چی له‌سه‌ر ڕوانگه‌ی ئاسمانی هه‌ولێر  (مرصد اربیل) ده‌زانیت؟

له‌دوای ڕوانگه‌ی (قوته‌یمه‌) له‌ ميسر دووه‌م ڕوانگه‌یه‌ له‌ ته‌واوی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كان دا

ئه‌و ڕوانگه‌ ئاسمانییه‌ ده‌كه‌وێته‌ چیای كوڕه‌ك، له‌ پارێزگای هه‌ولێر، له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق،له‌ ساڵی 1973 (ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر) سه‌رۆكی ئه‌وكاتی عێڕاق، بڕیاری دروستكردنی ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ی دا، به‌ هاوكاری یه‌كێتی گه‌ردووناسی نێوده‌وڵه‌تی و ڕوانگه‌ی به‌ڕیتانی و ڕوانگه‌ی ئه‌مریكی له‌ ئه‌ریزۆنیا و زانكۆی به‌غداد.

دوای لێكۆڵینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕووپێو كردنی خاك و كه‌شوهه‌وا، چیای كوڕه‌ك به‌باشترین و گونجاوترین شوێن دانرا بۆ دانانی (ڕوانگه‌ی گه‌ردوونی) له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، چونكه‌ پاكترین و باشترین كه‌شوهه‌وای هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا، له‌ ساڵێكدا 252 ڕۆژی ساماڵه‌، به‌رزی له‌ ئاستی ڕووی ده‌ریا (2127) مه‌تره‌، دووره‌ له‌ پیسبوونی كه‌شوهه‌وا و زه‌مین له‌رزه‌، به‌م شێوه‌یه‌ ناونرا، (ڕوانگه‌ی گه‌ردوونی نیشتیمانی عێراق).

ساڵی 1978 هه‌ردووك كۆمپانیای ئه‌ڵمانی (مان و كارل سایز)، هه‌ڵسان به‌ دروستكردنی بناغه‌ی دانانی هه‌ردوو گومه‌زی گه‌ردوونی و پێكهاته‌كانی و پێگه‌ی به‌كارهێنانی ئامێری ته‌لیسكۆبه‌كان.

پڕۆژه‌كه‌ پێكهاتبوو له‌:

* ته‌لیسكۆبێكی ڕادیۆیی (ده‌فری ڕادیۆیی) به‌تیره‌ی 30 مه‌تر، بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و شه‌پۆلانه‌ی له‌ گه‌ردوونه‌وه‌ دێن.

* ته‌لیسكۆبی ڕوانگه‌ی بینایی كه‌ تیره‌كه‌ی 5.3 مه‌تر بوو، بۆ ڕوانگه‌كردنی ئه‌ستێره‌كان و گه‌له‌ ئه‌ستێره‌كان، ئه‌مه‌ش له‌ ناو گومه‌زی گه‌ردوونی بوو، به‌ به‌رزی 10 مه‌تره‌ له‌سه‌ر چیاكه‌.

* ته‌لیسكۆبی ڕوانگه‌ی بینایی به‌ تیره‌ی 25.1 مه‌تر بۆ ڕوانگه‌ كردنی ئه‌ستێره‌كان.

سه‌ره‌تاكانی ساڵی 1980 رۆژانه‌ زیاتر له‌440 كرێكار كاریان تێدا كردووه‌ به‌ هاوكاری چه‌ندین كۆمپانیای گه‌وره‌ی جیهانی وه‌ك (Baresel, Epple, Krupp, Liebher Zeiss)، له‌گه‌ڵ به‌ژداریكردنی 10وڵات له‌ درووستكردنی پڕۆژه‌كه‌، ساڵی 1983 دوای ماوه‌یه‌كی زۆر كاركردن و ئاسته‌نگه‌كانی كه‌شوهه‌وا و هاتوچۆ، تواندرا ته‌لێسكۆبی یه‌كه‌م به‌سه‌ركه‌وتویی ته‌واو بكه‌ن و تاقیكردنه‌وه‌كه‌ش سه‌ركه‌وتوبوو.

له‌ گه‌رمه‌ی جه‌نگی نێوان عێڕاق و ئێراندا به‌هۆی ئه‌وه‌ی شوێنی ڕوانگه‌كه‌ له‌ سنووری ئێرانه‌وه‌ نزیكبوو، بۆیه‌ له‌ ساڵی 1983 كاركردن له‌و پڕۆژه‌ زانستییه‌ گه‌ردوونییه‌ به‌فه‌رمی وه‌ستێندرا و به‌ نیمچه‌ ته‌واوكراوی به‌جێهێڵدرا، دواتر به‌هۆی گومانی ئه‌وه‌ی عێڕاق ڕوانگه‌كه‌ بۆكاری سیخوڕی به‌كارده‌هێنێت، بۆیه‌ سوپای ئێران له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیه‌وه‌، دوو موشه‌كیان ئاڕاسته‌ی ڕوانگه‌كه‌ كرد و ته‌لێسكۆبه‌كه‌یان له‌كارخست، دواتر به‌هۆی شه‌ڕی كه‌نداو، له‌به‌ر مه‌ترسی پێكانی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكا، كۆمپانیاكان له‌ پڕۆژه‌كه‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ و كه‌ل و په‌له‌كانیش گه‌ڕێنرانه‌وه‌ بۆ به‌غدا، مخابن ئه‌و روانگه‌یه‌ش وه‌ك ته‌واوی شوێنه‌كانی تر، له‌كاتی ڕاپه‌ڕینی 1991، زیانی زۆری به‌ركه‌وت.

 شایانی باسه‌ له‌ ئێستادا پڕۆژه‌كه‌ به‌نیوه‌چڵی ماوه‌ته‌وه‌ و ته‌لبه‌ند كراوه‌، له‌لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ پاسه‌وانی ده‌كرێ، هامووشۆ كردنی قه‌ده‌غه‌یه‌،  له‌دوای ڕوانگه‌ی (قوته‌یمه‌) له‌ ميسر دووه‌م ڕوانگه‌یه‌ له‌ ته‌واوی وڵاته‌ عه‌ره‌بیه‌كاندا، چیای كوڕه‌ك خاڵی به‌هێزی رژێمه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق بووه‌، له‌ دژی شۆڕش و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانی گه‌لی كورد.

ktv

 ktv

ktv

ژێده‌ر - دۆڵاكۆ رواند