هاوپه‌یمانی فه‌تح داوا ده‌كات بڕیاری ده‌ركردنی ھێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق جێبه‌جێ بكرێت

فراكسیۆنی ھاوپه‌یمانیی فه‌تح له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت زیادكردنی ژماره‌ی ھێزه‌كانی ناتۆ له‌ عێراق، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پێویسته‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی ھێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق جێبه‌جێ بكرێت.

له‌مباره‌یه‌وه‌ عه‌باس زاملی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانییدا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ زیادكردنی ژماره‌ی ھێزه‌كانی ناتۆ له‌ عێراق، به‌كرده‌یی رووی نه‌داوه‌ و گوتی:ده‌بێت زیادكردنی ژماره‌ی ھێزه‌كانی ناتۆ له‌ عێراق، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت.

عه‌باس زاملی ئاماژه‌ی به‌وه‌یشداوه‌ كه‌ نه‌ك عێراق پێویستی به‌ ھیچ ھێزێكی بیانی نییه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی ھێزه‌ بیانییه‌كان له‌ عێراق جێبه‌جێ بكرێت.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ھه‌فته‌ی رابردوو، یانس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتیی ناتۆ، رایگه‌یاندبوو كه‌ ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانیان له‌ عێراق بۆ چوار ھه‌زار سه‌رباز زیاد ده‌كه‌ن.