فیلمە ئێرانیەكە  ئەفسانەی درۆ

فیلمەكە بەگشتی لەرووی ئامانج و سیناریۆوە مایە پووچ دەرچووە

حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
ئەوڕۆ نیە ئێران سینەما وەك كارتێكی سیاسی بەكار دێنێ‌، بۆ بڵاو كردنەوەی هزرو ئایدۆلۆژیای ئایینی و سیاسی خۆی لەرۆژهەڵات و رۆژئاواو ئەمریكادا ، چونكە پێی وایە سینەما كاریگەرترین و راستەوخۆ ترین و بەربڵاوترین فاكتەرە بۆ گەمە كردن لەگەڵ عەقلیەت و بیروباوەڕی كۆمەڵگاكان، لەپێناو سەرنج راكێشانی ئەو كۆمەڵگایانە، بەئاراستەی بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆیەوە.

تا ئێستا زۆر لەو فیلمانە بەسەرپەرشتی راستەوخۆی (خامەنەئی) بەرهەم دەهێندرێن و بودجەیەكی كراوەیان بۆ تەرخان دەكرێت، سیناریۆی فیلمەكانیش هەر لەسەر فرمانی ئەو   دادەڕێژرێن.
هەندێ‌ لەو بەرهەمانە لەشێوەی زنجیرەی تەلەفزیۆنی و فیلمی دیكۆمێنتی و فیلمی درێژن، زۆریان بە بێ‌ هیچ بەرامبەرێك دەكرێنە دیاری بۆ هەندێ‌ وڵاتی دیاری كراو، بەئامانجی رێگە خۆش كردن بۆ نمایش كردنی فیلمەكە .
دوا فیلمی دەرهێنەری ئێرانی ( فەرەجوڵڵا سەلەحشور) دوای سەركەوتنی فیلمی یوسفی راستگۆ، فیلمی ( موسا ) پێغەمبەر بوو، كە بەراسپاردەی خودی (خامەنەئی) دەست بەبەهەم هێنانی كراو بریتی بوو لە 70 ئەلقە، خامەنەئی ئامانجی بوو لەو فیلمەدا جووەكان ریسوا بكات، موسادی ئیسرائیلی كە لە ناوەرۆكی فیلمەكە گەیشت، بەپیلانێكی ژەهر دەرخواردان سەلەحشوری لە ناو برد، پێش ئەوەی فیلمەكە تەواو بكات، بەم شێوەیە پرۆژەی فیلمەكە دەستی لێ‌ هەڵگیرا.
ئەم سیاسەتەی بەكارهێنانی كارتی سینەما لەتوركیاش پیادە دەكرێ‌، بەتایبەت دژی كوردەكان، تا ئێستا بەدەیان زنجیرەی تەلەفزیۆنی توركی بۆ ناشیرین كردنی كوردو نیشاندانی وەك تیرۆرست و چەتەو رێگر بەرهەم هاتووە كەحكومەت هەموو پشتگیریەكی بۆ سەركەوتنی ئەو زنجیرانە فەراهەم كردووە.
هەموو ئەو فیلم و زنجیرە تەلەفزیۆنیانە كە به نەفەسێكی سیاسی دروست دەكرێن ، هیچ راستیەكییان تێدا نیە بەغەیرە درۆی هەڵبەستراو نەبێت بۆ شێواندن و زیندە بەچاڵ كردنی مێژوو نەبێت .
ئەو فیلمەش كە لەو ماوەیە بەبۆنەی یادی كوشتنی قاسم سلێمانیەوە لەلایەن  ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەرچووە، تێیدا وای نیشان دەدا كە كورد لەهەرێمی كوردستاندا، كاتێ‌ لە هەڵوێستە تەنگەتاوەكانی بەرامبەر بەتیرۆرستانی داعش شكستی هێناوە و پەنای بۆ هەموو دۆستەكانی خۆی بردووە و كەس بە هانایەوە نەچووە، تەنیا قاسم سلێمانی نەبێت بەفریای داخوازیەكە چووەو هەولێری لەچەنگ دوژمنان رزگار كردووە .
لە فیلمەكەدا ئێران ویستوویەتی سێ‌ ئامانج دەربخا :
1.قاسم سلێمانی وەک کاراکتەرێکی دۆست و خەمخۆری هەرێمی كوردستان و پاڵەوانێك دەربخا، كە  لەرۆژە  تەنگەتاوەكانەوە بەفریای كورد هاتووە.
2.سەرۆك بارزانی وەك رابەرو سەركردەیەكی لاواز و شكست خواردوو نمایش بكات، هەوڵی ئەوە بدات مێژووی ئەو لەكەدار بكات،
3.دەیەوێت بڵێت هەمیشە ئێران دڵسۆزی كوردە و لەهەموو وڵاتێكی تری دۆست زیاتر ، بەرژەوەندییەكانی كوردی بەلاوە گرنگە.
بەڵام فیلمەكە بەگشتی لەرووی سیناریۆو لەرووی هونەرییەوە فیلمێكی كرچ و كاڵە، چونكە  لەلایەن   لایه نیكى میدیایی و سیاسییەوە ئەنجام دراوە، ناتوانێت بەزمانی سینەما هیچ لەو ئامانجانە بپێكێنێ‌ كە بۆی دیاری كراوە، لەبەر كۆمەڵێ‌ هۆ:
1.هەڵوێستی قاسم سلێمانی بەرامبەر بەكورد پەردە پۆشی ناكرێت و هەموو تاكێكی كورد راستیەكان دەزانێ‌، بەتایبەت لەرۆژانی دوای شانزەی ئۆكتۆبەر، كورتە فیلمێكی وا لاواز ناتوانێ‌ ئەو مێژووە سەرەوگوم كات كە كێ‌ لەو رۆژانەدا فریای هەولێر كەوت و كێ‌ هێرشی بۆ هەولێر هێنا.
2.كەسایەتی مسعود بارزانی ـ كەسایەتیەكی جیهانییەو هەموو دنیای رۆژهەڵات و رۆژئاوا مێژووی سەروەرییەكانی بارزانی دەزانێ‌، ئەوەی ئێمە لە فیلمەكە بینیمان لاوازی و بودەڵەیی ئەوان دەردەخا بەرامبەر بەكەسایەتیەك كە كورد ئومێدی ئایندەی خۆی لەسەر بونیات ناوە.
ئەوەی ئێمە لەفیلمەكەدا بینیمان كۆمێدیایەك بوو بێ‌ پێكەنین، بەو عەقلیەتە لاوازە كە لە وەهمی وادا بژیت .
3.پەیوەندی ئێران بەكورد بەگشتی و بەهەرێمی كوردستانەوە بەتایبەتی لەرووی سیاسییەوە لە ژیانی رۆژانەدا دەبیندرێت ، هەموو كەس ئاگای لەو سیاسەتە هەیە كە ئێران لە رۆژهەڵاتی كوردستاندا پیادەی دەكات ، لەگەڵ هەرێمی كوردستانیش، ئەو دەست تێوەردان و گرفت و فشارانەی بەچەندین رێگا لەبەغداوە دەگیرێتە بەر دژی هەرێم بەسن،   بۆ دەرخستنی  ڕووی ئەو راستی و ناراستیانە.
بۆیە فیلمەكە بەگشتی لەرووی ئامانج و سیناریۆوە مایە پووچ دەرچووە، لەرووی تەكنیك و هونەریشەوە، تەنیا رێكلامێكی سیاسی سەقەتە .