەستە سازژەنی خۆی هەبووە. ئەو لە هەموو گۆرانییەكی زیاتر حەزی لە گۆرانی ئایینی و دڵداری بوو.
لەوانەیە كەسێك یان كەسانێك دەنگی هونەرمەندێكیان بە دڵ نەبێ، ئەوە شتێكی سروشتی یە و، ماملێش لەو دیاردەیە ئاوارتهە ناكرێ. بەڵام زۆر كەس لە سەر ئەو باوەڕەن كە ماملێ بێجگە لە كەسایەتی كۆمەڵایەتی و كوردایەتی خۆی، هونەرمەندێكی ڕەسەن و خاوەن قوتابخانەیە. هەر لە سەردەمی منداڵیمەوە لە زۆر كەسی بەتەمەنم دەبیست كە سەبارەت بە «ماملێ» دەیانگوت: (زۆر بە جێ و ڕێ گۆرانیان دەڵێ). ڕاستە، دەنگخۆشیی بەهرەیەكی خودادایی یە، بەڵام با بزانین چ شتگەلێك محەمەدی ماملێیان بەو پلەیە گەیاند و نێویان لە سەر چڵەپۆپەی هونەری مەقام و گۆرانی كوردیی نەخشاند.
شایانی باسه‌ بنه‌ماڵه‌ی ماملێ ساڵانه‌  خه‌ڵاتی ماملێ به‌ هونه‌رمه‌ندانی داهێنه‌ری كورد ،
خه‌ڵاتی ماملێ، وه‌ك هێمایه‌كی رێزلێنان له‌ هونه‌رمه‌ندی كورد، ماوه‌ی 12 ساڵه‌ چالاكه‌و له‌لایان مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ وه‌ ساڵانه‌ پێشكه‌ش به‌و هونه‌رمه‌نده‌ ماندوو و تێكۆشه‌رانه‌ ده‌كرێت كه‌ له‌ خزمه‌تكردنی هونه‌ری كوردیدا تێكۆشاون و گه‌شه‌یان پێ به‌خشیوه‌.

له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوو له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی كوردستان ، مامۆستایان هونه‌روه‌ران : قاله‌ مه‌ڕه‌ ،ئه‌ندرێریاس ئیسرائیل خه‌مۆ(باكوری) ،عه‌زیز شارووخ ، ناسر ره‌زازی ، زۆزان ، تیپی موسیقای سلێمانی ، مه‌زهه‌ر خالقی ،خه‌لیل خه‌مگین ، حوسێن سه‌فامه‌نێش ، محه‌مه‌د ڕه‌وا دارایی ئه‌و خه‌ڵاتیان پێشكه‌ش كراوه‌.


له‌ درێژه‌ی چالاكی ساڵانه‌ی مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ بۆ ده‌ستنیشانكردنی هونه‌رمه‌ندی ساڵ ، مامۆستا ڤایۆلینژه‌ن و موزسیانی گه‌وره‌ی گه‌لی كورد ، دكتۆر "دڵشاد محه‌مه‌د سه‌عید" هه‌ڵبژێردراوه‌ تا خه‌ڵاتی ماملێ بۆ ساڵی 2021 یان پێشكه‌ش بكرێ.
 

گۆرانی و مۆسیقا

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.