هه‌ژماری بانكی بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كرێته‌وه‌

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و بەدواداچوون لە ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و تیمی بایۆمه‌تری سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تاوتوێ ده‌كه‌ن.

بەپێی راگەیاندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگە کە کۆپییەکی به‌ كوردستان تیڤی گه‌یشتووه‌: ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازیكرد له‌ دكتۆر عه‌بدولكه‌ریم خه‌سرۆ، سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی هه‌ماهه‌نگی و بەدواداچوون له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و هاوكات سكرتێری لیژنه‌ی چاكسازی حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا، كه به‌رپرسی تیمی بایۆمه‌تری له‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان و نوێنه‌رانی یه‌كه‌ی حه‌فتا و هه‌شتا ئاماده‌یبوون، به‌وردی پڕۆسه‌ی بایۆمه‌تری هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ تاوتوێكرا، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆی رێكخستنه‌وه‌و كۆنتڕۆڵكردنی مووچه‌ی هێزه‌كان و سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ روونیكرده‌وه‌‌،‌ هاوپه‌یمانان به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر پرسی بایۆمه‌تری ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ دواجار ده‌بێته‌ هۆی خێراكردنی پڕۆسه‌ی چاكسازی، بۆ ئه‌مه‌ش رایگه‌یاند: پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری له‌ناو وه‌زاره‌ت كۆتایی پێهاتووه‌و لیستی ناوی هێزه‌كانی حه‌فتا و هه‌شتا ئاماده‌كراوه بۆ ئه‌وه‌ی بخرێنه‌ ژێر پرۆسه‌ی بایۆمه‌ترییه‌وه‌. ئاماژە بەوەشكراوه‌، لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا هەژماری بانکی بۆ یەک بەیەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دروستبکرێت.