لیژنەى دارایى: پرۆژە یاساى بودجە رادەستى سەرۆکایەتى پەرلەمان كرا


لیژنه‌ی‌ دارایی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق، رێکارەکانی‌ ئامادەکردنەوەی‌ پرۆژە یاسای‌ بودجەی‌ ساڵی‌ (2021) کۆتایی‌ پێهێنا و رادەستى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى کرد.

ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ سەرچاوەیەک لە لیژنەی‌ دارایی‌ له‌ ئەنجومەنی‌ نوێنەران بە میدیاکانی‌ عێراقی‌ راگەیاندووه‌، كه‌ لیژنەی دارایی پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی ساڵی 2021ـی رادەستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد، بێ ئه‌وه‌ی دەقی تایبەت بە بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، کە حکوومەتی عیراق ڕەوانەی کردبوو ده‌ستكاری بكرێت به‌هۆی ئه‌وه‌ی هیچ رێککەوتنێکی نوێ بۆ گۆڕینی ئەو دەقە لە نێوان شاندی دانوستاندکاری هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان لە بەغدا بەدی نەهاتووە.

هه‌واڵه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ناکۆکی لە نێوان فراکسیۆنە شیعەکان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق لەبارەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2021 هه‌بوو ئه‌وه‌یش وای كرد هێشتا کۆدەنگییه‌ك لە نێوان ئەو فراکسیۆنانە لەبارەی ئەو پرسەوه‌ بەدی نەیه‌ت.